سێیەمین خەونبین: سان سیمۆن

بۆچوون / بیروڕا :: 26/04/2017

نووسینی: خالید ئەلقشتینی
سەرچاوە: ئەلشەرق ئەلئەوسەت
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

كۆنت هێنری سان سیمۆن (1760-1825) سەر بە ئەرستۆكرات (خانەدان)ەكانی فرەنسا بوو. سامانێكی زۆری بە فرۆشتنی زەویی كەنیسە و بازرگانی پێوەكردنی كۆكردبووەوە. خولیا و ئاواتی زۆری لە چاكسازیی كۆمەڵگەدا هەبوو، خۆی وەك جێگرەوەی سوقرات و پێشەنگێك لە پێشەنگەكانی عەقڵانیەت وێنا دەكرد.
خزمەتكارەكەیی راسپاردبوو كە هەموو بەیانییەك بەم وشانە خەبەری بكاتەوە:"هەستە مسیۆ كۆنت، كارێكی زۆری ترسناكت لەبەردەمدایە و دەبێت ئەمڕۆ جێبەجێیان بكەیت!".
بەشداریی لە جەنگی سەربەخۆیی ئەمریكادا كردووە و كەوتووەتە ژێر كاریگەریی پرەنسیپەكانیەوە، پاشان لە میانەی شۆڕشی فرەنسیدا دەستگیریانكردووە و بۆ ماوەی ساڵێك زیندانیی بووە.
وەك ئەفلاتون، لەوباوەڕەدا بووە كە دەبێت دەسەڵات بەدەست ژیرە زیرەكەكانەوە بێت نەك بەدەست خانەدانەكانەوە. لە لووتكەیشدا دەسەڵات دەكەوێتە دەست كەسانی پیشەوەر و زاناكان، ئەوانەی كە وردترین ئامێری زانستی بەكاردێنن بۆ زانینی باشترین و بەسوودترین.
دەبێت سنوور دابنرێت بۆ جیاكاریی هەندێك بەسەر هەندێكی دیكەدا، بەجۆرێك یەكسانی لە نێو كۆمەڵدا بڵاوببێتەوە و خەڵكی بە گیانی هاوكاری و خۆشەویستیەوە كار بكەن بۆ سوودی گشت. بەمە دەگەینە دەوڵەتی پیشەسازیی مرۆڤایەتی كە هەژاریی و نەداریی تێدا نامێنێت. 
ئەوەی لێرەدا سەیرە تێبینی ئەوەدەكەین كە هەموو ئەو خەونبینانە، بەتایبەت رۆبێرت ئۆین، باوەڕیان بە گیانی هاریكاریی نێوان ئەندامانی كۆمەڵ هەبووە.
سان سیمۆن كەسێكی بڕواداربوو، كتێبێكی بەناونیشانی (مەسیحیەتی نوێ‌) دەركردووە. مەبەستی مەسیحیەتێكە كە لەگەڵ ریتمی كۆمەڵگەی نوێی پیشەسازیدا بێتەوە، بەڵام هەموو خەونەكانی بەدینەهاتن و كەس رووی تێنەكرد، تەنیا كەمینەیەكی دەستەبژێری هاوشێوەی خۆی نەبێت. رۆژێك هەوڵیدا خۆی بكوژێت كەچی لەوەیشدا سەكەوتوو نەبوو. بەڵام هەندێك لە باوەڕداران لە دەورووبەری گردبوونەوە، ئەوانەی كە كڵێسایەكی سەردەمیانەیان لە نزیك پاریس دروستكرد بۆ بڵاوكردنەوەی ئەم پرەنسیپانە.
كاتێكیش كۆچی دوایی كرد، لە باخچەی ئەو كەنیسەیەدا ناشتیان، هەموویان كراسێكی تایبەتیان لەبەركرد كە رەنگدانەوەی بیروڕا و خەونەكانی ئەو بوون، كراسێك لە رەنگی سپی و سوور و شین. سپی هێمای خۆشەویستی و سوور رەنگی كار و شینی ئاسمانییش هێمای باوەڕداری.
ئەو كراسانە بە جۆرێك دیزاین و دوورابوون كە نەدەتوانرا لەبەر بكرێت بێ‌ هاوكاریی و یارمەتیدانی كەسێكی تر، بێگومان ئەمەیش ئاماژەیەك بوو بۆ پێكەوەیی ئادەمیزاد و بەدەستهێنانی هەموو شتێك بەگیانی پێكەوەیی و هاوكاری.
دوای مردن و ناشتنیشی، ئەو خەڵكانەی پاریس كە باوەڕیان بە بیروڕاكانی هەبوو، مكوڕبوون لەسەر سەردانیكردنی گۆڕەكەی و رامان لە كارەكانی و لە رەبەنگە سۆفیگەرییەكەی.
سان سیمۆن بڕوای بە هەمان ئەو بیروڕایانە هەبووە كە ئەوانەی وەك خۆی كەسانی خەونبین بوون بڕوایان پێی بووە. وەك رۆبێرت ئۆین و فۆریێر و ئەوانەی دوای ئەوانیش وەك كۆنت تۆلستۆی. هەموویان پێیانوابووە كە كێبڕكێی سەرمایەداری و گیانی بەدەستهێنان سوودیان بۆ مرۆڤ نییە. بەڵكو هاریكاریی نێوان هاووڵاتییەكان بە گیانێكی یەكسانیەوە، كۆمەڵ دەگەیەنێت بە دەروازەی چاكە و ئاشتی و كامەرانی.
لەم گۆشەیەوە ئەو خەونبینانە پێشەنگێگ بوون لە پێشەنگەكانی سوسیالیزم. هەموویان بڕوایان بە هەوڵدان بۆ دامەزراندنی (پۆتۆپیا) هەبوو، واتا ئەو شارە نموونەییەی كە هەندێك لە فەیلەسوفە موسڵمانەكانی وەك فارابی و فەیلەسوفە خۆرئاواییەكانی وەك ئەفلاتون و تۆماس مۆر، پێشتر خەونیان پێوە بینیوە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure