ئەو وەرچەرخانەی روویداوە

بۆچوون / بیروڕا :: 23/04/2017

سەرچاوە: ئەلشەرق ئەلئەوسەت
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

خراپترین شتێك كە تووشی كەس یان گەل یان نەتەوەیەك ببێت ئەوەیە هەست بە ترس بكات. فرەنسایش كە ئەمڕۆ دەچێتە هەڵبژاردنی سەرۆكێكی تازەیەوە، نەتەوەیەكە گرفتاری ترسە. سەرۆك لە فرەنسا، كە هەندێك جار سەركردەیشە، تەنیا كەسێك نییە سەركەوێت و ماوەكەی خۆی یان دوو خولی مانەوەی بەسەرببات و بڕوات. لێرەدا زۆرجار سیمبولی یەكێتی نیشتمانی یاخود هۆكاری بەشبەشبوونیەتی. هاووڵاتیی فرەنسی وەك بریتانی و ئەڵمانیی هاوسێی نییە دەنگبدات و ئیتر كاروبارەكان بۆ سەرۆك جێبێڵێت و پاشان لە كاتی هەڵبژاردنی داهاتوودا لێپرسینەوەی لەگەڵ بكات. فرەنسی هەموو رۆژێك (دەفتەری لێپرسینەوە)ی پێیە و بەلایەوە خۆپیشاندانی ناڕەزایی وەك گەشتێك بۆ دەرەوەی نووسینگەكەی وایە.

بەڵام لەمجارەیدا دەترسێت و تەنانەت دۆشداماوە. لەوكاتەوەی نیكۆلا ساركۆزی لە ساڵی 2007 دا هەڵبژێردرا، فرەنسا پەشێو و نائارامە و سەرۆك (سەركردە) نییە. ئەم دەوڵەتە گەورەیەی كە لە قۆناغێكدا ئیمپراتۆریەت بووە، تیرۆر هەڕەشەی لێدەكات زیاتر لەوەی كە بریتانیا یان ئەڵمانیای تۆقاندووە.

ترسەكە تەنیا بۆ قوربانیانی سەر شانۆكان یاخود سەر كەناراوەكان نییە، بەڵكو ترس لە ئەنجامەكانی تیرۆرە لەسەر دەسەڵات، بەتایبەت لە گەیشتنی مەدام لوپان-دا بۆ ئەلیزیێ‌، چونكە ئەمە دەبێتە هۆی دابەشبوونێكی مەترسیدار و ترسناكی نیشتمانی. راستە مارین لوپان هەندێك جار دروشمەكانی ناپلیۆن یان دیگۆل دەڵێتەوە، بەڵام لە ناخدا سەركردەیەكی (لۆكاڵی)ی توندڕەوە و سڵناكاتەوە لە سیاسەتێك كە رەنگە وڵاتەكە دوولەت بكات.

نیو سەدەم لە رووماڵكردنی شەڕی سیاسیی فرەنسادا بەسەربردووە، ئەمجارە هەست بەوە دەكەم كە ترسێكی بێدەنگ دەروونەكانی داپۆشیوە. (كۆماری پێنجەم) لەگەڵ دیگۆل لە 17 ی ئایاری 1958 دەستیپێكرد، پاشان بۆ جۆرج بۆمبیدۆ-ی سەرەك وەزیرانی و دواتریش ڤالێری جیسكار دیتسان-ی وزیری درەوشاوەی دارایی و ئابوریی كە یەكەم سەرۆكی سوسیالیستیی، فرانسوا میتران-ی بەدوادا هات و دواتریش دیگۆلیەكان لەگەڵ ژاك شیراك-دا گەڕانەوە. 

لەگەڵ ساركۆزی-دا لەرینەوەیەك لە وێنەی ئەلیزیێ‌ روویدا و لە ئەنجامدا وێنەی كۆماری پێنجەم لەرزی. سەرەڕای دەستكەوتەكانی لە كاروبارگەلێكی زۆردا و بە تایبەت لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا، بەڵام وێنەی سەرۆك فرانسوا هۆڵاند بە پەشۆكاوی مایەوە، هەواڵەكانی ئەو عاشقە دایپۆشی كە دوای نیوەشەو بە سواریی ماتۆڕێك دەچێت بۆلای دڵبەرەكەی. 

ئەمە (نوێگەری) نییە كە فرەنسیەكان بۆی بەپەرۆشن. لەهەر حاڵێكدا، ئەوان لەو جۆرەن كە بەزەحمەت رازیدەكرێن. ساڵی 2014 جیسكار دیستان وتی"ئەگەر راستیی بە فرەنسیەكان بڵێیت، بەدڵنیاییەوە دەبەزیت". هەروەها دەڵێت خەڵكی تا ئێستایش لەوباوەڕەدایە دەتوانێت وەك پێش سەد ساڵ لەمەوبەر بژی بێ‌ ئەوەی حساب بۆ ئەو وەرچەرخانە بكات كە روویداوە. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure