عاسمان كۆڵەكەی ئەوێ‌

بۆچوون / بیروڕا :: 29/03/2017

عاسمان كۆڵەكەی ئەوێ‌
+ دوو سەعاتە بانگت ئەكەم.. لەكوێ‌ بووی؟
ـ قوربان ئەو كتلی و قۆرییەم سپی ئەكردەوە. رەش بوبوون.
+ ئاخر ئەوە ئەقڵەكەتە مردووت نەمرێ‌. بۆیە قەت نابی بە هیچ..
ـ قۆری سپیكردنەوە بێ‌ ئەقڵی یە، بەگم؟
+ ئەی تەبعەن.. مۆدیلی قۆری سپیكردنەوە بەسەرچووە قەلپیاو.. ئێستا رۆژ رۆژی پارە سپیكردنەوەیە.
ـ پارە سپیكردنەوە؟ لە كوێ‌؟
+ چوزانم.. مەسئولەكان ئەڵێن لە ئەوروپا.
ـ جا باشە پارە خۆی سپی نی یە؟! ئەوە نی یە ئەڵێن پارەی سپی بۆ رۆژی رەش؟
+ ئەوە جاران وابوو.. ئێستا هەم پارەكە رەشە هەم رۆژگارەكەش.
ـ بەسەری تۆ  وا نی یە.. شكور رۆژگارەكە هیچ عەیبی نەماوە.. ئەزانی بۆ؟
+ بۆ؟
ـ چونكێكم بەتەمان مەسئولێكمان بۆ نەقڵ بكەن بیخەیتە سەر چاوی كوێر چاكی ئەكاتەوە.
+ ئەوەندە قۆزە؟
ـ نەخێر ئەوەندە دەستپاكە، ئەوەندە راستگۆیە، ئەوەندە موسەقەفە، ئەوەندە نەجیبە.
+ دەستپاك و راستگۆ و نەجیب؟!
ـ بەڵێ‌.. تا خوا حەزكا دەستپاك و راستگۆیە.
+ دە كەواتە راكە سێ‌ چوار كۆڵەكەی درێژم بۆ بكڕە.
ـ كۆڵەكەی درێژت بۆ چی یە؟
+ لەبەر ئەوەی عاسمان كۆڵەكەی ئەوێ‌.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure