ئه‌ردۆغان یارى به‌ چاره‌نووسى توركیا ده‌كات

بۆچوون / بیروڕا :: 22/04/2017

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

راپرسیه‌كه‌ى هه‌مواركردنى ده‌ستور له‌ توركیا، قه‌یرانێكى ناوه‌ته‌وه‌ هێشتا كۆتایى نه‌هاتووه‌. سه‌رانى پارته‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌كان و چاودێره‌كانى یه‌كێتى ئه‌وروپا مكوڕن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ ساخته‌ یان پێشێلكاریى له‌ راپرسیه‌كه‌دا كراوه‌، سه‌ره‌ڕاى پێداگریى لیژنه‌ى راپرسیى سه‌ر به‌ ئه‌ردۆغان له‌سه‌ر دروستیى ئه‌نجامه‌كان. ئۆپۆزیسیۆنى توركیایش رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ئاڵنگاریى ئه‌نجامه‌كانى راپرسیه‌كه‌ ده‌بێته‌وه‌ له‌ پارله‌مان یاخود له‌ دادگاكاندا و ئه‌ردۆغان-یش له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ دادگاكان پشتگیریى ده‌كه‌ن. 

ئه‌نجامى فه‌رمیى راپرسیه‌كه‌ ره‌زامه‌ندیى 51،4% بۆ هه‌مواركردنى ده‌ستور و ناڕه‌زایى 48،5% بوو. حكومه‌تى توركیا سه‌رپه‌رشتیى راپرسیه‌كه‌ى كردووه‌ و راپۆرتى چاودێره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانیش ده‌ڵێت هه‌لى ده‌نگدان وه‌ك یه‌ك و هاوسه‌نگ نه‌بووه‌، چونكه‌ لایه‌نێك زاڵ بووه‌ به‌سه‌ر راپرسیه‌كه‌دا و كۆتوبه‌ندى به‌سه‌ر میدیادا سه‌پاندووه‌ و تواناى خه‌ڵكێكى زۆرى سنوورداركردووه‌ بۆ گه‌یشتنیان به‌ ناوه‌نده‌كانى ده‌نگدان. ئه‌وه‌یشم خوێنده‌وه‌ كه‌ ئه‌نجامى راپرسیه‌كه‌ دیموكراسیه‌تى له‌ توركیادا كوشت و ده‌سه‌ڵاتێكى دیكتاتۆریانه‌ى دایه‌ ئه‌ردۆغان، بۆیه‌ ئه‌و پێیوایه‌ كه‌ مافى خۆیه‌تى به‌رامبه‌ر نه‌یاره‌كانى توند و به‌ زه‌بروزه‌نگ بێت.

ئه‌ردۆغان ده‌ڵێت 25 ملیۆن كه‌س ده‌نگیان له‌گه‌ڵ هه‌مواركردنى ده‌ستور بووه‌ و وایده‌بینێت كه‌ مۆڵه‌تى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ توركیا ئاراسته‌ بكات هه‌رچۆنێكى بووێت، به‌ گێڕانه‌وه‌ى سزاى ئیعدامیشه‌وه‌، ئه‌گه‌رچى یه‌كێتى ئه‌وروپا هه‌ڕه‌شه‌ى ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ گێڕانه‌وه‌ى سزاى ئیعدام له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى داواى توركیایه‌ بۆ چوونه‌ڕیزى یه‌كێتى ئه‌ورپاوه‌.

تێبینى ئه‌وه‌م كرد دۆناڵد تره‌مپ تاقه‌ سه‌ركرده‌ى خۆرئاوایى بوو كه‌ پیرۆزبایى بۆ ئه‌ردۆغان نارد به‌ بۆنه‌ى سه‌ركه‌وتنى له‌ راپرسیه‌كه‌دا. ئه‌وه‌یش راگه‌یه‌نرا كه‌ ئه‌ردۆغان له‌ مانگى داهاتوودا سه‌ردانى واشنتۆن ده‌كات. ڤلادیمێر پوتین سه‌رۆكى روسیایش پیرۆزبایى له‌ ئه‌ردۆغان كرد. له‌ قسه‌كردن ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى كه‌ راپرسیه‌كه‌ دیموكراسیه‌تى له‌ توركیادا (كوشت)، هه‌ڵه‌یه‌ك یان زیاده‌ڕۆییه‌ك ده‌بینم، چونكه‌ دیموكراتى له‌ توركیادا له‌و كاته‌وه‌ى ئه‌ردۆغان هاتووه‌ته‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات گیرۆده‌یه‌، گیرۆده‌ییه‌كه‌یشى زیاتر بوو له‌ دواى هه‌وڵى كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌ى 15/7/2016 وه‌. 113 هه‌زار كه‌س ده‌ستگیركران، له‌وانه‌ 2 هه‌زار و 575 كه‌سیان دادوه‌ر و داواكارى گشتیى بوون، 125 كه‌سیش له‌ كاره‌كانیان ده‌ركران، 177 دامه‌زراوه‌ى میدیا داخران و دواتر 11 یانى كردنه‌وه‌، هه‌روه‌ها دوو هه‌زار قوتابخانه‌ و زانكۆ و خانه‌ى خوێندكار داخران و 131 رۆژنامه‌نووسیش به‌ند كران. 

ئه‌ردۆغان وه‌ك (سوڵتان)ى نوێ ناده‌برێت، ئه‌م تۆمه‌ته‌یش له‌ راستییه‌وه‌ دوور نییه‌، چونكه‌ ئه‌و بڕاریداوه‌ سه‌ربكه‌وێت سه‌ره‌ڕاى نزیكیى ئه‌نجامه‌كان و سه‌رپێچییه‌ زۆره‌كانى پرۆسه‌ى ده‌نگدانه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌ (به‌ڵێ) بكه‌وێته‌وه‌. ئه‌و گوێ به‌وه‌نادات كه‌ زۆرینه‌ى ئه‌ستانبوڵ و ئه‌نقه‌ره‌ و ئیزمیر، واتا گه‌وره‌ترین شاره‌كانى توركیا، له‌دژى هه‌مواركردنه‌ ده‌ستوریه‌كه‌ ده‌نگییانداوه‌، وه‌ك ئه‌وان شارۆچكه‌ و گونده‌كانى ناوچه‌ كوردیه‌كانیش. 

ده‌ترسم توندیه‌كه‌ى ئه‌ردۆغان به‌سه‌ر هه‌موو توركه‌كاندا بشكێته‌وه‌، وڵاته‌كه‌ رووبه‌ڕووى شه‌پۆلێكى به‌رده‌وامى تیرۆر بووه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵ پارتى كرێكارانى كوردستان له‌ جه‌نگدایه‌، هێزى توركیا له‌ناو سوریادایه‌ بۆ شه‌ڕى داعش و تیرۆریسته‌كانى تریش. هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌كاتێكدان كه‌ ئابوریى توركیا، دواى ماوه‌یه‌ك له‌ په‌ره‌سه‌ندنێكى بێوێنه‌ كه‌ له‌ ده‌ستپێكى سه‌ركه‌وتنى پارتى دادوگه‌شه‌پێدان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا هاته‌ئاراوه‌، گیرۆده‌ بووه‌.

واینابینم كه‌ ئه‌وروپا كارى له‌پێشینه‌ى ئه‌ردۆغان بێت، چونكه‌ ئه‌و داواى راپرسیى كردووه‌ بۆ كشانه‌وه‌ى داواكاریى به‌ئه‌ندامبوونى له‌ یه‌كێتى ئه‌وروپا و ته‌ركیزى له‌سه‌ر لاوازكردنى ئۆپۆزیسیۆنه‌. ئامرازه‌كانیشى له‌ یاسا تێپه‌ڕیوون وه‌ك ئه‌وه‌ى راپرسیه‌كه‌. كێشه‌ى ئۆپۆزیسیۆنیش له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى سه‌رۆكى توركیادا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یه‌كگرتوو نین، پارتى سه‌ره‌كییان پارتى گه‌لى كۆمارى-یه‌ كه‌ كه‌مال كیلیجدار ئۆغلو سه‌رۆكایه‌تیى ده‌كات. هه‌رچى پارتى دیموكراتى گه‌لان-یشه‌، پارتى كورده‌كانى توركیا، ئه‌وا ئه‌ردۆغان دوان له‌ دیارترین سه‌ركرده‌كانى گرتوون.

توركیا ده‌وڵه‌تێكى نیمچه‌ دیموكراتى بوو هه‌تا هاتنى پارتى دادوگه‌شه‌پێدان بۆ ده‌سه‌ڵات له‌ ساڵى 2002 دا. ئه‌ردۆغان كارى بۆ ئه‌وه‌كرد كه‌ رۆژ به‌ڕۆژ ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌ پارله‌مان داماڵێت و دادگا بخاته‌ ژێر ئیراده‌ى خۆیه‌وه‌، تا وایلێهات شتێك له‌ دیمه‌نه‌ دیموكراتیه‌كانى جارانى تێدا نه‌مایه‌وه‌.

ره‌نگه‌ رۆژێك بێت ئه‌ردۆغان ئه‌وه‌ بزانێت كه‌ ناتوانێت جیهان له‌سه‌ر پێوه‌رى تایبه‌تى خۆى (ببڕێت)، به‌ڵام ترسى ئه‌وه‌م هه‌یه‌، پێش ئه‌وه‌ى سه‌رۆك چاكببێته‌وه‌ یان له‌كاربخرێت، هاووڵاتیى توركیا باجى ته‌ماحه‌كانى ئه‌ردۆغان بدات، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم باجى له‌خۆباییبوونه‌كانى.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure