دوورخستنەوەی تارماییەكانی بەڵكان

بۆچوون / بیروڕا :: 28/03/2017

نووسینی: كارڵ بیڵدت * 
سەرچاوە: ئەلسەباح ئەلجەدید
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

سەرانی یەكێتی ئەوروپا لەناكاو راستیە تازەكانی بەڵكان-یان زانی. لە كۆنگرەیەكی باڵادا كە بەمدواییە بەسترا، پێداگرییانكرد لەسەر پێویستیی زیادكردنی بەشداریی یەكێتی ئەوروپا لە پاراستنی سەقامگیریی و-بەرپەرچدانەوەی نفوزی روسیا- لە ناوچەكەدا.
بەڵام دۆخی جیۆسیاسیی وڵاتەكانی بەڵكان نابێت جێی سەرسوڕمان بێت. دوای هەموو ئەمانە، چەند دابەشبوون و لێكترازانێك لە ماوەی دوای عوسمانیەكاندا روویاندا-كە لە بیهاچ لە گۆشەی باكوری خۆرئاوای بۆسنێ‌-وە درێژ دەبێتەوە بۆ بەسرە لەسەر كەناری كەنداوی عەرەبی لە عێراق- كە بۆ چەندین جار سەرچاوەیەك بووە بۆ نائارامیی ئیقلیمی و جیهانی لە كاتی نەمانی ئیمپراتۆریەتە كۆنەكان لەپێش سەدەیەكەوە. 
كاتێك ئیمپراتۆریەتی هابسبۆرگ و ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە كۆتایی یەكەمین جەنگی جیهانیدا هەرەسیانهێنا، هەوڵدرا بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی نوێی نەتەوەیی لە بەڵكان، سەرەڕای هەمەجۆریی نیشتمانی و كلتوریی ناوچەكە. لەوكاتەیشەوە نەتەوەیی بە شێوەیەكی چەندبارە بووەوە لەگەڵ مۆزایكی ژیانی مەدەنیی بەردەوام، پێكداهەڵدەپژا لە ناوچەكەدا. ئەمەیش بووە هۆی هەڵگیرسانی ململانێ‌ بەدوای ململانێدا.
ئەوەبوو یوگۆسلاڤیا دامەزرا، وەك ئەو دەوڵەتە نەتەوەییانەی لە وڵاتی شام و وڵاتی دووڕووبار دامەزران بۆ ئیدارەدانی ئەم ناكۆكیە سیاسیانە، بەڵام رووداوە كارەساتاویەكان-لە سەمیرنا و سریبرینیچا و شەنگال و ناوچەكانی تر- وەك رووخسارێكی نەگۆڕی ژیانی دوای ئیمپراتۆریەتەكان مانەوە.
یوگۆسلاڤیا لە سەرەتای نەوەدەكاندا رووخا، ئەمەیش بووە هۆی جەنگێكی دڕندەیی یەك گرێیی لە كرواتیاوە بۆ كۆسۆڤۆ. دەركەوتنی حەوت دەوڵەتی نوێ‌-كە زۆر جاریش ناكۆك بوون لەگەڵ یەكدی- ئەوەی ئاشكراكرد كە ئارامیی ئیقلیمی پشت بە چوارچێوەیەكی نوێ‌ دەبەستێت، ئەویش یەكێتی ئەوروپایە. بەهۆی سەركەوتوویشی لە چارەسەركردنی ململانێ‌ درێژخایەنە نیشتمانیەكاندا، یەكێتی ئەوروپا راسپێردرا بۆ جیاكردنەوەی دابەشبوونە بەردەوامە نەتەوەییەكانی ناوچەكە و هەروەها بۆ خامۆشكردنی ململانێ‌ ئیتنی و نەژادیەكانیش.
لە كۆنگرەی لووتكەی ساڵی 2003 ی یەكێتی ئەوروپا لە تیسالۆنكی، نێردراوەكان بە رەسمی بەڵێنی ئەوەیاندا هەموو وڵاتانی بەڵكان بكەنە كۆمەڵەی ئەندامانەوە. ئەم بەڵێنەیش زەحمەتە پارێزگاریی لێ‌ بكرێت و بەوەفا بن بەرامبەری. كاتێك كێشەكانی ئێستا لە بەڵكان وەستان، سەركردەكانی یەكێتی ئەوروپا وایانزانی كە ئاشتییان لە ناوچەكەدا چەسپاندووە. لە ئێستایش بەدواوە بەرنامەی پەیڕەوكراوی یەكێتیەكە لەبەرامبەر بەڵكان-دا لە بنەڕەتدا مانای مانەوەیە لەسەر ئەم دۆخەی ئێستای.
دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 ەدا بە سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا دامەزرێنرا، جان كلود جونكر ئەم دۆخەی ئێستای جەخت لێكردەوە، ئەوەبوو رایگەیاند لە ماوەی سەرۆكایەتیەكەی ئەمدا، كە پێنج ساڵ دەخایەنێت، یەكێتی ئەوروپا مل نادات بۆ زیاتر فراوانبوونەوەی. راگەیاندنەكەی جونكر لە رووی تەكنیكییەوە دروستە، بەڵام لە رووی سیاسیەوە كارەساتە. لەگەڵ كوژانەوەی ئەو رووناكیەی كە ئاماژەیەك بوو بۆ چاكسازی و پێكهاتن، نەتەوەكانی ناوچەكە جارێكی تر كەوتوونەتەوە گەشە و پەرەسەندن. لەهەمانكاتیشدا یەكێتی ئەوروپا سەرقاڵی كێشە بەردەوامە داراییەكانیەتی، وەك قەیرانی قەرزە سیادیەكانی دەوڵەتە ئەندامەكان.
ماوەیەكی زۆرم بەسەربرد لە بەڵكان لەدوای ساڵەكانی دوای جەنگی بۆسنێ-وە. نێردەی تایبەتی یەكێتی ئەوروپا بووم بۆ یوگۆسلاڤیای جاران، پاشان بوومە سەرۆكی بەشدار بۆ كۆنگرەی دایتۆن-ی ئاشتی، دواتر نوێنەری سامیی بۆ بۆسنێ‌ و هەرسك و لە كۆتایشدا نێردەی تایبەتی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە بەڵكان.
ساڵی رابردوویش، كە لە سەردانێكی ناڕەسمیدا گەڕامەوە بۆ بۆسنێ‌، یەكێكیان پرسیاری ئەوەی لێكردم كە ئاخۆ جارێكی تر جەنگ دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەكە؟ سەرەتا پرسیارەكەم پشتگوێخست، دوایی وەڵاممدایەوە (مەحاڵە). بەڵام هەندێكیان بەردەوام  هەمان پرسیاریان دووبارە دەكردەوە. لە پێنجەمین جاردا منیش هەستم بە نیگەرانی كرد.
بێگومان من راستبووم لەوەدا كە وتم جەنگی نەوەدەكان ناگەڕێتەوە: چونكە بارودۆخەكەی ئێستا زۆر جیاوازە لەوەی ئەوسا. بەڵام وەك چەندین جار بینیوومانە، دەكرێت جەنگاوەرە تاكەكان (الفردیین) ئەو ئاگرە هەڵگیرسێنن كە دواتر كوژاندنەوەی زەحمەت دەبێت. رۆژێك لە رۆژان لە سەرایڤۆ كەسێك كە ناوی گاڤریلۆ برینسیب بوو جەنگێكی جیهانیی هەڵایساند كاتێك ئارچدوك فرانز فردیناند-ی نەمسایی كوشت. ئەمڕۆیش ناوچەكە وردە وردە ئەگەری گڕگرتنی هەیە و دەكرێت بڵێسەیەكی تر داگیرسێت كە رەنگە ئەمجارەیان لە سكۆپی (پایتەختی كۆماری مەقدۆنیا)وە بێت.
كەواتە چی بكرێت؟ سەبارەت بە ئەوروپا، تاقە رێگە كە هەنگاوی بۆ بنرێت، فراوانكردنەوەی دەسەڵاتەكانیەتی بۆ ئەوەی گەمارۆی قەیرانەكان بدات، هەروەها پەلەكردنیش لە پێكەوەیی ئەورپیانە. بۆ چارەرسەركردنی مەترسییە بەدیاركەوتووەكانی بەڵكان دەبێت یەكێتی ئەوروپا ئەوە بسەلمێنێت كە ویست و ئامرازی پێویستی هەیە بۆ كاركردن، ئەمەیش لە رێی بڵاوكردنەوەی گروپگەلی جەنگیی یەكێتی ئەوروپاوە بۆ مەشق و راهێنانی سەربازیی لە ناوچەكەدا. ئەمە دەتوانێت پەیامێكی بەهێز بگەیەنێت و ناوەرۆكەكەیشی ئەوەبێت كە هێزە سەربازیەكانی پڵنگی كاغەزی نین. دەتوانێت جگە لە تەنیا وشە، شتی دیكەیش بەكاربێنێت. تەنیایش بە چوونەڕیزی سلۆڤینیا و كرواتیا بۆ ناو كۆمەڵەكە تا ئێستا، ئەوە دەسەلمێنرێت كە گرەنتیدان لەسەر ئەندامێتیی دەوڵەتەكانی تری بەڵكان كاتی دەوێت. بەڵام ریفۆرم و چاكسازیە داواكراوەكان بۆ ئەوەی ئەم وڵاتانەیش ئامادەی ئەندامێتی بكرێن، دەكرێت و دەبێت پەلەی تێدا بكرێت، لەگەڵ هەنگاونانی كاتی كە متمانە لای گەلانی ناوچەكە دروست بكات.
بۆ نموونە، دەبێت ئێمە هاوبەشیی خۆرهەڵاتیی یەكێتی ئەوروپا دووبارە بكەینەوە، لەگەڵ دامەزراندنی هاوبەشیی بەڵكان، لەگەڵ بەكراوەیی هێشتنەوەی ئەگەری ئەندامێتی، لەهەمانكاتیشدا یەكێتی ئەوروپا پێویستی بە چڕكردنەوەی بەشداربوونی سیاسیانەیەتی لە ناوچەكەدا. دەیشكرێت ئەمە بە چارەسەركردنی كێشە سادە هەڵپەسێردراوەكانی سنوورەكان دەستپێبكرێت بۆ ئەوەی ئاڵۆزتر نەبن و نەتەقنەوە.  
یەكێتی ئەوروپا، لە زمانی ئەمڕۆدا، كێشەیەكی ئاڵۆزی هەیە، لەم ساڵانەی دواییدا ئاڵنگاریەكان زیادیانكردووە، هەروەها كۆنگرە باڵاكانیش كە بۆ چارەسەركردنی ئەم ئاڵنگاریانە ئەنجامیان دەدات. بەڵام سەركردەكانی ئەوروپا بژاردەیەكی روون و ئاشكرایان لە بەڵكان-دا هەیە: یان چارەسەركردنی كێشەكە، یاخود چاوەڕوانی هەتا بەسەریاندا زاڵ دەبێت.

* وەزیری پێشووی دەرەوەی سوید.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure