له‌ عێراق كۆتایى داعش نزیكبووه‌ته‌وه‌

بۆچوون / بیروڕا :: 15/03/2017

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
دواى داعش چى ده‌گوزه‌رێت؟ ره‌نگه‌ یه‌كێك پێمبڵێت: هێواش، هێشتا كۆتایى نه‌هاتووه‌. ئه‌مه‌ راسته‌، به‌ڵام كۆتایى تیرۆرى داعشى نزیكبووه‌ته‌وه‌، له‌ عێراق له‌ دواهه‌ناسه‌یدایه‌  و له‌ سوریا-یش هه‌مان چاره‌نووسى ده‌بێت. 


هیوادارم هیوام زاڵ نه‌كردبێت به‌سه‌ر واقیعه‌ تاڵه‌كه‌دا، به‌ڵام من وایده‌بینم كه‌ تیرۆر له‌ هه‌موو بنه‌مایه‌ك لایداوه‌ و به‌شێك نییه‌ له‌ هیچ بنه‌مایه‌ك.

هێزه‌ عێراقیه‌كان و میلیشیا ناوخۆییه‌كان خۆرهه‌ڵاتى موسڵیان ئازادكردووه‌ و ئێستا ئه‌ركه‌كانیان له‌ خۆرهه‌ڵاتى شاره‌كه‌دا ته‌واوده‌كه‌ن. جه‌نگه‌كه‌ بۆ ژه‌نراڵه‌كان جێدێڵم و باس له‌و شتانه‌ ده‌كه‌م كه‌ ده‌یانزانم. دواین هه‌واڵێك كه‌ ده‌رباره‌ى موسڵ ده‌یزانم دۆزینه‌وه‌ى چاڵێكى سروشتییه‌ كه‌ تیرۆریسته‌كان ته‌رمى كوژراوه‌كانى خۆیانیان تێكردووه‌ و به‌ هه‌زاران كه‌س مه‌زه‌نده‌كراون.

ده‌سه‌ڵاتدارانى عێراق ژماره‌ ناڵێن، به‌ڵام ئه‌وه‌ سه‌لمێنراوه‌ كه‌ ده‌یان گۆڕى به‌كۆمه‌ڵ دۆزراونه‌ته‌وه‌، زیاتر له‌ 10 هه‌زار لاشه‌ى پیاو و ژن و منداڵیان تێدان. پێشتریش، به‌ر له‌ سێ ساڵ، گۆڕێكى به‌كۆمه‌ڵ له‌ سه‌ربازگه‌یه‌كى ناوچه‌كه‌دا دۆزراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ته‌رمى 1700 سه‌ربازى تێدابووه‌.

گروپێكى چاودێرى مافه‌كانى مرۆڤ ده‌ڵێت ده‌یان گۆڕى به‌كۆمه‌ڵ، ته‌نیا له‌ باكورى عێراقدا هه‌ن كه‌ یه‌كێكیان ناوى (خفصه‌) یه‌ و ره‌نگه‌ هه‌زاران ته‌رمى تێدابێت.

باس له‌ گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان ده‌كه‌م بێ ئه‌وه‌ى تیرۆرى دژى ئێزیدیه‌كانم له‌ بیربچێت كه‌ تایه‌فه‌یه‌كى بچوكى داخراو به‌سه‌ر خۆیاندان و داعشه‌كان سه‌دان پیاویان لێكوشتن و ژنه‌كانیان و كچه‌ پێنه‌گه‌یشتووه‌كانیانى  سه‌بى كردن.

هه‌روه‌ها كوژراوه‌كانى جه‌نگى ئازادكردنى موسڵ-یشم له‌بیره‌، شه‌ڕه‌كه‌ى ئه‌وێ پێش پێنج مانگ له‌مه‌وبه‌ر ده‌ستیپێكردووه‌ و خۆرهه‌ڵاتى شاره‌كه‌ و فڕۆكه‌خانه‌كه‌یى رزگاركردووه‌، خه‌ریكه‌ له‌ خۆرئاواى شاره‌كه‌یش، واتا به‌شى نزیك له‌ رووبارى دیجله‌، كۆتاییدێت، ئه‌م ناوچه‌یه‌ 750 هه‌زار كه‌سى تێدایه‌ و خوێندوومه‌ته‌وه‌ كه‌ 50 هه‌زاریان له‌ ناوچه‌ى شه‌ڕه‌كه‌ هه‌ڵاتوون، ئێستایش ئه‌وه‌ ده‌خوێنمه‌وه‌ كه‌ هه‌ڵاتووه‌كان ده‌ستیانكردووه‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ماڵه‌كانیان و گه‌ڕه‌كه‌ وێراكراوه‌كانیان.

تاوانێك نه‌ماوه‌ تیرۆریسته‌كان نه‌یانكردبێت، ئه‌ڵێى له‌ رۆژگارى ته‌ته‌ردا ده‌ژیین نه‌ك سه‌ده‌ى بیست و یه‌ك. نه‌خۆشخانه‌ى ئیبن ئه‌سیر-یش له‌ موسڵ له‌ وێرانه‌یى ده‌ربازى نه‌بوو، ئه‌گه‌رچى تایبه‌ته‌ به‌ منداڵانى تووشبوو به‌ نه‌خۆشیى شێرپه‌نجه‌، ئێستا ئه‌وه‌ ده‌خوێنمه‌وه‌ كه‌ نزیكه‌ى 400 منداڵى نه‌خۆش ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌كه‌ و پزیشكه‌كانیشى گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ سه‌ر كاره‌كانیان كه‌ سڵاو بۆ مرۆڤایه‌تییان ده‌نێرم.

له‌ ژیانمدا نه‌چوومه‌ته‌ به‌غدا چونكه‌ هه‌ر له‌ یه‌كه‌م رۆژیه‌وه‌ دژى رژێمى سه‌دام حسێن بووم. هه‌موو هاوڕێكانیشم له‌ باكورى عێراق له‌ كورده‌كان بوون، له‌وانه‌ مام جه‌لال تاڵه‌بانى كه‌ هیواى چاكبوونه‌وه‌ى بۆ ده‌خوازم، هه‌روه‌ها برام مه‌سعود بارزانى. پشتیوانى له‌ ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆى كوردستان ده‌كه‌م له‌ ئێران و عێراق و توركیا پێكبێت، ئه‌مه‌یش ماناى وایه‌ كه‌ من له‌گه‌ڵیاندام دژى جه‌نگى ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له‌ دژیان، ده‌كرا ئاشتى له‌گه‌ڵیاندا به‌رده‌وامبوایه‌ ئه‌گه‌ر توندڕه‌ویى (سوڵتان) ئه‌ردۆغان نه‌بوایه‌.

ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ دۆخى ئه‌منى له‌ عێراق، دوا لێدوانى فه‌رمیى هێزه‌ عێراقیه‌كان له‌ موسڵ كه‌ بیستوومه‌ ئه‌وه‌یه‌،كۆنترۆڵى سێیه‌كى ناوچه‌ى خۆرئاوایان كردووه‌، واتا گه‌ڕه‌كه‌ كۆنه‌كانى شاره‌كه‌ و له‌ ماوه‌ى چه‌ند رۆژێكدا بوونى داعش له‌وێش ده‌سڕنه‌وه‌.

دوو دۆخى سیاسى هه‌ن كه‌ بێگومان كاریگه‌رییان له‌سه‌ر بارودۆخى عێراق ده‌بێت. یه‌كه‌م: سووربوونى دۆناڵد تره‌مپ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ فه‌رمانده‌دات به‌ بۆردوومانه‌كان بۆ له‌ناوبردنى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى كه‌ له‌ عێراق و سوریاوه‌ سه‌ركردایه‌تى ده‌كرێت. ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ ئامانجێك بێت كه‌ هه‌ر به‌راست تره‌مپ بیه‌وێت، به‌ڵام من وایده‌بینم ده‌یه‌وێت جێگه‌ى ئێران له‌ عێراقدا بگرێته‌وه‌ بۆ دزینى پترۆڵه‌كه‌ى. دووه‌م: سه‌ردانى شاندێكى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق بۆ ریاز و ئه‌نجامدانى دانوستان، ده‌بێته‌ هۆى پێكهێنانى ئه‌نجومه‌نێكى هه‌مئاهه‌نگیى نێوان هه‌ردوو وڵات و كردنه‌وه‌ى ده‌روازه‌كانى سنوور و ده‌ستپێكردنى گه‌شته‌ فڕۆكه‌وانیه‌كان. ئه‌م كاره‌ سوودى بۆ عێراق و شانشینى عه‌ره‌بیى سعودیه‌ و هه‌موو وڵاتانى كه‌نداویش هه‌یه‌. تكا ده‌كه‌م هه‌ردوو لایان به‌پیریه‌وه‌ بچن و كارى له‌سه‌ر بكه‌ن و به‌رده‌وامیش بن، چونكه‌ سعودیه‌ وه‌ك تره‌مپ چاوى نه‌بڕیوه‌ته‌ عێراق به‌ڵكو ترسى چاوتێبڕینى ئه‌وانى ترى هه‌یه‌. 

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure