به‌ ئیجازه‌ى مه‌ولانا

بۆچوون / بیروڕا :: 05/03/2017

دنیا لاى من چاو و ڕاوه‌، تێكۆشه‌ر ئه‌قڵى سووڕاوه‌
ته‌ئریخیش له‌ هه‌ق لایداوه‌، پیاوى به‌ هه‌ڵوێست فه‌وتاوه‌
له‌ به‌ر قاپى (ئه‌و)دا كه‌وتووم، سێبه‌ره‌كه‌ى خۆشه‌ و خه‌وتووم
وا مه‌زانن قه‌ت نه‌سره‌وتووم، له‌جاده‌ى قیر لام نه‌داوه‌
خوا نه‌یبڕێ ئه‌م نیعمه‌ته‌، كه‌ پاره‌ى گومرگ و نه‌وته‌
سه‌فه‌رم له‌سه‌ر حوكمه‌ته‌، به‌ ڕاستى به‌خشنده‌ و پیاوه‌
قه‌ت وا هه‌ست ناكه‌م سه‌رشۆڕم، وه‌ك ده‌رپێ سه‌نگه‌ر ئه‌گۆڕم
ناویشى ئه‌نێم ریفۆرم، دڵسۆز به‌ڕووى بێ كڵاوه‌
له‌ رابردووم حاشا ئه‌كه‌م، ملى هه‌قیقه‌ت بائه‌دم
لاى من وجود یه‌عنى عه‌ده‌م، قسه‌ى ئه‌وسام بیر نه‌ماوه‌
شه‌رت ئه‌وه‌یه‌ ده‌ستت بڕوات، سه‌فته‌ى پاره‌ت قات له‌سه‌ر قات
چاوى ئه‌و خه‌ڵكه‌ ده‌رئه‌هات، كه‌ به‌ختى ره‌شه‌ و سووتاوه‌
تۆش سوخته‌یت فه‌قێیت یان مه‌لا، بۆ موسته‌قبه‌لت له‌مه‌ولا
بمكه‌ به‌ مه‌سه‌لى ئه‌علا، راست بڕۆى هه‌قت خوراوه‌

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure