دەوڵەتی كوردستان.. لەدایكبوویەكی لاواز كە جەنگ چاوەڕێی دەكات

بۆچوون / بیروڕا :: 30/03/2017

سەرچاوە: ئەلدیار
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

دایكێكی دووگیان..گیرۆدەی دوو حاڵەتە..لە نێوان كۆرپەلەكەیدا كە لەجووڵە ناوەستێ‌ و پەلدەكوتێ‌ لە ناو سكیدا و هەوڵدەدات بێتە دنیاوە، لەگەڵ خوێنڕێژێكدا كە بەسەریەوە وەستاوە و چاوەڕێی لەدایكبوونیەتی بۆ ئەوەی بە چەقۆیەك سەری ببڕێت و سوورە لەسەر ئەوەی هیچ بۆ دایكە جێنەهێڵێت جگە لە لاشەی پارچەپارچەبووی ئەو منداڵەی كە رۆژانێك بەشێك بووە لە جەستەی، لە خوێنی بێتاوانیدا نوقمی بكات. ئەو منداڵەی كە دایكەكە لە منداڵدانیدا پاراستوویەتی.   

خوێنەری بەڕێز... رەنگە ئەم وەسفكردنە تووشی سەرسوڕمانت بكات كە ئازارێكی زۆری مرۆییانەی تێدایە، بەڵام ئەوەی رەنگە زیاتر سەرسامت بكات ئەوەیە كە پێت بڵێم ئەم دیمەنە حەقیقەتێكی تەواوە و راستیەكەی دیمەنی دایك و منداڵە تازەبووەكەی تێدەپەڕێنێت بۆ دیمەنی وڵاتی دایك و بەشێكی ئازیزی خاكەكەی كە دەیەوێت لە منداڵدانیەوە بێتە دەرەوە بەرەو فەزایەكی نادیار، سەرەڕای ئەو مەترسیانەی كە چواردەوری تەنیوە و دەورووبەری بە جەنگ گیراوە. 
ئەم وەسفە سەرسووڕهێنە، بۆ سوریای دەوڵەتی دایك و عێراقی خوشكە گەورەیەتی كە بە درێژایی مێژوو كەوتوونەتە شەڕی پارێزگاریكردن لە یەكێتی خاك و خوێن و ناسنامەوە، كۆرپەلە گەرمەكەی هەناویشیان (كوردەكانە) كە ئێستا هەوڵدەدەن بۆ سەربەخۆیی لە خاكی هەردوو خاكەكە بۆ دروستبوونی دەوڵەتێكی نوێ‌ كە دەوڵەتی (كوردستان)ە و هەوڵدەدات لە منداڵدانی دەوڵەتە گەورەترەكەوە بێتە دەرەوە، ئەگەرچی دەزانێت چواردەوری گیراوە بەو چەقۆیانەی كە چاوەڕێین بۆ ئەوەی پەلاماری بدەن و بیكوژن.     
بە هاوكاریی ئەمریكا و بە هاندان و پشتگیریی ئیسرائیل، كوردستانی عێراق لە هەوڵی سەربەخۆیی و دەرچوونی هەرێمەكەدایە لە ژێر عەبای دەوڵەتی عێراقیدا، بەهەمان شێوە كوردەكانیش لە هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی هەرێمەكە، سەرەڕای جیاوازیی بارودۆخی نێوان هەردوو وڵاتەكە كە گیرۆدەی جەنگی نەبڕاوەن دژی تیرۆر و دژی هێزە ئیستعماریەكان كە بە دوای سامانی هەر یەكەیاندا وێڵن.
بەلای عەبدولسەمەد حەمۆ-ی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سوریا-وە، دۆزی سەرەكیی كورد لە كوردستانی سوریا و كوردستانی توركیا و عێراق و ئێران-دایە و بەرژەوەندیی هاوبەش لە نێوان ئەمریكا و كوردەكاندا هەیە، هەروەها لە نێوان روسیا و كوردەكانیشدا، بەو تێڕوانینەی كە دواڕۆژی سوریا دواڕۆژی ناوچەی نفوز و دەسەڵاتە.
سەركردە كوردیە سوریەكە دەڵێت دۆخەكە لەبارنییە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی وەك هەندێك لایەن دەڵێن و دەیانەوێت عەرەب لە دژی كورد هانبدەن و گردیان بكەنەوە، بەڵام كورد ویستی دامەزراندنی سیستمێكی فیدراڵیی لە سوریا هەیە، ئەمەیش باشترین چارەسەرەكانە بۆ هەموو پێكهاتەكان، ئیتر سریانی بێت یان ئاشوری یاخود دروز و عەلەویەكان، چونكە مۆزایكی سوری، رژێمێكی مەركەزیی قبووڵ ناكات و ئەوەتێپەڕی.

جەخت لەوەیش دەكاتەوە كە باشترین چارەسەر سیستمی فیدراڵیە"بەڵام دەربارەی دیاریكردنی نەخشە و راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی، بارودۆخی ئێستای كورد هاوكار و یارمەتیدەر نییە، ئێمە دەمانەوێت و هەوڵیشدەدەین بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی لە كوردستانی عێراق و ئێستا بۆخۆی بووەتە دەوڵەت و پەیوەندیی دانوستانكاریی لە نێوان بەغدا و هەولێردا هەیە". وەك ئاماژەیەك بۆ گوشارەكانی كورد لەسەر حكومەتی عێراق.

بەپێی ئەوەی كە حەمۆ باسی دەكات، كوردەكان چاوەڕێی پاداشتی بەشداربوونیانن لە جەنگی دژی تیرۆردا، ئەوەتا دەڵێت"كاتێك نەخشەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ بەرژەوەندییە نێودەوڵەتیەكاندا دەگۆڕێت، رەچاوی ئەوە دەكرێت كە ئێمە سەرەڕمی دژی داعش بووین و بە ئەمەك بووین بۆ سیستمی دیموكراسی و ئازادی و مرۆڤایەتی، هەروەها رەچاوی تێڕوانینی سەرەكیمان دەكرێت بۆ دەوڵەتی كوردی لە كوردستانی عێراق و فیدراڵیەتی كوردستانی سوریا".
بە درێژایی كات كوردەكان هەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی دەوڵەتەكەیان بە بۆیەی ئەمریكی بۆیاخ نەكرێت، ئەمەیش بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی گردبوونەوەی رای گشتیی عەرەبی لە دژیان، بۆیە دەبینین ئەوە رەتدەكەنەوە كە پشتیوانیەكی راستەوخۆی ئەمریكا هەبێت بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی، هەوڵدەدەن بۆ بەستنەوەی هێڵی گشتیی بەركەوتنیان لەگەڵ ئەمریكا بە هەوڵی هاوبەشی شەڕی تیرۆرەوە، چونكە هەردووكیان شەڕی رێكخراوی داعش-ی تیرۆریست دەكەن و سەرەنجامیش هەمئاهەنگی و هاریكاریی و پەیوەندیی لە نێوانیاندا هەیە. 

بەڵام جیابوونەوە خەونی لە مێژینەی كوردەكانە، ئەگەرچی چاودێران هەمیشە وایدەبینن كە باشتروایە قەوارە بچووكەكان یان كەمایەتیەكان یاخود ئەو كۆمەڵانەی كە ناتوانن هەموو بنەماكانی دەوڵەت دامەزرێنن، باشتروایە سەر بە دەوڵەتە گەورەكان بن بۆئەوەی پارێزگارییان لێ‌ بكرێت، هەروەها بۆ ئەوەیش پابەندبێت بەرامبەر ئەندامەكانی وەك هاووڵاتیانێك كە ماف و ئەركیان هەبێت.
ئەم تێڕوانینە لەلایەن ئوسامە حسێن راوێژكار لە دەستەی دادوەریی نێودەوڵەتی و چارەسەری ململانێكان پەسەندكراوە، كە دەڵێت كوردەكان مافی خۆیانە دەوڵەتیان هەبێت و خۆیان چارەنووسی خۆیان دیاریبكەن، بەڵام بەو مەرجەی خاكی دەوڵەتی دیكە دانەبڕن، ئیدی خاكی ئەو دەوڵەتە بێت كە تێیدان، وەك حاڵەتەكەی ئێرە لە عێراق و سوریا، یاخود خاكێكی بیابانی بێت وەك سنوورە هاوبەشە نێودەوڵەتیەكان. 
دادوەرە نێودەوڵەتیەكە ئەم خاڵە رووندەكاتەوە و دەڵێت"كوردەكان دەتوانن دەوڵەتی خۆیان رابگەیەنن لەكاتێكدا دەستدرێژییان نەكردبێتە سەر موڵك و خاك و سەروەریی دەوڵەتێكی تر، بەڵام پێویستیشە كە راگەیاندنەكەیان پاڵپشتی راستەقینەیشی هەبێت، وەك ئەوەی ئەم قەوارە نوێیە هەموو بنەماكانی دەوڵەتی تێدابێت، وەك دامەزراوە و سوپا و سەرچاوەكان و پارلەمان و حكومەت و بێگومان گەل-یش، بۆیە لە نەبوونی هەر یەكێك لەم بەشانەدا، راگەیاندنەكە بێسوودە". 
ئوسامە حسێن، نموونە بۆ ئەمە دێنێتەوە، وەك سكۆتلەندا كە ئەوەی هەڵبژارد بەشێك بێت لە شانشینی بریتانیا چونكە لەوكاتەدا هەموو بنەماكانی دەوڵەتی نەبوو، هەروەها پێكەوەیی ویلایەتەكانی ئەمریكا و یەكگرتنیان یەك بە دوای یەكدا بۆ پێكهێنانی قەوارەیەكی بەهێز كە ئێستا دەسەڵاتی بەسەر نیوەی جیهانەوە هەیە. هەروەها روسیای فیدراڵ و ئەو هەرێمانەی تر كە لەخۆیگرتوون و كۆنترۆڵی زۆری كاروبارەكانی جیهانی بەدەستەوەیە. واتا هەرێمەكان ئەوەیان هەڵبژاردووە كە بچنەپاڵ قەوارە بەهێزترەكان نەك جیاببنەوە، ئەمەیش بووەتەهۆی بەهێزبوونیان.
ئەو پرسیارەی ئێستا دێتە ئاراوە ئەمەیە: ئەو مەترسیانە چین كە گەمارۆی دەوڵەتە تازەكەی كورد-یان داوە، ئەو دەوڵەتەی كورد چاوەڕێیەتی و لە پێناویدا دەجەنگێت؟ نە هێزە گەورەكان دەوڵەتی كوردی بێ‌ پاسەوانی و پارێزگاری دەهێڵنەوە، یان بە مانایەكی وردتر (چاودێر و سەرپەرشتیار)، نە ئەو دەوڵەتانەیش كە بەشێك لە خاكەكانیان دادەبڕدرێت دەستبەرداری هەوڵەكانیان دەبن بۆ گێڕانەوەی ئەو خاكانە، ئیتر بە سیاسیانە بێت یاخود بە شەڕكردن. 
نە توركیا، كە چاوەڕێیە دەوڵەتی كوردی لەدایكبێت بۆ ئەوەی بە سوپاكەی لەگەڵ زەویدا تەختی بكات، بێدەنگ دەبێت بەرامبەر  لەدایكبوویەكی نوێ‌ كە لەماوەی چەند ساڵێكی كەمدا دەبێتە دوژمنی و نە ئیسرائیل-یش چاوەڕێ‌ دەكات پێش ئەوەی دەستی درێژ بكات بۆ ئەوەی بەشێك لە كێكەكەی دەستكەوێت، خۆ ئەگەر بە ئابورییش نەبێت ئەوا بە سوپا هەر دەیكات.
مزگێنیەكە لێرەوە روونە و بە تەواوی ئاشكرایە، چونكە بەڵێنی ئەمریكا بە دابەشبوون و پێدانی دەوڵەت بە كوردەكان، لە بەرامبەردا سازشی دەوێت كە كوردە هەڵخەڵەتێنراوەكان بیدەن، ئەگەرنا ئەمریكیەكان چۆن بە پەڕەشووتەكانیان دادەبەزنە سوریاوە بۆ شەڕكردن، پاشان پەڕەشووتەكانی ئەمریكا كوردەكان لە ئاسمانەوە بۆ زەوی هەڵدەگرن بۆ مەرگ یان بۆ جێبەجێكردنی پلانێك كە ئەمریكا پاڵەوانی سەركەوتوویەتی و.... پرسیارێك بۆ ئەوانە: ئایا بەڵێنەكانی ئەمریكاتان بەلاوە راستە؟ 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure