رۆڵی سیسی لە داهاتووی ناوچەكەدا

بۆچوون / بیروڕا :: 05/04/2017

سەرچاوە: رەئی ئەلیەوم
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

لەو كاتەوەی ئەنوەر سادات رێككەوتننامەی كامپ دەیڤید-ی لە ساڵی 1978 دا واژۆكردووە، هیچ سەركردەیەكی عەرەب ئەو ستایش و پیاهەڵدانەی لە كۆشكی سپی-دا بۆ نەكراوە كە بۆ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسر كرا. سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بە شێوەیەكی روون و ئاشكرا وتی"بەهێزەوە لە پشت سەرۆك سیسی-یەوە دەوەستین.. ئەو لە كاتێكی زۆر قورس و گراندا هەڵوێست و كاری گەورەی كرد.. ئێمە بەهێز و تواناوە لەپشت میسر و گەلی میسرەوە دەوەستین". وتیشی"بە سەرۆكی بەڕێز دەڵێم، تۆ هاوڕێیەك و هاوپەیمانێكی بەهێزت لە ویلایەتە یەكگرتووەكاندا هەیە.. هەرەها منیش هاوڕێ‌ و هاوپەیمانتم".
ئەم ستایش و پێداهەڵدانە چەندین مانای هەیە، دیارترینیان ئەوەیە كە سەرۆكی نوێی ئەمریكا دەیەوێت میوانە میسریەكەی بكاتە هاوپەیمانێكی سەرەكیی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا و خۆی و وڵاتەكەیشی بكاتە بناغەی سیاسەتی نوێی دەرەوەی ئەمریكا لە ناوچەكەدا لەبەرامبەر هەوڵەكانی روسیا بۆ دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەكە كە سەنتەرەكەی ئێرانە. 
سەرۆك ترەمپ جەختی كردەوە لەسەر كاراكردنەوەی هاوبەشیی ستراتیژیی نێوان میسر و ویلایەتە یەكگرتووەكان، بەتایبەت لە بواری قەلاچۆكردنی تیرۆر و هاوكاریی سەربازیدا، ئەمەیش شتێكی چاوەڕوانكراوە لە سەرۆكێكەوە كە كاری لەپێشینەی ریشەكێشكردنی تیرۆر بێت تەنانەت ئەگەر ئەمە لەسەر حسابی مافەكانی مرۆڤیش بێت.
سەرۆك سیسی دەگەڕێتەوە بۆ قاهیرە و بووەتە نێردەی سامیی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە ناوچەكەدا، ئەویش هەم متمانەی پێیەتی و هەم پشتگیریشی دەكات، ئەمەیش مانای وایە دەبێتە نووكی رمەكە لە هەموو شەڕە سیاسی و سەربازیەكانی داهاتوویدا. هەروەها تاجی هاوپەیمانی سوننیشی لەسەركراوە كە هەوڵی پێكهێنانی دەدات بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران.
ئەمە سەرەتای قۆناغێك و كۆتایی قۆناغێكی ترە، لە رۆژانی داهاتوویشدا هاوپەیمانێتیەكی عەرەبی-ئیسرائیلی دەبینین دژی ئیسلامی سیاسی بە هەردوو باڵی (میانڕەو) و (توندڕەو)ی سوننی و شیعیەوە، هەروەها بەزاندنی نەگۆڕە عەرەبیەكان لە فەلەستین و بووژاندنەوەیەكی رووكەشانەی پرۆسەیەكی رزیووی ئاشتی و گێڕانەوەی دانوستانە نەزۆكەكانی نێوان دەسەڵاتی فەلەستینی و سەرۆكەكەی لەلایەك و دەوڵەتی داگیركەری ئیسرائیل لەلایەكی ترەوە.
شانشینی عەرەبستانی سعودی كە خەونی بەوەوە دەبینی لە كورسیی پێشەوەی سەركردایەتیكردنی ناوچەكەدا و بە دەستلەپشتدانی سەرۆكی نوێی ئەمریكا دانیشێت، كشایەوە بۆ كورسیەكانی دواوە و ناچارە سەرۆكایەتیی نوێی میسری قبووڵ بكات و لەگەڵیدا ئاشتەوایی بكات و لەگەڵ دەركەوتن و سەركەوتنە خێراكانیدا هەڵبكات و بگونجێت. بۆیە كاتێك سەرۆك سیسی سەردانی ریاز دەكات وەك بەدەنگەوەچوونی بانگهێشتەكەی پاشای سعودیە و بۆ سەرخستنی ئاشتەوایی (رێكخراو)ی نێوان هەردووكیان، كە لە پەراوێزی كۆبوونەوەی لووتكەی عەممان داوای لێكردووە، سەردانی ریاز دەكات لە پێگەی بەهێزییەوە نەك ئەو لاوازییەی كە شوێن یارمەتییە داراییەكان بكەوێت، چونكە چیدی سعودیە خاوەنی ملیارەهای زیادە نییە و ئەگەر هەیشیبێت ئەوا دەبێتە هی ترەمپ بۆ رازیكردن و رەواندنەوەی تووڕەییەكانی و خۆگونجان لەگەڵ شێوازە هەڕەشەئامێزەكانیدا.
رێككەوتنی ترەمپ-سیسی لەسەر كاراكردنەوەی هاوبەشیی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵاتەكە، رەنگدانەوە و كاردانەوەی دەبێت لەسەر شێوازی رۆڵی میسر لە رووبەڕووبوونەوەی (ئیخوان موسلمین) و لقەكانی لە لیبیا و یەمەن-دا و بە كردەوە چوونەناو جەنگی سەختی دژی هەردوو رێكخراوی (ئەلقاعیدە و دەوڵەتی ئیسلامی) و بەرەنگاربوونەوەی پەلهاویشتنی ئێرانی لە عێراق و سوریا و هەروەها لە یەمەن-یش.
سەرۆك سیسی گرەوی لەسەر ترەمپ كردووە تەنانەت لەپێش ئەوەیشدا كە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكە بباتەوە، چونكە ئەوەبوو مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوو لە پەراوێزی كۆبوونەوەكانی كۆمەڵەی گشتی-دا لەگەڵی كۆبووەوە، ئەمەیش نەك لە خۆشویستنیدا بەڵكو لە رقی باراك ئۆباما-ی پێش ئەم، كە رازی نەبوو بیبینێت و بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ یارمەتییە داراییەكانی ئەمریكای بۆ میسر سڕكرد بەهۆی ناڕازیبوونی لە لابردنی سەرۆكێكی  هەڵبژێردراو، بە كودەتایەكی سەربازیی، بۆ خۆشبەختیی سەرۆك سیسی-یش گرەوەكەی بردەوە و بووە هاوڕێی متمانەپێكراوی سەرۆكی نوێی ئەمریكا. ئەم هاوڕێیەتیەیش هێندەی تر پتەوبوو كاتێك سەرۆك سیسی هیچ دوودڵیەكی نەنواند لە كشانەوەی ئەو پرۆژە بڕیارەی كە دەبوو میسر پێشكەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی بكات بۆ سەركۆنەی نیشتەجێكردنی ئیسرائیلی، ئەوەبوو تەنیا بە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی لە سەرۆك ترەمپ-ەوە، كە هێشتا بە تەواوی وەك سەرۆكێك دەستبەكاریش نەبووبوو، دەستبەجێ‌ پرۆژە بڕیارەكەی راگرت. بەم هەنگاوەیش سەرۆك سیسی (دوو رەزامەندیی)ی بە بەردێك دەستكەوت، رەزامەندییەكی ئەمریكی و رەزامەندییەكی ئیسرائلی.
قۆناغی دادێ‌، قۆناغی جەمسەرگیریی تایەفی و ئیقلیمی و نەژادی دەبێت و لەوانەیشە پەرەبسێنێت بۆ جەنگی وێرانكاری و دەركەوتنی دەوڵەتگەلی نوێ‌ و دووبارە وێنەكردنەوەی نەخشەی ناوچەكە. رۆڵی (میسری سیسی)یش رۆڵێكی سەرەكی دەبێت لە رووبەڕووبوونەوەی ئێران-دا بەتایبەت و بە هەمئاهەنگی لەگەڵ ئیسرائیلی (هاوپەیماندا).. بەڵام ئەنجامەكان چۆن دەكەونەوە و كێ‌ قازانج و كێ‌ زیان دەكات.. ئەمەیان پێویستی بە چاوەڕوانیەكی زۆرە.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە