ترەمپ هەڕەشەی دووبارە مووشەكبارانكردنی سوریا دەكات

بۆچوون / بیروڕا :: 25/04/2017

سەرچاوە: رەئی ئەلیەوم
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

 
رۆژی دوو شەممە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بێئومێدیی خۆی لەوە راگەیاند كە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەیتوانیوە كاردانەوەی هەبێت بەرامبەر هێرشە كیمیاوییەكەی شارۆچكەی خان شێخون لە سوریا، هەروەك لەمیانەی رێوڕەسمێكی نانخواردندا لەگەڵ باڵیۆزانی وڵاتانی ئەندام، داوای لە ئەنجومەنەكەیش كرد سزای تازە بەسەر كۆریای باكوردا بسەپێنن چونكە تاقیكردنەوە ئەتۆمیەكانی و پەرەپێدانی مووشەكە بالیستیەكانی كێشەیەكی گەورەی جیهانە و دەبێت چارەسەر بكرێت.
با لەمكاتەدا واز لە كۆریای باكور بێنین و بیخەینەلاوە و تەركیزمان لەسەر سوریا و تاوانی چەكی ئەتۆمی بێت كە ئێستا بووەتە بابەتێكی جێی مشتومڕ بە هۆی ئەنجامنەدانی هیچ لێكۆڵینەوەیەكی بێلایەنانەی نێودەوڵەتی بۆ دیاریكردنی ئەو لایەنەی كە لێی بەرپرسە.
سەرەتا نازانین سەرۆك ترەمپ چیی دەوێت لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تا وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر ئەو تاوانە بیكات، بەتایبەت دوای ئەوەی كە خۆی تاكلایەنە رێوشوێنی گرتەبەر و بنكەی ئاسمانیی شعێرات-ی سوریای بە 59 مووشەكی تۆماهۆك بۆردوومان كرد بێئەوەی هیچ رێپێدانێك لە ئەنجومەنی ئاساییش وەربگرێت، یاخود چاوەڕێی دەرچوونی بڕیارێكی بێت بۆ دیاریكردنی لایەنی بەرپرس و دەستنیشانكردنی ناسنامەی.
ئەم قسەیەی ترەمپ مایەی نیگەرانییە، چونكە ئەوەمان بیردێنێتەوە كە خاتوو نیكی هیلی-ی نوێنەری لە نەتەوەیەكگرتووەكان وتی، وڵاتەكەی لێدانی تر ئاراستەی سوریا دەكات ئەگەر ئەنجومەنی ئاسایش بەرپرسیارێتیی خۆی جێبەجێ‌ نەكات.
ئەوەی كە پاڵنەریشمانە بۆ ئەم رایەمان، بوونی ترسی هاوشێوەیە لای سەركردایەتی روسیا، ئەوە بوو میخائیل ئۆلیانۆڤ بەڕێوەبەری بەشی بڵاونەبوونەوە و چاودێریی لەسەر چەكداكردن لە وەزارەتی دەرەوەی روسیا، بە دووری نەزانی كە بەم نزیكانە نواندنگەلی دیكەی لەمجۆرە (واتا بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی) لە ریف دیمەشق یان هەر ناوچەیەكی سوریا رووبدات، جەختیشی كردەوە هیچ بەڵگەیەك نییە لەسەر ئەوەی دەسەڵاتدارانی سوریا، تەنانەت یەك كیلۆگرام مادەی كیمیاوییان شاردبێتەوە دوای ئەوەی ئەمبارەكانی بە سەرپەرشتیی شارەزایانی نێودەوڵەتی لەناوبرد.
سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیایش وتی، وڵاتەكەی هێشتا بە ئومێدی ئەوەیە رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیاوی، شارەزایان و لیژنەی بێلایەنی لێكۆڵینەوە بنێرێت بۆ خان شێخون و فڕۆكەخانەی سەربازیی شعێرات بۆ ئەوەی دەست بكەن بە لێكۆڵینەوەكردن، بۆ ئەمەیش دڵنیایی فراوانی جوگرافی دەدرێتە شارەزاكان و سوپای سوریایش ئامادەی راگرتنی پرۆسە سەربازییەكانیەتی بۆ ئاسنكاریی ئەركەكانیان. 
سەرۆك ترەمپ ناتوانێت بە مووشەك لە كۆریای باكور بدات، كە هەڕەشەی هێرشی پێوەختی كردووە بۆ تێكشكاندنی فڕۆكەهەڵگری كارل ڤینسۆن-ی ئەمریكی، ئەو فڕۆكەهەڵگرەی لەگەڵ كۆمەڵێك كەشتیی جەنگیی دا هێشتا بەڕێوەیە بۆ گەیشتنی بە ئاوە ئیقلیمیەكان و هەروەها لێدانی كۆریای باشور بەچەكی ئەتۆمی ئەگەر وڵاتەكەی هێرشی بكرێتەسەر. بەڵام لەبەرامبە ر سوریادا رەنگە (شێرەبێت) و سەرلەنوێ‌ دەیان مووشەكی تر بنێت بە ئامانجە سەربازیەكانیەوە، چونكە دەزانێت ئەگەری كاردانەوەی سوریا لاوازە، ئەگەر هەر هەیشبێت.
بەدووری نازانین هەڵوێستەكەی ئەمجارەی جیاوازبێت لە جارەكەی پێشووی، واتا ئەگەر سەرۆكی ئەمریكا هەوڵی ئاراستەكردنی مووشەكی دیكە بدات. كە بەپێی چەندین راپۆرتی سەربازیی نزیكەی 36 مووشەكیان نەگەیشتوونەتە ئامانجەكانیان لە فڕۆكەخانەی شعێرات كە لەڕۆژی دواتردا دەستی كردەوە بەكار، ئەگەری ئەوەیش باسكرا كە بە مووشەكی روسی یان سوریی لەجۆری ئێكس 300 وەڵام بدرێتەوە.
رەنگە هەندێك كەس بڵێن بۆردوومانە مووشەكیەكەی سەر بنكەی هەوایی شعێرات لە پارێزگای حمس، زیانێكی زۆری مادیی نەبووبێت بەڵام ئامانجگەلی سیاسیی هەبووە، لەوانە كشانەوەی ئەمریكا لە هەر هاوبەشییەك لەگەڵ سەرۆكی سوریا و حكومەتەكەیدا، بە دژایەتیكردنی (دەوڵەتی ئیسلامی) و هێزەكانی دیكەیشەوە، هەروەها لێكگەیشتنەكانیشی لەگەڵ روسیا لە سوریادا كۆتایی پێهێنابێت، بەڵام ئەم ئامانجە سیاسیانە رەنگە دەرەنجامی تەواو پێچەوانەیان هەبێت و سەركردایەتی روسیا والێبكەن كە هەمئاهەنگیی سیاسی و سەربازییش لەگەڵ ئەمریكادا بكات بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سوریا. 
سەركردایەتیی كۆریای باكور رووبەڕووی سەرۆك ترەمپ وەستایەوە و دوودڵییەكانی و هەڕەشە بێناوەرۆكەكانی ئاشكرا كرد، ئەوەیش لەڕێی دەربڕینی ئامادەیی بۆ ئەوەی لەبری بەرگریی لەخۆكردن هێرشی پێشوەختە بكات و هەڕەشەی ئەوەیشی كرد كە وەك خۆی وەڵامی هەر هێرشێكی ئەتۆمیی یاخود تەقلیدیی ئەمریكا دەداتەوە. نابێت ئەوەیشمان لەبیربچێت كە چین و روسیا دوو دیارترین هاوپەیمانی ئەون، خۆ ئەگەر روسیا نەتوانێت یاخود نەیەوێت وەڵامی مووشەكە ئەمریكیەكان لە سوریا بداتەوە، لەوانەیە ئەو وەڵامدانەوەیەی هێشتبێتەوە بۆ هاوپەیمانە كۆرییەكەی ئەگەر پێویستی كرد.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure