خۆرئاوا له‌ خه‌ونى ئه‌ردۆغان بێزاربووه‌

بۆچوون / بیروڕا :: 16/03/2017

سه‌رچاوه‌: ئیسرائیل ئه‌لیوم
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

ئه‌ردۆغان-ى سه‌رۆكى توركیا، ئه‌و هه‌وڵه‌ى حوزه‌یرانى 2016ى قۆسته‌وه‌ كه‌ به‌ كوده‌تا ناوده‌برێت، بۆ سه‌ركوتكردنى ئۆپۆزیسیۆن و پاككردنه‌وه‌ى كه‌رتى گشتى له‌ نه‌یاره‌كانى و گۆڕینى ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى خۆى بۆ دیكتاتۆریه‌تێكى بێسنوور. جیهانى خۆرئاوایش، كه‌ پێویستى به‌ یارمه‌تیى توركیایه‌ بۆ ئه‌وه‌ى رێگربێت له‌ شه‌پۆلى كۆچى خه‌ڵكى ناوچه‌ شه‌ڕاویه‌كانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، خۆى له‌ گێلیدا به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى كه‌ ئه‌ردۆغان پیاده‌ى كردن، وه‌ك لابردنى زیاتر له‌ 100 هه‌زار فه‌رمانبه‌رى ده‌وڵه‌ت و ده‌ستگیركردنى ده‌یان هه‌زارى تر كه‌ سه‌دان كه‌سیان په‌یامنێر بوون.
خه‌ونى ئه‌ردۆغان یه‌كخستنى جیهانى سوننى و سه‌ركردایه‌تیكردنیه‌تى له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌. بۆ ئه‌مه‌یش پشتگیرییه‌كى زۆرى له‌لایه‌ن موفتى (شێخ قه‌ره‌زاوى) یه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ سه‌ركرده‌ى رۆحیى ئیخوان موسلمینه‌ و رایگه‌یاندووه‌: سه‌رۆكى توركیا شایسته‌ى ئه‌وه‌یه‌ ببێته‌ خه‌لیفه‌ى موسڵمانان، چونكه‌ به‌لاى ئیخوان موسلمینه‌وه‌ سنوورى نێوان موسڵمانان كوفره‌. ئه‌وه‌یش نامۆ و جێى سه‌رسوڕمان نییه‌ كه‌ توركیا هه‌وڵده‌دات كاریگه‌ریى هه‌بێت به‌سه‌ر ئه‌و گۆڕانكاریانه‌وه‌ى له‌ پشت سنووره‌كانیه‌وه‌ رووده‌ده‌ن. ئه‌و له‌ سوریادا زۆر چالاك و كارایه‌، به‌تایبه‌ت له‌ جه‌نگى دژى كورده‌كاندا كه‌ دوژمنى ئه‌نقه‌ره‌ن و هه‌ڕه‌شه‌ى سه‌ر سه‌روه‌ریى توركیان به‌هۆى هه‌وڵدانیان بۆ دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆ و له‌ ریزى ئه‌و توركانه‌یشدا كارى بۆده‌كه‌ن كه‌ له‌ خۆرئاواى ئه‌وروپا ده‌ژین. زه‌حمه‌ته‌ ژماره‌ى ئه‌و توركانه‌ بزانرێت كه‌ له‌وێ ده‌ژین، به‌ڵام مه‌زه‌نده‌ ره‌سمیه‌كان ده‌ڵێن 4 ملیۆن و 500 هه‌زار تورك له‌ خۆرئاواى ئه‌وروپا ده‌ژین، له‌و ژماره‌یه‌ییش نیوه‌یان له‌ ئه‌ڵمانیادان. 
له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ى كاتى راپرسییه‌كه‌ى 16 ى نیسانى داهاتوو له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌ى ده‌ستور كه‌ وا بڕیاره‌ ده‌سه‌ڵاتى زیاتر بداته‌ ئه‌ردۆغان، توركیا هه‌وڵده‌دات سه‌ربازگیریى ده‌نگده‌ران بكات له‌ناو توركه‌ په‌رته‌وازه‌كانى خۆرئاواى ئه‌وروپادا. ئه‌ڵمانیا و هۆڵه‌ندایش سه‌ره‌ رمى نه‌یار و دژى ئه‌م هه‌وڵه‌ى توركیان و بانگه‌شه‌ى فه‌رمییش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌وه‌ ده‌ترسن زیان به‌ سیستمى گشتى بگه‌یه‌نێت.
ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ كه‌ خۆرئاوا له‌ خه‌ونه‌ زۆره‌كانى سه‌رۆكى توركیا بێزاره‌. جگه‌ له‌وه‌یش خۆرئاوا له‌و باجه‌یش ده‌ترسێت كه‌ ئه‌وروپا به‌ڵێنى داوه‌ بیدات بۆ دڵنیابوون له‌ رێگریى كۆچبه‌ره‌كان له‌لایه‌ن توركیاوه‌: رێگه‌دان به‌ توركه‌كان تا بێ ڤیزه‌ بچنه‌ ناوچه‌ى شنگن-ه‌وه‌. ئه‌م رێككه‌وتنه‌ ره‌نگه‌ خۆرئاواى ئه‌وروپا بكات به‌ژێر ئه‌و توركانه‌وه‌كه‌ ده‌یانه‌وێت بارى ژیانیان باش بێت. توێژینه‌وه‌كانیش ئه‌وه‌یان ده‌رخستووه‌ كه‌ 13% ى توركه‌ پێگه‌یشتووه‌كان ده‌یانه‌وێت له‌ توركیا كۆچ بكه‌ن و زۆرینه‌یشیان به‌ره‌و خۆرئاواى ئه‌وروپا ده‌یانه‌وێت بڕۆن. قسه‌وباس له‌سه‌ر ملیۆنه‌ها تورك ده‌كرێت كه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ ئه‌وروپاى خۆرئاوادا بژین. 
مه‌ترسیه‌كه‌ هه‌روه‌ها مه‌ترسیه‌كى كلتورییشه‌. ئه‌ردۆغان هه‌ڵوێستى ئیسلامى به‌هێزده‌كات كه‌ بۆخۆى دژى شۆڕشه‌ عه‌لمانیه‌كه‌ى مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتوركه‌. سه‌رۆكى توركیا زیاد له‌ جارێك باسى تۆڵه‌كردنه‌وه‌ى كردووه‌. ده‌یه‌وێت ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ بنێرێته‌ لاى توركه‌كان له‌ خۆرئاواى ئه‌وروپایش. پێگه‌ى سه‌ره‌كیى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى توركیا باس له‌ نزیكه‌ى 1500 پیاوى ئایینیى تورك ده‌كات كه‌ له‌ ناو ره‌وه‌ندى توركیدان له‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزاریه‌كان. پێش ساڵ و نیوێكیش له‌مه‌وبه‌ر ئه‌ڵمانیا بانگخوازێكى توركیى ده‌ركرد كه‌ به‌لایه‌وه‌ (جووله‌كه‌ خراپترین دوژمنى ئیسلامه‌). كه‌واته‌ ئاخۆ ئه‌وروپاى خۆرئاوا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ دژایه‌تیكردنى سیاسه‌ته‌كانى ئه‌ردۆغان؟ رۆژانى داهاتوو وه‌ڵامى ئه‌م پرسیاره‌ ده‌داته‌وه‌.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure