دەربارەی: کۆمپانیای Mossack Fonseca و فەزیحە زلەکەی پەنەما

بۆچوون / بیروڕا :: 14/04/2016

دواڕۆژ
د. مەغدید سەپان
پێش نزیکەی یەک ساڵ، کەسێک بەنهێنی پەیوەندیی بە رۆژنامەی ئەڵمانی: Süddeutsche Zeitung دەکات و کۆمەڵێک زانیاریی وردییان لەسەر فەزیحەی پەنەما پێدەدا. 

رۆژنامەی Süddeutsche Zeitung ئەزموونی زۆری لەسەر رۆژنامەنووسیی بەدواداچوون هەیە و پێشتر کۆمەڵێک نهێنیی گەورەی وەک: Offshore Leaks, Swiss Leaksو Lux Leaks ئاشکرا کردوون. رۆژنامەکە دەنووسێ، کە چۆن پێش یەک ساڵ کەسێک پەیوەندیی پێوەکردوون و ئەو بەڵگە نهێنییانەی بەناوی: Mossack Fonseca بەوان داوە. سەرچاوە نهێنییەکە هیچ داوای پارەی لە رۆژنامەکە نەکردووە و هیچ مەرجیشی بۆ بڵاوکردنەوەی بەڵگەکان دانەناوە. بەگوێرەی رۆژنامەی Süddeutsche Zeitung لەسەرەتا بەڵگەکان زۆر نەبوون، بەڵام لەگەڵ کات گەیشتووه‌تە 2.6 تێرابایت و 11.5 ملیۆن بەڵگە، کە ٢١٤ هەزار کۆمپانیا لە ماوەی ٤٠ ساڵ پەیوەندییان پێیەوە هەبووە و لەم فەزیحە گەورەیەوە گلاون.

هەموو نامە و بەڵگەکانی بە رۆژنامە ئەڵمانییەکە گەیشتوون بەو شێوەیەی خوارەوەن: نزیکەی پێنج ملیۆن مەیل، دوو ملیۆن فایلیPDF و زیاتر لە یەک ملیۆن وێنە و لە سێ ملیۆن فایلی کۆمپیوتەریهەن.

ئەوە زۆرترین بەڵگەی نهێنین کە رۆژێک لە رۆژان بە دەزگایەکی ڕاگەیاندن درابن. بۆ ئەوەی باشتر لە قەبارەی ئەم کارە گەورەیە بگەین واباشە باس لەو بەڵگانەی Wikileaks Cablegate بڵاوی کردنەوە بکەین کە هەمووی بەیەکەوە نزیکەی 1.7 گێگابایت بوو ئینجا جیهانی هەژاند. ئەم ئاشکرابوونەی ئێستا ١٥٠٠ جار لەWikileaks Cablegate  زیاتر و گەورەترە.
   
رۆژنامەی Süddeutsche Zeitung زوو زانییان بە تەنها ناتوانن بەدواداچوون بۆ ئەم هەموو نامە و بەڵگانە بکەن، بۆیە پەیوەندییان کرد بە ڕێکخراوی بێلایەنی جیهانی: International Consortium of Investigative Journalists, ICIJ (رۆژنامەگەری بەدواداچوونی نێودەوڵەتی)،کە نووسینگەی سەرەکییان لە واشینگتۆنە. ئەم ڕێکخراوە تۆڕێکی نێودەوڵەتییە و ١٩٠ رۆژنامەنووس بە کاری بەدواداچوون خەریکن و بە باشترین شێوە پەروەردەکراون و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کار دەکەن و خاوەن ئەزموونی زۆرن. ئەم ڕێکخراوە لە ماوەیەکی کورتدا توانی تیمێک لە ١٠٠ دەزگای راگەیاندن لە ٨٠ وڵات بە ٤٠٠ رۆژنامەنووس پێکبێنێ، بۆئەوەی بەیەکەوە کار لەسەر ئەم کەیسە – فەزیحە گەورەیە بکەن. 

ئەندامانی ئەم تیمە کۆبوونەوەکانیان لەWashington, München, Lillehammar و London دەکرد. لە کۆبوونەوەکاندا باسیان لە شێوەی کارکردن و دابەشکردنی کار لەنێوان خۆیان دەکرد، ئەم شێوە کارکردنە بۆئەوەبوو کە بەیەکەوە بتوانن بە باشترین شێوە یارمەتیی یەکتر بدەن و زانیارییەکان لەنێوان خۆیان بەشبکەن و هەموو رۆژنامەنووسانیش لە یەککاتدا دەستیان بە هەموو بەڵگە و نامەکان بگا. 

پاش ئاشکراکردنی Wikileaks لە ساڵی ٢٠١٠ و بڵاوبوونەوەی کۆمەڵێک نهێنی گەورە لەسەر شەڕی عێراق، دەزگاکانی ڕاگەیاندن تێگەیشتن کە ئەوان لە داهاتوودا ناتوانن بەتەنها بەدواداچوون بۆ ئەم کەیسە گەورانە بکەن. 
ئەم نامە و بەڵگانەی پەنەما ئاشکرای دەکەن کە چۆن نووسینگەی سەرەکی کۆمپانیای پارێزەران، لکی دووەمی نزیکەی ٢١٤ هەزار کۆمپانیای بە ناوی:offshore-bolag بۆ پارەدارەکان کردووه‌تەوە و لەڕێگەیەوە پارەی یەکجار زۆریان لە باجدان شاردووه‌تەوە. ئەوان نێودەستییان کردووە و پەیوەندیی و دەستەڵاتی خۆیان بۆ فێڵ و ساختە و نەدانی باج بۆ موشتەرییەکانیان بەکار هێناوە. پارە و سەرمایەی موشتەرییەکانیان لە بانقی گەورەی جیهانی داناوە. 

لە ناو ئەو کەسانەی پارەیان لە خزمەت نووسینەگەی ئەم پارێزەرانە داناوە، کەسانی سیاسەتمەدار و وەرزشوان و ئەکتەری بەناوبانگ و خەڵکی چەتە هەن. کاری سەرەکی ئەم نووسینگەیە شوشتنەوەی پارە و بەرتیلدان و خۆدزینەوە لە باج بۆ موشتەرییەکانیان بووە.

بەڕێوەبەری کۆمپانیای Mossack Fonseca بەڕێز Fonseca لە لێدوانێکی دەڵێ:"ئەم بەڵگانە لەلایەن کەسێکی هاكکەرەوە ئاشکرابووە و کۆمپانیاکەمان هیچ بەرپرس نییە لەوەی کە ئەندامانیان بۆ چ مەبەستێک خزمەتگوزاری و سندوقەکانی کۆمپانیای ئێمەیان بەکارهێناوە، هەروەها ئەوانیش لە یاسای وڵاتەکەیان لایان نەداوە و قەتیش پێشتر بۆ بەردەم دادگا بانگ نەکراون". 

بەگوێرەی رۆژنامەی The Guardian ی بریتانی ١٤٣ سیاسەتمەدای جیهانی خزمەتگوزاریی ئەم سندوقەیان بەکارهێناوە و لەناو ئەوانیش: سەرۆک وەزیرانی پاکستان، نەواز شەریف و سەرۆک کۆماری ئۆکراینا، پێتڕۆ پۆڕۆژینکۆ و سەرۆک وەزیرانی ئایسلاند، داڤید گونلاوگسۆن هەن. دەگوترێ کەسە نزیکەکانی سەرۆکی روسیای فێدرال ڤلادیمیر پوتین، زیاد لە دوو ملیارد دۆلاریان لەم کۆمپانیایە داناوە، هەروەها خزموکەسی خێزانی سەرۆک کۆماری چین خی جینپحنگ Xi Jinping لە ناو لیستەکە هەن. وەزیری ئابوری و ناوخۆی ئایسلاند و خێزانی و سەرۆک وەزیرانی ئایسلاندیش پارەیان لەم نووسینەگەیە داناوە. بەگوێرەی BBC سەرۆک وەزیرانی ئایسلاند داڤید گونلاوگسۆن، کۆمپانیایەکی لە ساڵی ٢٠٠٧ کڕیوە و چەند ساڵێک دواتر ئەو نیوەی کۆمپانیاکەی بە نرخی یەک دۆلار بە خێزانەکەی فرۆشتووه‌تەوە. پاش ئاشکرابوون، یەکسەر دەستی لەکار وەک سەرۆک وەزیرانی ئایسلاند کێشایەوە. ئەم ئاشکرابوونە بۆ جاری یەکەم لە رۆژنامەی ئەڵمانی Süddeutsche Zeitung ی دەستی پێکرد و دواتر لە ڕێگەی رێکخراوی نێودەوڵەتی رۆژنامەگەریی بەدواداچوون بە هەموو جیهان بڵاوکرایەوە. 

شەش ئەندامی ئێستای پەرلەمانی بریتانیا و سێ ئەندامی پێشتریش پارەیان لەم سندوقانەی کۆمپانیا داناوە. هەروەها ٢٣ کەس لەو وڵاتانەی ئابڵۆقەی ئابورییان لەسەر بووە وەک: کۆریای باکور، ئێران، سوریا موشتەری ئەم نووسینگەیە بوون. گوایە یەک لە کەسە گرنگەکانی ناو فیفا، کە لە لیژنەی ئێتیک پارێزەر بووە، یارمەتی وەرزشوانانی داوە، کە پارە لەوێندەر دابنێن. جاکی شانی ئەکتەر و مێسی وەرزشوان و خێزانەکەی سنوقیان لەم کۆمپانیایە هەبووە.

حکومەتی پەنەما ئامادەیی خۆی پیشاندا، کە کۆمیتەیەکی بێلایەن دروست بکا و لەم قه‌یرانە بکۆڵێتەوە، کە لەگەڵ کۆمەڵێک سەرکردەی جیهانی تێیەوەگلاون. سەرۆکی حکومەتی پەنەما Juan Carlos Varela ئەمەی سەرەوەی لە رۆژی چوارشەممه‌ ٦ی نیسان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی گوت.

وڵاتی سوید لە ساڵێ ٢٠١٤وە لەگەڵ وڵاتی پەنەما پێکهاتووە، کە هەموو زانیارییه‌ک لەسەر کۆمپانیا سویدییەکان بە حکومەتی سوید بدا. کردنەوەی کۆمپانیای بەناوی سندوقی نامە، کە دەکاتە لکێک لە کۆمپانیای دایک لە وڵاتی پەنەما هیچ نایاسایی نییە، بەڵکو نایاسایی لێرەوە دەستپێدەکات کە کۆمپانیای دایک قازانجی خۆی بۆ ئەوێندەر ڕەوانە دەکا، تا خۆ لە باجدان بشارێتەوە.

ئەم کۆمپانیایەی پەنەما Mossack Fonseca لکی لە وڵاتانی: سویسرا، قوبرس، دورگەکانی ڤیرگینی بریتانی و جێرسی لەگەڵ گوێرنسی هەیە و پەیوەندییه‌کی زۆر توندیشی لەگەڵ بریتانیا هەیە.

لێرە گرنگە ئاماژە بەو خاڵە گرنگە بکەین کە ڕێکخراوی ICIJ توانی لە یەککاتدا زانیارییەکان لە جیهان بڵاوبکاتەوە و وەک بۆمب بیتەقێنێتەوە. جێگای سەرنجە، کە ئەوان نزیکەی یەک ساڵ بە نهێنی خەریكی بەدواداچوون لەسەر نامە و بەڵگەکان بوون، بۆئەوەی بتوانن بەتێری باسی فەزیحە و حەیاچوونەکە بکەن. 

ئەو ئاشکرابوونەی بە ناوی پەنەما دەیسەلمێنێ، کە رۆژنامەگەریی بەدواداچوون، دەتوانن بەیەکەوە کار بکەن و سنووری دەوڵەتەکانیان ببڕن. هەروەها توانای رۆژنامەنووسان پیشان دەدا کە چۆن دەتوانن بەشێوەی دیگیتال کار لەسەر کەیسەکان لە داتا بەیسێک زۆر بە جوانی بکەن. ئەم ئاشکرابوونە بە یەک لە گەورەترین ئاشکرابوونی مێژووی بەدواداچوون دادەندرێ. تا ئێستا ناوی هیچ بازرگان یان بەرپرسی کورد لە ناو ئەم بەڵگانە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندندا نەهاتووە.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure