كه‌م هیممه‌تى له‌ كۆنگره‌ باڵاكه‌دا

بۆچوون / بیروڕا :: 04/04/2017

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
گه‌لان ده‌سه‌ڵاتدارانى خۆیان به‌رهه‌مدێنن و ده‌سه‌ڵاتدارانیش گه‌ل-ه‌كانى خۆیان دروستده‌كه‌ن. ئه‌مه‌ هاوكێشه‌یه‌كه‌ ره‌نگه‌ له‌ زۆربه‌ى ده‌وڵه‌تانى جیهانى پێشكه‌وتوودا هه‌بێت و له‌ زۆربه‌ى ده‌وڵه‌ته‌ دواكه‌وتووه‌كاندا نه‌بێت، له‌ نێویاندا وڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌كان. به‌پێى ئه‌مه‌، ده‌بینین گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه‌ تووشى قه‌یرانى ئابوریى ده‌بێت سه‌رۆكێك هه‌ڵده‌بژێرن كه‌ ده‌ستێكى ئابورییانه‌ى هه‌بێت (ئیكیدیا له‌ ژاپۆن له‌ سه‌ره‌تاى په‌نجاكاندا، بۆ نموونه‌). ئه‌وه‌یش كه‌ له‌ قه‌یرانى جه‌نگدا بێت سه‌رۆكێكى شاره‌زاى هونه‌ره‌كانى جه‌نگ هه‌ڵده‌بژێرن (چه‌رچڵ له‌ بریتانیا له‌ جه‌نگى دووه‌مى جیهانیدا، بۆ نموونه‌). له‌ كاتى قه‌یرانى ئه‌منى-یشدا كه‌سێك هه‌ڵده‌بژێرن كه‌ ده‌ستى له‌ بواره‌كه‌دا هه‌بێت و بڕیارى لێبڕاوانه‌ بدات ( پوتین له‌ روسیا، بۆ نموونه‌).  


به‌ڵام زۆرینه‌ى عه‌ره‌ب له‌ ده‌ره‌وه‌ى ئه‌م هاوكێشه‌یه‌دان، چونكه‌ هێشتا وازیان له‌ نه‌ریتى خێمه‌ى بیابانه‌كان نه‌هێناوه‌ و ده‌ستیان به‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ گرتووه‌ و پشتاوپشت قۆرخیانكردووه‌. بۆیه‌ زۆربه‌یان چوونه‌ته‌ ته‌مه‌نه‌وه‌ (پیر بوون) و ئه‌وه‌ى هه‌یانبووه‌ داویانه‌. گه‌ل-ه‌كانیشیان بیروڕایه‌كیان دروستكردووه‌ كه‌ له‌ دژى ئه‌وانه‌، ئه‌م جیاوازییه‌یش به‌شداربووه‌ له‌ دواكه‌وتوویى (ئوممه‌) و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌رده‌مه‌ رۆیشتوو و به‌سه‌رچووه‌كان و گه‌یشتنى به‌ لێواره‌كانى رووخان و گه‌یشتنى ده‌سه‌ڵاتداره‌كانیش به‌ خانه‌ى بێتوانایى، چونكه‌ زۆربه‌یان له‌ سواربوون (سه‌ركه‌وتن) دواكه‌وتن و تواناى ئه‌وه‌یان له‌ده‌ستدا كه‌ چاره‌سه‌ر و سایشته‌یى وا پێشكه‌ش بكه‌ن كه‌ هاوشانى كاروانى پێشكه‌وتن بێت و پێداویستیه‌كانى مرۆڤى عه‌ره‌ب تێر بكات له‌ نوێبوونه‌وه‌ و ئاگالێبوون و گه‌یشتن و پێكه‌وه‌یى له‌گه‌ڵ جیهاندا كه‌ به‌پێى چه‌مك و تێگه‌یشتنه‌ زانستیه‌كه‌ى ئامرازه‌كانى په‌یوه‌ندى و كۆمۆنیوكه‌یشن، بووه‌ته‌ گوندێك.

به‌م حاڵه‌وه‌ سه‌ركرده‌كانى عه‌ره‌ب، به‌ ناڵه‌ناڵه‌وه‌ چوونه‌ دواكۆبوونه‌وه‌ى لووتكه‌ له‌ ده‌ریاى مردوو، یان زۆربه‌یان به‌ ناڵه‌ناڵى نه‌خۆشیى پیرییه‌وه‌ چوون، ئیتر ئه‌وه‌ى كه‌وت كه‌وت و ئه‌وه‌ى خه‌وت خه‌وت. بارێكى جه‌سته‌یى و ده‌روونیى به‌مجۆره‌، ناتوانێت كێشه‌ ئاڵۆزه‌كان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل و نفوزى نێوده‌وڵه‌تى و تیرۆر و نرخى نه‌وت و پاشكه‌وتوویى ئابورى و كۆچ و توندڕه‌وى و دابه‌شبوونى تایه‌فى چاره‌سه‌ر بكات، قه‌یرانگه‌لى زۆرى  دیكه‌یش كه‌ نه‌ته‌وه‌ى عه‌ره‌بى گیرۆده‌ كردووه‌ و گه‌یاندوویه‌ته‌ لاوازترین بار له‌ مێژووى تازه‌یدا.


با بۆ نموونه‌، هه‌ڵوێستى له‌سه‌ر ئیسرائیل وه‌ربگرین، ئه‌و له‌كاتێكدا كه‌ هه‌وڵینه‌داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كارتى یاریكردنى پێبێت و هه‌یبێت بۆ ئه‌وه‌ى مامه‌ڵه‌ى پێ بكات به‌رامبه‌ر هه‌وڵه‌كانى ئیسرائیل له‌ په‌لهاویشتن و فراوانكردنه‌وه‌ى ئۆردوگا جوونشینه‌كاندا و داننان به‌ مافه‌كانى فه‌له‌ستینیه‌كاندا، ئه‌و پیره‌ژنه‌ هیواخوازه‌ ئیسرائیل ئاساییبوونه‌وه‌یه‌كى مێژوویى ئه‌نجامبدات به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ سنوورى 1967، ده‌یشزانێت كه‌ له‌ ئیداره‌دانى قه‌یرانه‌كاندا ناكرێت خۆ به‌ئومێد و قسه‌ بسپێردرێت وه‌ك شێوازێكى مامه‌ڵه‌كردن، چونكه‌ ئه‌وى به‌رامبه‌ر واز له‌ نه‌یاره‌كانى دێنێت زۆربڵێى بكه‌ن و بۆ خۆیشى ئه‌و كاره‌ بكات كه‌ ده‌یه‌وێت بیكات. ئیسرائیل ئه‌مه‌ى كرد كاتێك دواى كۆبوونه‌وه‌ باڵاكه‌ رایگه‌یاند كه‌ ئۆردوگایه‌كى جوونشینى تازه‌ له‌ كه‌نارى خۆرئاوا دروست ده‌كات، ئه‌مه‌ ئه‌و بڕیاره‌ بوو كه‌ له‌ ساڵى 1992 ه‌وه‌ وازیلێهێناوه‌. 

ده‌سه‌ڵاتدارانى عه‌ره‌ب به‌م بڕیاره‌یان جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ تایبه‌تمه‌ندیه‌كانى خۆیان له‌ توندڕه‌وى و كۆنترۆڵبوونیان به‌ سۆز و هه‌ڵچوون، نه‌ك ژیرى و عه‌قڵ وه‌ك گه‌له‌كانیان. له‌ رۆژانى هه‌ڵكشانى شۆڕشگێڕیدا هه‌موویان داواى ئه‌وه‌یان ده‌كرد كه‌ ئیسرائیل فڕێبدرێته‌ ده‌ریاوه‌. ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ بوونى خۆى و پێشكه‌وتنى له‌ رووى زانستییه‌وه‌ سه‌لماند، ئێستایش دواى ئه‌وه‌ى له‌ خه‌ونى غافڵگیریى پیرییان به‌خه‌به‌رهاتنه‌وه‌ ده‌چن له‌به‌رى ده‌پاڕێنه‌وه‌. ئه‌م شێوازى مامه‌ڵه‌كردنه‌یش وه‌ك ئه‌وانه‌ى پێشتر، ئیسرائیل گوێى ناداتێ و وڵاتانى به‌ نفوز راناگرێت. له‌به‌ر ئه‌مه‌ ده‌كرێت بڵێین زۆربه‌ى ده‌سه‌ڵاتدارانى نه‌ته‌وه‌، كاتێك هیممه‌تێكیان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى گه‌له‌كانیان نه‌بێت، ئیتر ئه‌م لووتكه‌یه‌یش هیچ سوودێكى بۆ گه‌له‌كانیان نابێت.
سه‌رچاوه‌: ئه‌لسه‌باح

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure