هێرشە مووشەكیەكەی ئەمریكا كارتەكان تێكەڵ دەكات

بۆچوون / بیروڕا :: 08/04/2017

سەرچاوە: رەئی ئەلیەوم
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید
هێرشەكەی ئەمریكا بۆ سەر فڕۆكەخانەی سەربازیی شوعەیرات-ی سوریا بە مووشەكی تۆماهۆك، كە بوەهۆی تێكدانی رێڕەوەكانی و تێكشكاندنی شەش فڕۆكەی جەنگی و عەمبارێكی سووتەمەنی و شەهیدبوونی 12 سەرباز و هاووڵاتی (پێنجیان منداڵ بوون)، هیچ سەرسامی نەكردین و جێی سەرسوڕمان نەبوو، چونكە ئەو بێنەوبەرە و زیادەڕەوی و پێوەنان و هاندانەی كە لە دوو رۆژی پێشتردا، دەربارەی قەسابخانە كیمیاوییە قێزەونەكەی خان شێخون كردیان، ئاماژەبوون بۆ ئەوەی كە لێدانەكە بەڕێوەیە. 
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی نوێی ئەمریكا وتی تاوتوێی بژاردە تۆڵەسێنەرەكانی دەكات لە نێویشیاندا بژاردەی سەربازی. نوێنەرەكەیشی لە نەتەوە یەكگرتووەكان (نیكی هێلی) وتی كاتێك ئەنجومەنی ئاسایش نەیتوانی بڕیار وەربگرێت ئەوا وڵاتەكەی بەتاكلایەنی دەجووڵێت.
ئیدارەی ئەمریكا لە خولەكەكانی یەكەمیدا حوكمی خۆیی دەركرد و حكومەتی سوریای سەركۆنەكرد بە ئەنجامدانی قەسابخانەی كیمیاویی، ئیتر چاوەڕێی هیچ لێكۆڵینەوەیەكی نێودەوڵەتی پاك و روون و بێلایەنیی نەكرد. ئەمەیش ئەو تێڕوانینە پشتڕاست دەكاتەوە كە دەڵێت پلانە دوژمنكاریەكە  لە پێش ئەو قەسابخانەیەدا ئامادەكراوە و ئەوی تێدا تەنیا وەك پەردەپۆشكردنێك دانراوە.
بەڵێ‌ ئەمە دەشتدرێژیی ئەمریكایە و هاوجۆرەكانیمان بیردەخاتەوە لە عێراق و لیبیا و یەمەن بە پاساوگەلێك كە دواتر دەردەكەون ساختە و دروستكراو بوون و هیچ رێگەپێدراوێكی نێودەوڵەتیی نەبووە. ئامانجەكەیشی گێڕانەوەی (مەزنی)ی ئەمریكا و دەرخستنی سەرۆكە تازەكەیەتی لە شێوەی پیاوە بەهێزەكەدا و لە رێی هێرشكردنە سەر وڵاتێكی بچووكەوە كە جەنگ دایدڕیوە. 
 رێگەنادەین بە دەوڵەتێكی وەك ئەمریكا، كە دەستدرێژیی كردووەتە سەر لانیكەم چوار دەوڵەتی عەرەبی و كردوونی بە دەوڵەتی شكستخواردووی دادڕاو و گۆڕەپانی جەنگی خوێناوی و تیرۆر، بێتوو باس لە مرۆڤایەتی و مافەكانی مرۆڤ بكات. ئەم دەوڵەتەی كە قەسابخانەگەلێكی خوڵقاندووە و تێیدا زیاتر لە یەك ملیۆن عێراقی و سەد هەزار لیبی بوونەتە قوربانی و بەشداربووە لە كوژرانی 300 هەزار سوری-دا لەڕێی پشتیوانیكردنی هاوپەیمانەكانی بە پارە و چەك و مەشقكردن، دەبێت دوا وڵات بێت كە باسی مرۆڤایەتی بكات.
وتمان و دووبارەیشی دەكەینەوە كە ئێمە دژی قەسابخانە كیمیاییەكەین و سەركۆنەی ئەوەدەكەین كە هۆكاری بووە، بە تاوانباری جەنگ دایدەنێین، هەركەسێك بێت، بەڵام راستیە راستەقینەكانمان دەوێت كە لە لێكۆڵینەوەیەكی بێلایەنانەی نێودەوڵەتیەوە بكرێت، چونكە زۆرمان چەشت بە دەست درۆ و فێڵەكانی ئەمریكا لە عێراق و لیبیا و باجێكی قورسمان داوە بە گیان و خوێنی شەهیدەكانمان.
ئەم دوژمنكاریە رەنگە ببێتە (تۆپەڵە بەفرێك) و هەموو ناوچەی عەرەبی لە جەنگی ئیقلیمی و تەنانەت رەنگە جیهانییش-دا نوقم بكات. چونكە موسكۆ لەسەر زاری ڤلادیمێر پوتین-ی سەرۆكیەوە بە توندی سەركۆنەی كرد، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەیشی جەختی كردەوە"ئەمە دوژمنكاریەك بووە كە پێشتر ئامادەكراوە، بۆ بەهێزكردنی پێگەی گروپە تیرۆریستە چەكدارەكانیش كراوە و ئەوە بیردێنێتەوە كە لە ساڵی 2003 لە عێراق روویدا". ئەم دوژمنكاریە هەموو كارتەكان تێكەڵ دەكات و قەیرانی سوریا دەگێڕێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم و هەموو هەوڵ و دەستپێشخەرییەكانی ئاشتی دەسڕێتەوە و ئەگەرەكانی جەنگ و پێكدادانە خوێناویەكان، بەشێوەیەكی فراوانتر، پەرەپێدەدات.
سەركردایەتی روسیا كاركردنی بە لێكگەیشتنی روسی-ئەمریكی دەربارەی گرەنتیی ئاسایشی پرۆسە ئاسمانیەكان لە سوریا راگرت و بڕیاریدا بەرگرییە هەواییەكانی سوریا پەرەپێبدات، ئەمەیش ئاماژەی ئەوەیە كە رەنگە مووشەكە (ئێس 300) و (ئێس 400)ی دژە فڕۆكەی پێدابێت یاخود بیدات بە سوپای سوریا، بەمەیش دەتوانێت هەر فڕۆكەیەكی ئەمریكی یان ئیسرائیلی بخاتەخوارەوە ئەگەر كایەی ئاسمانیی سوریا ببەزێنێت.
ئەم دوژمنكاریەی ئەمریكا رژێمی سوریا ناڕووخێنێت، وەك چۆن كارێكی هاوشێوەی ئەمە دژی ئەفغانستان كە وەك وەڵامدانەوەی دوو هێرشی خۆكوژیی ئەلقاعیدە بوو بۆ سەر هەردوو باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە نایرۆبی و دارولسەلام لە ساڵی 1998، نەیتوانی ئەلقاعیدە لەناوببات بەڵكو بەهێزتری كرد و ئامادەی كرد بۆ هێرشەكەی یازدەی ئەیلول، لەگەڵ جیاوازیەكی زۆر لە بەراورددا.
جێی داخ بوو كە عەرەبستانی سعودیە یەكەم وڵات بوو پێشوازیی لەو هێرشە كرد، دوای ئەو دەوڵەتی داگیركەری ئیسرائیل و دوای ئەویش توركیا، ئەمەیش جێی سەرسوڕمان نییە، چونكە هەرسێ‌ دەوڵەتەكە خاڵێكی هاوبەش كۆیاندەكاتەوە ئەویش شەڕی دراوسێكانیانە، یەكەمیان لە یەمەن (سعودیە) و دووەمیان لە سوریا (قەڵغانی فورات) و سێیەمیشیان لە كەرتی غەزە و لوبنان و سوریا (ئیسرائیل).
ناوچەی عەرەبی لە دوای ئەم دوژمنكاریەوە، لەسەر دەمی گڕكان وەستاوە و چاوەڕێی تەڵە شقارتەیەكە كە تەقینەوە گەورەكە دروست بكات و قوربانیەكانیشی عەرەب و موسڵمانان و ئاسایش و سەقامگیریی و نەوەكانی داهاتوویان دەبێت كە رەنگە هیچ نەبینن جگە لە وێرانە و مایەپووچبوون و برسێتی.
ئێستا كاتی شیكردنەوە و لێكدانەوەی بە قسە نییە، بەڵكو كاتی جیاكردنەوەی ئەوەیە كە لەسەنگەری دوژمندا دەوەستێت و ئەوەی لە سەنگەری رووبەڕووبوونەوەیدا.. بژاردەی ئێمە روون و رووتە و بێ‌ تەمومژە، ئێمە لەگەڵ سوریاین، لەگەڵ گەلەكەیداین بە هەموو پێكهاتە و چین و مەزهەب و نەژادیەوە بێ‌ جیاوازی. دژی ئەم دوژمنكاریەین، بەتەواوی وەك چۆن دژی دوژمنكاریەكانی سەر عێراق و لیبیا و یەمەن بووین و ناگۆڕێین.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە