سفر كێشە

بۆچوون / بیروڕا :: 24/04/2017

نووسینی: یوسف كانلی
سەرچاوە: حوڕییەت
وەرگێڕان: د. شێركۆ عەبدوڵـڵا
ئایا هیچ كەس دروشمی (سفر كێشە لەگەڵ دراوسێكاندا) ی لەبیرماوە كە دروشمی ئەحمەد داودئۆغڵو-ی سەرەك وەزیرانی توركیا بوو؟ لە ڕاستیدا وا پێدەچێت كە چەندین سەدە تێپەڕیوە لەوەتەی داودئۆغڵو لە لاپەڕەی یەكەمی میدیای توركیادا دیار نەماوە، هەرچەندە ئەو لە مانگی مایسی ساڵی رابردوودا لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان-ەوە بەركەنار كرا، واتا ساڵێك كەمترە كە لە سەر كار لابراوە. دروشمەكەش وەك خودی داودئۆغڵو بە جۆرێك دیار نەما كە ئێستا هیچ كەسێك باسی ئەو ئامانجە خەیاڵییە ناكات، بەڵكو حكومەتی توركیا بووە بە وڵاتێك كە ناكۆكە لەگەڵ هەموو كەسێكدا، تەنانەت لەگەڵ نیوەی دانیشتوانەكەی خۆیشیدا.
(سفر كێشە لەگەڵ هاوسێكاندا) بێگومان مەسەلەیەكی كردەنی نەبوو كە كەس بتوانێت بەدییبێنێت. لە گفتوگۆ تایبەتەكاندا، سلێمان دیمریل ستایشی دادودئۆغڵو-ی كرد سەبارەت بەو (ئامانجە پیرۆزە)، بەڵام جەختی لەوەدەكردەوە كە تێناگات ئاخۆ داودئۆغڵو مەبەستیەتی توركیا رادەست ببێت و هەموو داواكاریەكانی هاوسێكانی قبووڵ بكات یاخود نەخشەی داڕشتووە هەموو وڵاتە دراوسێكان داگیربكات و لەو رێگەیەوە بگاتە حاڵەتێك كە هیچ كێشەیەكی لەگەڵ كەسیاندا نەمێنێت. لەبەرئەوەی حكومەتی هەموو وڵاتێك ئەركەكەی ئەوەیە بەرگریی بكات لە بەرژەوەندییەكانی خەڵكەكەی وڵاتەكەی پێشئەوەی هیچ سۆز و تێگەیشتنێك نیشان بدات بەرامبەر بە داواكاریی هاوسێكانی، كەواتە ئایا دەكرێت گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان ئەو وڵاتانەدا نەهێڵدرێت كە كارلێك و پەیوەندیی گرژ و ئاڵۆزیان لەگەڵ یەكتریدا هەیە؟ شتێكی سروشتیە كە رەنگە توركیا هیچ كێشەیەكی  دوولایەنەی نەبێت  بۆ نموونە لەگەڵ وڵاتی ئیكوادۆردا، بەڵام ئایا رێی تێدەچێت هیچ كێشەیەكی نەبێت لەگەڵ هیچ دراوسێیەكیدا؟
رەنگە توركیا كێشەی پێشێلكردنی سنووری ئاسمانیی نەبێت لەگەڵ ئەفریقای باشوردا. هەروەها رەنگە هیچ مشتومڕێكی نەبێت لەسەر مەسەلە سنووریەكان لەگەڵ كەنەدادا. كۆڵۆمبیا و بۆتسوانا ناتوانن توركیا تۆمەتبار بكەن بەوەی كە ئاوی رووباری فورات-یان لێ‌ دەگرێتەوە و رووبەڕووی كێشەی بێئاوییان دەكات.... بەڵام توركیا زۆرجار وای رادەگەیەنێت كە هاوپەیمانە خۆرئاواییەكانی ئەنقەرە، پشتیوانی لەو تیرۆریستانە دەكەن كە دژی دەوڵەتی توركیا چالاكیی دەنوێنن. هەندێ‌ جار رەنگە دوورتریش بڕوات و هاوپەیمانەكانی تۆمەتبار بكات بەوەی كە چەك و پێداویستیی تر بۆ ئەو تیرۆریستانە دابیندەكەن كە ئامانجی دوژمنكارانەیان هەیە بەرامبەر توركیا. هێشتا تیرۆریستە جوداییخوازەكان خاكی وڵاتانی دراوسێی توركیا دەكەنە پێگە بۆ هێرشەكانیان لە دژی توركیا و  مەشقپێكردنی ئەندامەكانیان.
لەبەرئەوە گەوجانەیە چاوەڕوان بین ستراتیژی (سفر كێشە لەگەڵ دراوسێكاندا) بێتەدی، بەتایبەت لە سەردەمی خەیاڵپڵاوییە سەلەفییە عوسمانیەكەی حكومەتی توركیا كە سەرقاڵی ئەوەیە رۆڵی برا گەورە ببینێت لە نەخشە جیهانیەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە و باكوری ئەفریقادا. ئایا كەس بیری ماوە كە توركیا هاوبەشێكی گەورەی ئەو پرۆژەیە بوو؟ ئایا توركیا نەبوو كە بەشداریی كرد لە دەستپێكردنی ئەوەی  پێیدەوترێت بەهاری عەرەبی و وڵاتە دراوسێ‌ عەرەبەكانی كرد بە دۆزەخ؟.
ئێستا دەركەوتووە باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووی ئەمریكا یەكێك بوو لەوانەی سەرۆك ئەردۆغان-یان خەڵەتاند. ئایا كەس ماوە ئەردۆغان-ی نەخەڵەتاندبێت؟ نەخێر؟ هەر لە فەتحوڵـڵا گولەن-ەوە كە دۆستێكی ئیسلامیی نزیكی حكومەت بوو هەتا باڵی سیاسیی پەكەكە و میانڕەوەكان و ...هتد. هەموویان سەرۆكی توركیایان خەڵەتاندووە، كەچی هەر خۆی تاقە بڕیاردەر و جێبەجێكار و یاساداڕێژەر و حاكمی رەهای وڵاتە.
ئەمڕۆ نەك تەنیا توركیا هیچ دراوسێیەكی دۆستی نەماوە، بەڵكو زۆر بەخێرایی ئەنقەرە خەریكە هاوپەیمانەكانیشی دەگۆڕێت بە شتێك كە بیری لێنەكراوەتەوە. ئەڵمانیا و نەمسا و دانیمارك و هۆڵەندا و زۆر هاوپەیمانی تری ئەوروپی ئەمڕۆ لە ناو لیستی ئەو وڵاتانەدان كە توركیا بە كێشەدروستكەریان دەزانێت. بەهەمان شێوەیش دامەزراوە ئەوروپاییەكان بوونەتە رێكخراوگەلێكی بێزراو. بۆ نموونە رێكخراوی ئاسایشی هاوكاریی لە ئەوروپا، بووەتە رێكخراوێك كە راپۆرتی دوژمنكارانە دەنێرێت بۆ ریفۆرمەكەی 16ی نیسان و هەڵوێست بەرامبەر داواكارییەكەی توركیا وەردەگرێت. ئەنجومەنی ئەورپایش بەوە تۆمەتباركراوە كە تیرۆریستان دەحەوێنێتەوە. یەكێتی ئەوروپا هەمیشە وەك رێكخراوێكی قێزەون تەماشاكراوە كە ناپاكیی دەنووێنێت دەرهەق بە توركیا و نیو سەدەیە توركیای لە ژووری چاوەڕوانیدا ئەوق كردووە. رەنگە ئێستا توركیا شوێن پێی بریتانیا هەڵبگرێت و بەرلەوەی بچێتە یەكێتی ئەوروپاوە لێی دەربچێت. كێ‌ چوزانێت؟ دوور نییە سبەینێ‌ هێرش بكاتە سەر پەیمانی ناتۆ و بە دژە توركی لەقەڵەمبدات.
بەڵام بێگومان توركیا هەمیشە لەسەر هەقە و لە منداڵی ساوا بێتاوانترە. هەموو لایەك هەڵەیە بێجگە لە توركیا وەك پەندەكە دەڵێت لە ئاوی شەو پاكترە.

نوێترین نوسینەکان


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure