دابەزینی ئاستی زانستیی دەرچوان

بۆچوون / بیروڕا :: 10/03/2017

نووسینی: تارق حەرب
سەرچاوە: ئەلسەباح ئەلجەدید
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید 

ئەوەی یەكێك لە رۆژنامەكانی بەغدا لە 7/3/2017 دا بڵاویكردەوە، واتا خۆپیشاندانی خوێندكارانی یەكێك لە كۆلیژەكانی یاسا، كە داوادەكەن راگری كۆلیژەكەیان ناچاربكرێت بۆ ئەوەی 10 نمرە بداتە هەندێك لە خوێندارە كەوتووەكان هەتا دەربچن، مایەی ترس و پەژارەیە پێكەوە، لەهەمانكاتدا دووركەوتنەوەیشە لە حوكمی یاسا، چونكە خۆپیشاندانەكە لەلایەن خوێندكارانی یاساوە ئەنجامدراوە نەك خوێندكارانی بوارێكی دیكە، بۆ گۆڕینی خوێندكارە كەوتووەكان بە دەرچوو لەڕێی پابەند و ناچاركردنی ئەوەی كە خۆپیشاندانەكەیان لە دژی كردووە، ئەویش راگری كۆلیژەكەیە، بۆ ئەوەی نمرەیان بداتێ‌.

داواكاریی لەمجۆرە، گۆڕینی مافی دەستوری و ئازادیی دەستوریی خۆپیشاندان لە خۆدەگرێت، كە بە پێی مادەی (38)ی دەستور بڕیاری لێدراوە، دەیگۆڕێت بۆ داوایەكی ناڕەوا و نایاسایی و نادەستوریی ناكۆك لەگەڵ ئەو بنەمایەی كە دەڵێت ئازادیی خۆپیشاندانی بڕیارلێدراو بۆ داواكاریی رەوا و داواكاریی راست و داواكارییە یاساییەكانە، نەك داواكاریی ناڕەوا و داواكاریی بەتاڵ و نایاسایی، وەك ئەوەی لە خۆپیشاندانە نا یاساییەكەی خوێندكارانی كۆلیژی یاسادا هاتووە.

ئەوەی دۆخەكە خراپتر دەكات ئەوەیە كە بزانین ئەو خۆپیشاندەرانە خۆیان خوێندكاری یاسا بوون، واتا خۆیان خەڵكانی یاسایی بوون نەك خوێندكاری كۆلیژی پزیشكیی ڤێتێرنەری. خۆ ئەگەر خۆپیشاندەران لە خوێندكارانی كۆلیژی پزیشكیی ڤێتێرنەری بوونایە دژی راگری كۆلیژەكەیان، دەكرا لێخۆشبوونی تێدا بكرایە یان هیچ نەبێت لێی ناڕازی نەبووینایە، بەڵام كێشەكە لەوەدایە ئەم خۆپیشاندانە كەسانێك دەیكەن كە یاسایان پۆشیوە و دەبوایە عەقڵ و دڵیان، لە دوای خوێندنی یاسا لەو كۆلیژە، بگۆڕێت بۆ یاسایی و وازبێنن لە نایاسایی، بۆیە ئەم خۆپیشاندانە ترس و پەژارە پێكەوە، دەورووژێنێت.
   

خۆ ئەگەر ترس خەمێكی پێشبینیكراو بێت، ئەوا پەژارە خەمێكی واقیعیە كاتێك بزانین رێژەی دەرچوون لەم كۆلیژەی خوێندكارانی یاسایەدا لە 10% تێناپەڕێت، لەگەڵ دابەزینێكی ئاشكرای هەموو دەرچوونەكان لە هەموو كۆلیژەكان و زانكۆ حكومی و ئەهلیەكاندا، كە مەسەلەیەكی روون و  ئاشكرایە لای هەر كەسێكی پەیوەندیدار بەم بوارەوە و لە دەرچوانی كۆلیژی پزیشكی و دەرچوانی كۆلیژی ئاداب و دەرچوانی كۆلیژی یاسا و لە هەموو كۆلیژەكانی دیكەیشدا بەبێ‌ جیاوازی.

زۆرینەی دەرچوانی ئەم كۆلیژانە ناچن بەلای لایەنە روون و سەرەتاییە زانراوەكانی ئەو زانستەدا كە خوێندوویانە. تەنانەت یەكێكیانمان لە شەقامی موتەنەبی بینیوە، كە بڕوانامەی دكتۆرای لە مێژوودا هەیە، كەچی جیاوازیی نەدەكرد لە نێوان ئیبن ئەلجەوزی و ئیبن ئەلجەوزیە-دا. هەمان شت دەربارەی دەرچوانی یاسایی لەم رۆژگارەدا. دیاردەی دابەزینی ئاستی زانستیی دەرچوان گشتگیرە، هەڵبەت كەسانی سەركەوتوو و بەتوانایش هەن، بەڵام زۆر كەم و دەگمەنن. دەبوو ئەو لایەنانەی پەیوەندییان بەم بوارەوە هەیە، وازیانبهێنایە لە كۆنگرە و كۆڕ و كۆبوونەوەكانی تایبەت بە مافەكانی مرۆڤ و دیموكراسیەت و توندوتیژیی دژی ژنان كە 14 ساڵە بەردەوامن، لەبری ئەوە بچوونایە بەلای ئاستی دابەزیوی زانستدا و توێژینەوەیان بكردایە لەسەر ئەم دیاردەیە لە كۆنگرەكان و كۆڕ و كۆبوونەوەكانی هەموو لایەنەكاندا، لە پۆستە باڵاكانی كۆلیژەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و پارلەمان و حكومەت و ئەوانی تریشدا. چونكە هەموو شتێك دەكرێت رووبدات تەنیا مەسەلەی دابەزینی ئاستی زانستی نەبێت. دەبا یەكێكیان ئەوە بێنێتە بەرچاوی خۆی كە كوڕەكەی نەخۆشە و دەیخاتە بەردەستی پزیشكێك كە ئەو خەسڵەتانەی سەرەوە دەیگرێتەوە. 


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure