بێ‌ پیاو... جەژنی ژنان ناتەواوە

بۆچوون / بیروڕا :: 09/03/2017

سەرچاوە: ئەلسەباح ئەلجەدید
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید


كاتێك دەربارەی ژن دەدوێین، هەمیشە رستەیەك خۆی هەڵدەداتە زیهنمانەوە و دەڵێت "ژن نیوەی كۆمەڵە" بەڵام ئەم نیوە تەواوكارەی كۆمەڵ، ئاخۆ نیوەكەی دیكە، وەك قەوارە مافی داوەتێ‌؟ ئایا كۆمەڵگە ئازادیی داوەتێ‌ كە مافێكی راسپێیرداوی مرۆیی و یەزدانییەتی؟ چونكە خوا كەس بە بەندەیی دروست ناكات، بەڵكو ئازاد دروست دەكات. ئایا كۆمەڵ دانیناوە بە مافەكانی لە هەڵبژاردنی هەموو لایەنەكانی ژیانیدا؟ لە كار-ەوە بۆ هاوسەرگیری و هەڵبژاردنی هاوژین و هەتا هەڵبژاردنی ئەوەی كە دەیپۆشێت و لەبەری دەكات. ئایا توانیویەتی دوای تێپەڕبوونی ئەم هەموو ساڵە، وەك مرۆڤێكی ئازاد چێژ لە مافەكانی وەربگرێت؟ لانیكەم لە ماڵەكەیدا، لەگەڵ هاوسەرەكەیدا، لەگەڵ براكەیدا، لەگەڵ دایك و باوكیدا.
لە جەژنی ژناندا وامان بەباشزانی چۆنیەتی پێشوازیكردنی هەندێك لە ژنان لە جەژنەكەیان بزانین و بزانین هاوژینەكانیان چۆن پێشوازییان لەم رۆژە كردووە. 
 
عەواتف عەبدولڕەحمان كە فەرمانبەری یەكێك لە فەرمانگەكانی دەوڵەتە، دەڵێت هاوسەرەكەی بۆ یەكەمجار بایەخی بەم بۆنەیە داوە و دیارییەكی بۆ دەكڕێت كە (ئەڵقەیەكی ئاڵتون) بووە:"زۆر بە دیارییەكە دڵخۆشبووم، نەك لەبەر بەها مادییەكەی بەڵكو لەبەر بەها مەعنەوییەكەی كە بەلای منەوە زۆر گەورەیە، هەروەها لەبەر ئەوەیش كە ئەمە یەكەم ساڵە هاوسەرەكەم بایەخ بە جەژنی ژنان دەدات، چونكە هەموو ساڵێك لەو كەسانە تووڕە دەبوو كە پیرۆزبایی جەژنەكەیانی لە ژنەكانیان دەكرد و هەمیشە بە شتێكی بێ‌ مانای دادەنا، بەڵام ئەمڕۆ ئاستی كاریگەریی كۆمەڵ و هاوڕێ‌ و رۆشنبیریی گشتیم زانی و پێش ئەویش نەرمینواندن لە بیركردنەوە لەسەر كەسێتیی مرۆڤ. سوپاستان دەكەم، سوپاس بۆ مێردەكەم، هەموو ساڵێك بۆ ژنان و شانبەشانی پیاوان بەخۆشی".
 
حزام یوسف، كچە شاعیر و میدیاكار، باسی ژنان بەگشتی و ژنانی عێراق بە تایبەتی دەكات و وایدەبینێت كە بوونەوەرێكی زۆر لە پیاو بەهێزترە!. رەنگە ئەم بۆچوونەی هەندێك توند بێت، بەڵام روونیدەكاتەوە و دەڵێت:"لە میانەی ئەزموونی تایبەت و گشتیی خۆمەوە گەیشتوومەتە ئەو راستیەی كە ژن هێزێكی هێندە بەهێزی هەیە وێنا ناكرێت، چونكە ژن تەنانەت لە گریانەكەیشیدا بەهێزە، گریان هۆكارێكی سەرەكییە بۆ رزگاربوونی لەو زۆرلێكردنە سەپێنراوەی كە دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی و كێشەی دەروونی و زۆرجار مرۆڤ لاواز دەكات. هەموو ساڵێك بۆ ژنانی عێراق بەخۆشی، بەخۆشییش نابێت ئەگەر خۆی چەكدار نەكات بە رۆشنبیری و بە مكوڕبوون و بەهێز، بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو ئەو بیروبۆچوونانەی كە لەگەڵ ئەوەدا نین ژن قەوارەیەكی ئازادی سەربەخۆیە. چونكە ژن شایانی ئەوەیە پێشەنگ بێت لە هەموو بوارەكانی ژیاندا و شانبەشانی هاوڕێی هەمیشەیی و هاوسەری و برای و هاوڕێكانی. بەڵام سەبارەت بە دیارییش، هەندێك گوڵم لە چەند هاوڕێیەكمەوە پێگەیشت كە سوپاسی ئەوان و ئێوەیش دەكەم".

نوئاس ئەلحوڕ دەرهێنەری رادیۆیی، پیرۆزبایی جەژن لە ژنانی عێراق دەكات و دەڵێت:"ناتوانم ژن جیابكەمەوە و بڵێم ئەوان نیوە یاخود هەموو كۆمەڵن، چونكە ژن و پیاو كۆمەڵگە پێكدێنن و ئەگەر ئەوان پێكەوە نەبن كۆمەڵیش نابێت. سەبارەت بەخۆیشم من ساڵانە دیارییەك دەدەمە هاوسەرەكەم كە پێی دڵخۆشبێت، هەوەها دیاریی ئاساییش دەدەمە خوشكەكانم، چونكە دەزانم هەموو ژنانی جیهان بایەخ دەدەن بە بیرهێنانەوەی هەر بۆنەیەك كە پەیوەندیی هەبێت پێیانەوە، هەندێك جار بە داوەتكردنیان بۆ ئێوارەخوانێك وازدێنم، یان پیاسەیەكی خێزانی، هەموو ئەمەیش مانای ئەوە دەگەیەنێت كە بۆنەكەم لەبیرە و هێندەی حەزم لێی بێت بایەخی پێدەدەم".

ژن ناكرێت ژن بێت بە بێ‌ بوونی پیاو، هاوكێشەكە بەپێچەوانەیشەوە راستە. لەم جەژنی ژنانەیشدا هیچمان نییە هێندە نەبێت بڵێین هەموو ساڵێكی عێراق بە ژن و پیاویەوە بە هەزار خێر و پیرۆزبایی، بەتایبەت ئەو قارەمانانەی كە گیانی خۆیان خستووەتە سەر لەپی دەستیان و رۆیشتوون بەرەو مەیدانەكانی جەنگ بۆ شەڕكردن دژی دڕندەترین و توندوتیژترین رێكخراوی تیرۆریستی، لەپێناو دابینكردنی ژیانێكی ئازاد و ئابڕوومەندانە بۆ هەموومان.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure