پارانۆیاى عوسمانى

بۆچوون / بیروڕا :: 16/03/2017

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
هه‌ر به‌ڕاستى له‌م پیاوه‌ بێزاربووین. كه‌ى جه‌نگ له‌ دژى مه‌ریخ راده‌گه‌یه‌نێت؟

ناكرێت وه‌ك سیستمێكى پیرۆز ته‌ماشاى رژێمى سوریا بكرێت. پاشماوه‌ و جێماوه‌كانى ئه‌و هێشتا له‌به‌رچاوماندا ماون، هه‌وه‌ها ناكرێت وابزانین كه‌  ئێران (له‌به‌ر خاترى خوا) یارمه‌تیداوین له‌ تێكشكاندنى داگیركه‌ردا و ده‌ستى شۆردووه‌ له‌ مێژوو و له‌ تاوان و (ئاڵۆزیى) مێژوو.
 به‌ڵام دڵنیاین له‌وه‌ى كه‌ ئه‌گه‌ر ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان نه‌بوایه‌، سوریا نه‌ده‌ڕووخا بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو ناوچه‌ى عه‌ره‌بی-یش له‌گه‌ڵیدا دابڕمێت (كێ ده‌ڵێت وانییه‌؟)، ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌بوایه‌ عێراق هه‌ڵنه‌ده‌وه‌شا، كه‌ رۆژكارى گه‌رده‌لوول له‌ دواى موسڵ چاوه‌ڕێیه‌تى.
ئه‌وه‌تا ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ى له‌ ده‌ورووبه‌ریدا ده‌ف ده‌كوتن و له‌گه‌ڵیدا سه‌ماى ده‌روێشانه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كه‌ن كه‌ هۆڵه‌نداى مه‌سیحى ئیندۆنیسیاى موسڵمانى داگیرده‌كرد و ناپلیۆن بۆناپارت میسرى داگیركرد و هێنرى گۆرۆ-یش به‌ پێڵاوه‌وه‌ چووه‌ته‌ سه‌ر كڵكۆى سه‌لاحه‌دین له‌ دیمه‌شق...

هه‌رگیز ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ هیچ باسێكیان له‌ سێداره‌كانى جه‌مال پاشا نه‌كرد له‌ گۆڕه‌پانى بورج و گۆڕه‌پانى مورجه‌. باووباپیرانى ئه‌و ئێمه‌یان خسته‌ ده‌ره‌وه‌ى زه‌مه‌ن له‌كاتێكدا كه‌ ده‌بوو له‌گه‌ڵ سه‌رده‌مى رۆشنگه‌ریه‌كانى ئه‌وروپادا كارلێكبكه‌ین. عه‌ره‌بیش ده‌ستێكى درێژى له‌مه‌دا هه‌بوو تا بكه‌وینه‌ كلتورى ئاگردان و دووكه‌ڵكێشه‌وه‌.
ئه‌مه‌یش ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت خۆرئاوا بێبه‌ریى بكه‌ین له‌وه‌ى كه‌ كردوویه‌تى. مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان نه‌بوو كه‌ سیستمى سه‌ده‌كانى ناوه‌ڕاست و ئایدیۆلۆژیاكانى سه‌ده‌ى ناوه‌ڕاست و خێڵه‌كانى سه‌ده‌ى ناوه‌ڕاستى نارده‌ جیهانى عه‌ره‌بیه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى سامانه‌كانمان له‌ ژێر پێى شه‌هره‌زاد-دا بمرێت، یاخود له‌به‌رده‌م ئه‌و كارگه‌ى چه‌كانه‌دا كه‌ ئه‌گه‌ر عه‌ره‌ب و عه‌ره‌بى خێڵه‌كى نه‌بونایه‌ له‌وانه‌بوو ده‌رگاكانیان دابخه‌ن...
پیاوێكى پارانۆیى، ئه‌وروپیه‌كان ئاوا ناویان بردووه‌. چ لۆژیكێكه‌ كه‌ كۆبوونه‌وه‌ى جه‌ماوه‌ریى له‌ شاره‌كانى ئه‌وروپادا رێكبخرێت و تێیدا وه‌زیره‌ توركه‌كان وتار بخوێننه‌وه‌ له‌ پێناو ئه‌وه‌ى ره‌وه‌ندى توركیا، كه‌ خۆیان له‌ناو خۆیاندا به‌شبه‌ش بوون، له‌ 16ى نیسانى داهاتوودا تاجى سوڵتانیى بكه‌نه‌ سه‌ر ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان؟ ئه‌ى ئه‌گه‌ر پێكدادان له‌ نێوان توركه‌كان و توركه‌كان یاخود له‌ نێوان توركه‌كان و كورده‌كاندا رووبدات؟ ئه‌ى ئاخۆ ئه‌و پیاوه‌ى كه‌ هه‌زاران ژه‌نراڵ و ئه‌فسه‌ر و دادوه‌ر و مامۆستاى زانكۆى ناچاركردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى راپێچى گرتووخانه‌كان بكرێن یاخود بنێررێنه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌، ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ى گومانى ئه‌وه‌یان لێبكرێت كه‌ به‌شداربوون یان هاوسۆزبوون له‌گه‌ڵ كوده‌تاكه‌ى ته‌موزدا، كه‌سێكى ئاوا پێویستى به‌ ریفراندۆم و راپرسى ده‌بێت؟. 
 زۆر به‌ ئاسانى ده‌یتوانى له‌ مزگه‌وتى شین-ى ئه‌ستانبوڵه‌وه‌، خۆى وه‌كو سوڵتانێك رابگه‌یه‌نێت، دواى ئه‌وه‌ى خه‌ونى ده‌بینى به‌ گه‌یشتنى له‌ سه‌ر زینى ئه‌سپه‌كه‌یه‌وه‌ بۆ مزگه‌وتى ئه‌مه‌وى له‌ دیمه‌شق و زانكۆى موسته‌نسریه‌ له‌ به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ردوو باڵه‌كه‌ى سوڵتاننشینیى ته‌واو بكات.
ئایا ئه‌ردۆغان ئه‌وانه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌ كه‌ رۆژنامه‌كانى ئه‌وروپا ده‌یاننووسن. ئه‌گه‌ر هۆڵه‌ندا به‌ كلتورى گوڵ-ییه‌وه‌ له‌ ئه‌مستردام، كه‌ تێدا قه‌شه‌ له‌به‌رده‌م منداڵانى په‌نابه‌راندا ده‌چه‌مێته‌وه‌، (كۆمارى مۆز)بێت وه‌ك ئه‌ردۆغان ده‌ڵێت، ئه‌ى ده‌بێت توركیا له‌ سه‌رده‌مى ئه‌مدا چى ناوبنرێت، (كۆمارى كوته‌ك) یان (كۆمارى غه‌یب)؟.   
چ ده‌نگێك ده‌توانێت له‌ توركیادا به‌رزبێته‌وه‌ كاتێك سه‌رۆكى ده‌وڵه‌ته‌كه‌ سكاڵا له‌سه‌ر شاجوانى وڵاته‌كه‌ى تۆمارده‌كات له‌به‌ر ئه‌وه‌ى به‌ زمانێكى نه‌رم و نیان ره‌خنه‌ى له‌ سیاسه‌ته‌ ناوخۆییه‌كانى گرتووه‌؟. 
ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ته‌كه‌ى ئه‌وه‌نده‌ پێشكه‌وتووه‌، ئه‌ى 3 ملیۆن تورك له‌ ئه‌ڵمانیا چى ده‌كه‌ن؟ و ئه‌و ملیۆن و 500 هه‌زار توركه‌ى تر بۆ له‌ هۆڵه‌ندان؟.
كچه‌ رۆژنامه‌وانێكى هۆڵه‌ندى وتى"ئه‌وانه‌ میوانى ئێمه‌ن، ئه‌ردۆغان بۆ ده‌یه‌وێت بیانكات به‌ سوپایه‌كى داگیركه‌ر؟". ئه‌وه‌ خۆیه‌تى ده‌زانێن چۆن مامه‌ڵه‌ و ره‌فتار له‌گه‌ڵ توركه‌كانى ناو ئه‌وروپادا بكات، ئاخۆ ئه‌وانه‌ میوانى ئه‌نگێلا مێركڵ-ن یان میوانى مارك روتێ-ن... 
قه‌یناكات، مارك روتێ وه‌ك ئه‌نگێلا مێركڵ توند نییه‌ كه‌ ئه‌ردۆغان به‌ نازى و پشتیوانى تیرۆر تۆمه‌تبارى كرد. ئه‌و خانمه‌ ئامێزى كرده‌وه‌ بۆ په‌نابه‌ره‌ سوریاییه‌كان و وه‌ك ئه‌و سه‌ربازگه‌ى بۆ ئه‌بوبه‌كر به‌غدادى و ئه‌بومحه‌مه‌د جۆلانى نه‌كردووه‌ته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌و له‌ نه‌وه‌ى ئه‌دۆڵف هیتله‌ره‌، وه‌ك ئه‌ردۆغان له‌ڕێى میدیاكانى پارتى دادوگه‌شه‌پێدان-ه‌وه‌ وتى.
ئه‌ڵمانه‌كانیش وه‌ڵامیاندایه‌وه‌"ئه‌وه‌تا وا هیتله‌رێكى تر له‌ژێر داروپه‌ردووى سه‌ڵته‌نه‌تى عوسمانییه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت". ئایا ئه‌وه‌ى سه‌ركرده‌كه‌ى رایخى سێیه‌م له‌ هۆڵه‌ندا و پۆڵه‌ندا و ته‌نانه‌ت فره‌نسایش كردى، ئایا ئه‌ردۆغانیش به‌ سوریا و عێراقى نه‌كرد؟. 
پیاوێك هه‌موو جیهان رقی لێیه‌تى، به‌ڵام سه‌ماكارێكى لێوه‌شاوه‌یه‌. ده‌زانێت چۆن قه‌یران بگه‌یه‌نێته‌ ئه‌وپه‌رى له‌پێناو راكێشانى خواست و ئاراسته‌ى بیروباوه‌ڕى تۆرانى (یان عوسمانى) لاى قه‌ومه‌كه‌ى. ئه‌وه‌ى جێى سه‌رسوڕمانیشه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێده‌چێت ئه‌م پیاوه‌ پارانۆییه‌، له‌ كۆتایى رێگه‌كه‌دا هیچ چارێكى نه‌مێنێت ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ به‌ داواى لێبووردنه‌وه‌ ده‌ست بۆ ده‌ستى به‌شار ئه‌سه‌د درێژ بكات و عه‌بدوڵـڵا ئۆجه‌لان-یش له‌ به‌ندیخانه‌كه‌ى بێنێته‌ ده‌ره‌وه‌، وه‌ره‌ دانوستان بكه‌ین..
له‌ سه‌ماى ده‌روێشه‌كاندا، هه‌ر ده‌بێت سه‌ماكه‌ره‌ گه‌وره‌كه‌ ببورێته‌وه‌!
سه‌رچاوه‌: ئه‌لدیار


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە