ئه‌نفلۆنزاى زانیاریى

بۆچوون / بیروڕا :: 19/04/2017

سه‌رچاوه‌: ئه‌لسه‌باح ئه‌لجه‌دید
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

كه‌ مناڵ بووین مامۆستا له‌ قوتابخانه‌ چیرۆكى ئه‌و شوانه‌ى بۆ ده‌گێڕاینه‌وه‌ كه‌ هاوارى ده‌كرد و داواى له‌ خه‌ڵكى گونده‌كه‌ ده‌كرد به‌هانایه‌وه‌ بچن و فریاى بكه‌ون چونكه‌ گورگ له‌ رانه‌ مه‌ڕه‌كه‌یى داوه‌، وه‌ختێكیش خه‌ڵكى گونده‌كه‌ رایانده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ى یارمه‌تیى بده‌ن، بۆیان ئاشكراده‌بوو كه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ گاڵته‌ بووه‌، یان شۆخیكردنێك بووه‌ له‌ شوانه‌كه‌وه‌، به‌ڵام كاتێك به‌ ڕاستى گورگ كه‌وته‌ مه‌ڕه‌كانى، كه‌س به‌ ده‌نگیه‌وه‌ نه‌چوو و باوه‌ڕیان نه‌كرد به‌ هاوار و داواى به‌هاناوه‌چوونى، چونكه‌ لێیڕاهاتبوون و باوه‌ڕیان پێى نه‌مابوو و به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان تووشى ئه‌نفلۆنزاى زانیارییه‌كان بووبوون له‌ به‌رامبه‌ریدا.

ئه‌م چیرۆكه‌م له‌كاتێكدا بیرهاته‌وه‌ كه‌ به‌ دواى هه‌واڵى ئه‌وه‌وه‌بووم، چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر بزووێنه‌رى زه‌به‌لاحى گۆگڵ تایبه‌تمه‌ندییه‌كى داناوه‌ بۆ به‌دواداچوونى هه‌واڵى ناڕاست، ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ى كه‌ گۆگڵ كردوویه‌تى، یه‌كه‌م هه‌وڵدانى له‌مجۆره‌ نییه‌ له‌ تۆڕى ئینته‌رنێتدا، پێشتریش هه‌وڵى دیكه‌ هه‌بوون بۆ سنوورداركردنى بڵاوبوونه‌وه‌ى ئه‌م دیارده‌یه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ راستگۆیی و كاریگه‌رێتیى میدیا و وه‌رگرى زانیاریى ده‌كات له‌ جیهاندا، به‌و ئیعتیباره‌ى كه‌ راستگۆیى باشترین پێوه‌رى كوالیتیى به‌رهه‌مى میدیاییه‌ و له‌پێش به‌ها هه‌واڵیه‌كانه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌لاى هه‌موو نیوز-روومه‌ په‌سه‌نده‌كانى جیهانه‌وه‌ پیرۆزه‌. 
 
به‌ڵام به‌ره‌وپێشچوونى زۆر له‌ ئامرازه‌كانى په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و تۆڕى ئینته‌رنێت و جه‌ورى میدیاى ئه‌لیكترۆنى به‌سه‌ر ئامرازه‌كانى دیكه‌ى راگه‌یاندنه‌وه‌، بنه‌ماكانى كارى رۆژنامه‌وانى-یان گۆڕیوه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیى رۆژنامه‌وانیى هاووڵاتى له‌ زۆربه‌ى حاڵه‌ته‌كاندا، وایكردووه‌ زۆربه‌ى ئامرازه‌كانى راگه‌یاندن پشتببه‌ستن به‌ واڵى پێگه‌كانى تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان وه‌ك سه‌رچاوه‌ى زانیارییه‌كان، به‌مه‌یش پرۆسێسه‌كانى بره‌وى ده‌نگۆ و كڕین و فرۆشتنى درۆ و ده‌له‌سه‌كان په‌ره‌یانسه‌ند.

كوالیتیى زانیاریى له‌به‌رده‌م مه‌ترسیى راسته‌قینه‌دایه‌ و وه‌رگرى تووشى حاڵه‌تێك كردووه‌ كه‌ ده‌كرێت ناوى بنێین (ئه‌نفلۆنزاى زانیاریى) كه‌ بریتیه‌ له‌ بێتوانایى له‌سه‌ر به‌ڕاستزانینى هه‌موو ئه‌وانه‌ى ده‌وترێن، ئه‌مه‌یش دواى چه‌ندین ئه‌زموون و تاقیكردنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مى میدیایدا كه‌ له‌ ئاستى وردیى و بابه‌تیانه‌دا نه‌بووه‌.

له‌ عێراقدا سه‌دان هه‌زار په‌ڕه‌ى پێگه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانمان هه‌یه‌ كه‌ رۆژانه‌ سه‌دان زانیاریى هه‌ڵده‌ڕێژن، هه‌ندێكیان دروستكراوى كارخانه‌گه‌لى تایبه‌ت به‌ درۆن و هه‌ندێكیشیان توێژه‌ران دروستیده‌كه‌ن بۆ ناوبانگ و بڵاوبوونه‌وه‌ و راكێشانى ئاماژه‌ى پێسه‌رسامبوون. به‌سینه‌ شه‌عبان وته‌بێژ به‌ ناوى حكومه‌تى سوریا و سه‌رچاوه‌ى ئاگادار و سه‌رچاوه‌ى تایبه‌ت و سه‌رچاوه‌ى هه‌واڵگرى و ناوى بیانیى نادیار و ناوى رۆژنامه‌ى نه‌زانراوى ئه‌مریكى، بوونه‌ته‌ كۆڵه‌كه‌ و ئامێرى چنینى ئه‌فسانه‌ى میدیایى و چیرۆكى خه‌یاڵیى كه‌ زۆر كه‌س بڕوایان پێده‌كات.   

كێشه‌ گه‌وره‌كه‌یش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ندێك رۆژنامه‌ و كه‌ناڵى ئاسمانیى وایانلێهاتووه‌ پشت ده‌به‌ستن به‌ زانیارییه‌كانى فه‌یسبووك بێ ئه‌وه‌ى هه‌وڵێك بده‌ن بۆ به‌دواداچوونى. له‌ شێواندنى زانیارییه‌كانیش مه‌ترسیدارتر شێواندنى وێنه‌كانه‌، چه‌ند وێنه‌ كه‌ له‌ سوریا تۆماركراون و هێنراون وه‌ك وێنه‌ى عێراق بڵاوكراونه‌ته‌وه‌؟. چه‌ند وێنه‌ له‌ سه‌رچاوه‌ى بیانییه‌وه‌ بڕدراون و پروپاگه‌نده‌ى ئه‌وه‌یان بۆ كراوه‌ كه‌ وێنه‌ى عێراقن؟ نموونه‌كان زۆرن و له‌م وتاره‌دا جێگه‌یان نابێته‌وه‌.

له‌وباوه‌ڕه‌دام كه‌ سه‌رۆكه‌كانى دامه‌زراوه‌ میدیاییه‌كانى عێراق له‌به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌ى توانا و لێوه‌شاوه‌ییاندان بۆ كۆنترۆڵكردنى هه‌ڵڕشتنى زانیارییه‌كان و توانایان له‌ به‌دواداچوونى خێراى راستگۆییاندا، چونكه‌ راستگۆیى ئه‌و خاڵى جیاكردنه‌وه‌یه‌یه‌ كه‌ باشێتیى دامه‌زراوه‌یه‌كى میدیایى له‌وى دیكه‌ جیاده‌كاته‌وه‌. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure