ئایا ئێمە شارستانین ..؟!

بۆچوون / بیروڕا :: 26/04/2017

سەرچاوە: DW
وەرگێڕانى: شیروان شەریف

چى وا لە گەنجێکى موسڵمان دەکات ئۆتۆمبێلێک لێبخورێت و بە شێوەیەکى هەڕەمەکى رێبواران بشێلێت یان دەستڕێژى گولـلە بەنێو دانیشتوانى قاوەخانەیەکدا بکات لە وڵاتێکى رۆژئاوا و هەموویان بکوژێت لەگەڵ ئەوەى نایانناسێت و نایناسن؟ وەڵامەکە ئەوەیە ئەم گەنجە قوربانیانى رۆژئاوا بە بەرپرس لەو تاوانانە دادەنێت کە هەندێک سەربازى رۆژئاوا دژ بە موسڵمانان ئەنجامیانداوە. ئەو واى دادەنێت هەر هاووڵاتییەکى رۆژئاوا لەهەر جێگەیەک بێت بەرپرسە لە تاوانەکانى سوپاى ئەمریکا. بۆ نموونە دژ بە موسڵمانان لە ئەفغانستان یان عێراق.. ئەم جۆرە لە بیرکردنەوە کە پشتدەبەستێت بە بەرپرسیارى بەکۆمەڵ بۆ کۆمەڵێک لە خەڵک بەپێى رەگەز یان ئاین، نیشانەیە بۆ رەوشتى بێسەرەوبەرانە.

لە چەرخە سەرەتاییەکاندا مرۆڤایەتى لە قۆناغى بەرپرسیارێتى کۆمەڵدا ژیاوە، ئەگەر تاکێک لە هۆزێکدا تاوانێکى ئەنجامدابێت سزاکە رووبەڕووى کۆى تاکەکانى هۆزەکە بووەتەوە، بەهۆى دانانى بەرپرسیارێتى گشتییان لە کردەوەى هەر تاکێک لە نێویاندا، تا ئەوکاتەى مرۆڤایەتى گەشەى کرد و دەوڵەتى یاسا دامەزرێنرا کە بەرپرسیارێتى تاکى لەجێى کۆمەڵ دانا و وایلێهات هەر کەسێک بەتەنها بەرپرس دەبێت لە کردەکانى نەک کردەى ئەوانەى تر، تەنانەت ئەگەر هاوئایین و هاورەگەزیشى بن.

تیرۆر ناوەستێت ئەگەر کتێبەکانى كه‌لتورى ئیسلامى لە بنەمانى بەرپرسیارێتى کۆمەڵ پاکنەکرێنەوە کە بەداخەوە هەندێک قوتابخانەى فیقهى پێشینە پشتى پێدەبەستن. بەرپرسیارێتى بەکۆمەڵ تەنها هانى تیرۆر نادات، بەڵکو هانى رەگەزپەرستییش دەدات. ئەو گفتوگۆیەى لە رۆژئاوا دەربارەى کۆچبەرانى موسڵمان لەئارادایە، لە بنەڕەتدا رەنگدانەوەى جیاوازییە سەبارەت بە بەرپرسیارێتى موسڵمانان بەکۆمەڵ بێت یان لەسەر ئاستى تاک.. راستڕەوى توندڕەو سەرجەم موسڵمانان بە بەرپرس لەو کردەوە تیرۆرستیانە دادەنێن کە موسڵمانانى هاوشێوەیان ئەنجامیان دەدەن تەنانەت ئەگەر بەشداریش نەبووبن تیایدا، لەکاتێکدا پارتە چەپەکان و کۆمەڵەکانى بەرگرى لە مافەکانى مرۆڤ بەرگرى لە بنەماى بەرپرسیارێتى تاک دەکەن و دووپاتیدەکەنەوە موسڵمانبوونى مرۆڤ هۆکار نییە بۆ ئەوەى بەرپرس بێت لە تیرۆر بەهەر جۆرێک بێت.

بینیمان چۆن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا پشتى بە بیرۆکەى بەرپرسیارێتى بەکۆمەڵ بەست و ویستى رێگریى لە موسڵمانان بکات لە چوونە ئەمریکاوه‌ بەهۆى ئەوەى بە بەرپرسیارى ناڕاستەوخۆ لە تیرۆر دایاندەنێت، لەکاتێکدا هەڵوێستى دادگا ئەمریکییەکان روون بوو لە بەرگریکردن لە بەرپرسیارێتى تاک، بۆیە بڕیارەکانى ترامپ-یان پووچەڵکردەوە بەهۆى ئەوەى پێچەوانەیە لەگەڵ دەستورى ئەمریکا و ساناترین بنەماکانى دادپەروەرى کە رێگەدەگرێت لە هەر سزایەکى بەکۆمەڵ بەرامبەر کۆمەڵێک لە خەڵک لەسەر تاوانێک کە ئەنجامیان نەداوە.
پاش هەر کردەیەکى تیرۆرستى کە توندڕەوان لە وڵاتانى رۆژئاوا ئەنجامیدەدەن، ئەندامانى خێزانى تیرۆرستەکە دەستگیردەکرێن، بەڵام بەخێرایى ئازاددەکرێن بەهۆى ئەوەى کەمترین بەرپرسیارێتیان لەو تاوانەدا نییە کە کەسە نزیکەکەیان ئەنجامیداوە. بەرپرسیارێتى بەکۆمەڵ تەنها لەسەر تیرۆرستان و رەگەزپەرستان ناسەپێنرێت، بەڵکو لەو کۆمەڵگایانەشدا بڵاوە کە بەدەست سەرکوتکردنەوە دەناڵێنن. لەهەر گوندێکى میسر بڵاوبوونەوەى دەنگۆیەک دەربارەى ئەوەى قبتییەک بە وشەیەک سووکایەتى بە ئیسلام کردووە یان گەنجێکى قبتى سێکسى لەگەڵ کچێکى موسڵمان کردووە بەسە بۆئەوەى سەدان موسڵمان دەستبکەن بە سووتاندنى ماڵى قبتییەکان یان دەستدرێژییان بکەنەسەر.

ئەم دەستدرێژیکارە تایفییە بێسەروبەرانە، واى دەبینن کە قبتییەکان هەموویان بەرپرسن لە کردەى هەر قبتییەک.. زۆرینەى وتارى هەینى و وانە ئاینیەکان لە میسر باس لە جووله‌كه‌ دەکەن و هەموویان بە شەڕانگێز و دژ بە موسڵمان ناودەبەن و وەک بەرپرس لەو تاوانانە باسدەکرێن کە سوپاى ئیسرائیل دژ بە فەلەستینیەکان ئەنجامیان دەدەن. لەگەڵ ئەوەى میسر چەند نەوەیەک لە جووله‌كه‌میسرییەکانى بەخۆیەوە بینیوە کە بە درێژایى چەندین سەدە بەشداربوون لە ژیانى میسرییه‌كاندا وەک خۆیان، جگە لەوەى ئێستا لە رۆژئاوا کەسایەتى جووله‌كه‌ هەیە کە سیاسەتەکانى ئیسرائیل رەتدەکەنەوە وەک نوام چۆمسکى، بیرمەندى ئەمریکى، یان بەرگرى لە مافى کەمینەکان دەکەن و لەنێویشیاندا موسڵمانى وەک مایکل مۆر-ى دەرهێنەرى سینەمایى کە داگیرکاریى ئەمریکاى لەسەر عێراق رەتکردەوە و وەڵامى قەدەغەکردنەکەى ترامپ-ى دژ بە کۆچبەرانى سورى دایەوه‌ و رایگەیاند، ماڵەکەى کراوەیە بۆ هەر کۆچبەرێکى سورى و خێزانەکەى.

بیرکردنەوەى بەرپرسیارێتى بەکۆمەڵ تەنها لەنێو گەلاندا بڵاونییە، بەڵکو بووەتە بنەمایەک بۆ بیرکردنەوەى رژێمى سەرکوتکەر لە میسر. لەرێى میدیاى میسرى (کە بەتەواوى لەژێر دەسەڵاتى ئاسایشدایە) سورییە نیشتەجێبووەکانى میسر بە پشتیوانى ئیخوان تۆمەتبارکران تەنها بەهۆى ئەوەى هەندێک لە سورییەکان لەگەڵ ئیخوانەکان بەشدارییان لە مانگرتنى چوار-دا کرد وەک پشتیوانییەک بۆ مورسى-ى سەرۆکى ئیخوان، ئەم وتارە بێسەروبەرییە بووە هۆى دووبارەبوونەوەى دەستدرێژییە زاره‌كى و جەستەییەکان بۆسەر سورییە نیشتەجێبووەکان لە میسر. 
پاش وەلانانى رژێمى ئیخوان، وایلێهاتووە هەر هاوسۆزییەک بۆ ئیخوان دەبێتە هۆى دەرکردنت لە کار یان دەستگیرکردنت، تەنانەت ئەگەر هیچ تاوانێکت نەکردبێت، بەهۆى ئەوەى رژێمەکەى سیسى هەر هاوسۆزییەک لەگەڵ ئیخوان بە بەرپرس (بەرپرسیارێتى بەکۆمەڵ) دادەنێت لە کردە تیرۆرستیەکان دژ بە سوپا.

لەجیهانى عەرەبیدا زۆرجار تێکەڵى دەکرێت لەنێوان مەدەنیبوونى و شارستانیەتدا. زیادبوونى ئاستى بژێوى و باشبوونى خزمەتگوزارییەکان و بەکارهێنانى ئامێر و تەکنەلۆجیا سەردەمییەکان و بەرزبوونەوەى باڵەخانە بەرزەکان، هەموویان دەرخەرى بڵاوبوونەوەى مەدەنیبونن نەک شارستانى بوون، کە ئەمەى دواییان لە بنەڕەتدا پشت دەبەستێت بە شارستانیبوونى هەڵسوکەوت و بیرکردنەوە.

ناتوانین ببینە شارستانى ئەگەر واز لە بیرکردنەوەى بەرپرسیارێتى بەکۆمەڵ نەهێنین و لەجێى ئەوە بەرپرسیارێتى تاک نه‌بێتە تاکە رێگامان بۆ حوکمدان بەسەر خەڵکیدا، تەنها ئەوکاتە شارستانى دەبین کە پێمانوابێت هەر تاکێک بەتەنها بەرپرسە لە هەڵسوکەوتەکانى خۆى بەبێ رەچاوکردنى ئایین یان رەگەز یاخود هەڵوێستى فیکرى و سیاسى. شارستانیەت نایەتەدى بە دامەزراندنى دەوڵەتى یاسا نەبێت.
دیموکراسیەت چارەسەرە.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە