هه‌ڵه‌شه‌یى توركیا له‌ بڕیاردان و پاشگه‌زبوونه‌وه‌یدا

بۆچوون / بیروڕا :: 02/03/2017

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
ئێمه‌یش له‌ نێوان ئه‌و چه‌ند كه‌سه‌ سیاسى و نووسه‌رانه‌دا بووین كه‌ لێدوانه‌ تونده‌كانى ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكى توركیا و مه‌ولود چاوش ئۆغڵو-ى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌یمان به‌لاوه‌ په‌سه‌ند نه‌بوو كه‌ تێیاندا ئێران-یان به‌وه‌ تۆمه‌تبار كرد كارده‌كات بۆ دابه‌شكردن و به‌ شیعه‌كردنى عێراق و سوریا و له‌ روانگه‌ى نه‌ته‌وه‌یى فارسییه‌وه‌ ره‌فتار ده‌كات و سیاسه‌تێك په‌یڕه‌وده‌كات كه‌ ده‌بێته‌ هۆى تێكچوونى بارى ئارامى ناوچه‌كه‌. ئه‌وه‌ى ئێمه‌ خۆشه‌ویستییه‌ك نه‌بوو بۆ ئێران هێنده‌ى ئه‌وه‌ى كه‌ به‌ته‌نگه‌وه‌چوونى راستگۆیى توركیا و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى بوو. پێشبینیى ئه‌وه‌یشمان كرد كه‌ هه‌ردووكیان له‌و لێدوانانه‌یان پاشگه‌زده‌بنه‌وه‌، به‌تایبه‌ت دواى ئاگاركردنه‌وه‌ تونده‌كه‌ى ئێران له‌سه‌ر زارى به‌ڕێز محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ و هه‌روه‌ها به‌ پێوه‌رى ئه‌زموونه‌كانى پێشوو و خوێندنه‌وه‌ى قووڵى هه‌ڵوێستى ره‌سمیى توركیا له‌م شه‌ش ساڵه‌ى دواییدا. 


پێشبینیه‌كه‌مان له‌ جێى خۆیدا بوو و چاوه‌ڕوانیمان هێنده‌ درێژه‌ى نه‌كێشا تا هه‌ردوو پیاوه‌كه‌ له‌و لێدوانانه‌یان په‌شیمانبوونه‌وه‌. ئه‌وه‌تا به‌ڕێز چاوش ئۆغڵو لێدوانێكى داوه‌ته‌ ئاژانسى ره‌سمیى ده‌نگوباسى ئێران (ئێرنا) كه‌ رۆژى چوار شه‌ممه‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا ده‌ڵێت"پشتگیریى ئێران و راوه‌ستانى له‌گه‌ڵ توركیا، به‌ حكومه‌ت و گه‌له‌وه‌، له‌بیرناچێت، له‌كاتى كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌ى رۆژى 15 ى ته‌موزى رابردوودا" هه‌روه‌ها ده‌ڵێت" شتى هاوبه‌شى زۆر له‌ نێوان ئێران و توركیادا هه‌ن و هاوكاریى نێوان هه‌ردوو گه‌لى ئێرانى و توركى به‌شداربووه‌ له‌ پێشخستن و په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندیى برایه‌تیدا". له‌ كۆتایى لێدوانه‌كه‌یدا ده‌ڵێت"هه‌ردوو وڵات پێویستیان به‌ راوێژ و گفتوگۆى زیاتره‌ بۆ پته‌وكردنى په‌یوه‌ندیه‌كانیان و نه‌هێشتنى هیچ هه‌ڵه‌تێگه‌یشتنێك". ئه‌مه‌یش ره‌نگه‌ ماناى سه‌ردانێكى زۆر نزیكى خۆى، واتا به‌ڕێز ئۆغڵو، یان ئه‌ردۆغان-ى سه‌رۆكى، بۆ تاران، بگه‌یه‌نێت.

ئه‌مه‌یش یه‌كه‌مجار نییه‌ كه‌ ئه‌م جۆره‌ پاشگه‌زبوونه‌وانه‌ى تێدا ده‌بینین، به‌سته‌یه‌كى گه‌وره‌ى به‌ به‌ڵگه‌كراوى هاوشێوه‌ى ئه‌مه‌ له‌به‌رده‌ستدان، هه‌ر له‌ داواى لێبووردنه‌كه‌ى له‌ روسیا و دووباره‌ گێڕانه‌وه‌ى په‌یوه‌ندیى ستراتیژیى له‌ گه‌ڵ ده‌وڵه‌تى ئیسرائیلى داگیركه‌ر و سڕینه‌وه‌ى هه‌موو مه‌رجه‌كانى په‌یوه‌ست به‌ هه‌ڵگرتنى گه‌مارۆى سه‌ر كه‌رتى غه‌ززه‌، هه‌تا ده‌گاته‌ ئه‌م سۆزدارییه‌ى ئێستاى به‌رامبه‌ر به‌ ئێران و په‌یوه‌ندیى برایانه‌ى له‌گه‌ڵیدا. 

به‌ڕێز محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، توند و خێرا بوو له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى سه‌رۆك ئه‌ردۆغان و چاوش ئۆغڵو-ى هاوتایدا، كاتێك وتى"توركیا دراوسێیه‌كه‌ یادگه‌ى لاوازه‌ و نكۆڵى له‌ باشیه‌كان ده‌كات، ئه‌وان كۆمارى ئیسلامى ئێران به‌ تایفه‌چێتى تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ى هه‌ڵوێستى ئێمه‌یان له‌ شه‌وى روودانى كوده‌تا سه‌ربازییه‌كه‌ى ئه‌م دواییه‌دا له‌بیرچووبێته‌وه‌ كه‌ هه‌تا به‌یانى چاودێریى دۆخه‌كه‌مان ده‌كرد له‌كاتێكدا كه‌ حكومه‌تى توركیا شیعه‌یش نییه‌".

به‌ڵێ یادگه‌ى حكومه‌تى توركیا لاوازه‌ و نكۆڵى له‌ شته‌ باشه‌كان ده‌كات، له‌به‌ر ئه‌مه‌یشه‌ كه‌ دوژمن چوارده‌ورى گرتووه‌، نه‌ك دۆسته‌كان وه‌ك ده‌ ساڵى پێش ئێستا و رۆڵێكى سه‌ره‌كیى گێڕاوه‌ له‌ هه‌ڵگیرساندنى جه‌نگه‌ تایه‌فیه‌كان و تێكدانى بارى ئارامى زۆربه‌ى دراوسێكانى، به‌تایبه‌تییش سوریا كه‌ تا ئێستایش به‌ بیانووى دامه‌زراندنى ناوچه‌ى ئارامه‌وه‌ به‌شێك له‌ خاكه‌كه‌یى داگیركردووه‌. 

ئه‌گه‌ر حكومه‌تى توركیا ناچارده‌بێت داواى لێبووردن له‌ ڤلادیمێر پوتین سه‌رۆكى روسیا بكات، به‌ زمانى روسییش، بۆ ئه‌وه‌ى شه‌ڕه‌كه‌ى له‌ خۆى دووربخاته‌وه‌ و ئه‌و سزا ئابورییه‌ى له‌سه‌ر لاببات كه‌ به‌سه‌ریدا سه‌پاندوویه‌تى، ئیتر بۆچى فڕۆكه‌كه‌ى له‌ نزیك سنووره‌كانى له‌گه‌ڵ سوریا، پێكا و خستیه‌خواره‌وه‌، به‌ پاساوى ئه‌وه‌ى كه‌ بۆ چه‌ند چركه‌یه‌كى دیاریكراو كایه‌ى ئاسمانیى توركیاى به‌زاندووه‌؟ ئه‌ى ئه‌گه‌ر له‌ لێدوانه‌ رقهه‌ڵسێنه‌ره‌كانى دژى ئێران پاشگه‌زده‌بێته‌وه‌، بۆچى، هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌، لێدوانى وا ده‌دات؟

ئه‌م لێدوانه‌ (له‌ ناكاو له‌ده‌مده‌رچوو)انه‌ و ئه‌م به‌خێرایى لێى پاشگه‌زبوونه‌وانه‌، متمانه‌كردنى به‌ هه‌ڵوێستى توركیاى له‌ق كردووه‌ و راستگۆیى پێ كه‌مكردووه‌ته‌وه‌ و ره‌نگدانه‌وه‌ى نه‌رێنیى هه‌بووه‌ له‌سه‌ر پێگه‌ى ئیقلیمى و نێوده‌وڵه‌تیى توركیا. ئه‌مه‌یش دۆخێكى به‌ ئازاره‌ بۆ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ خۆشیانده‌وێت و سه‌رسام بوون به‌ ئه‌زموونى ده‌سه‌ڵاتى دیموكراسیانه‌ى بونیاتنراو له‌سه‌ر په‌ره‌سه‌ندنى گه‌شه‌یه‌كى بێ وێنه‌ى ئه‌م وڵاته‌.

سه‌قامگیریى توركیا كه‌وتووه‌ته‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌وه‌ به‌هۆى ئه‌و سیاسه‌تانه‌وه‌ كه‌ حكومه‌ته‌كه‌ى گرتوویه‌تیه‌به‌ر و دوژمنانى له‌دژى گردكردوونه‌ته‌وه‌ و زه‌مینه‌ى پێویستى بۆ تیرۆر و جودایخوازه‌كانى ناوخۆ ره‌خساندووه‌. ئه‌و ئابورییه‌ى توركیا كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ و جیهانیشدا (شانازیى) به‌ په‌ره‌سه‌ندنیه‌وه‌ ده‌كرا، له‌ پاشه‌كشێدایه‌ و خه‌ریكه‌ ده‌گاته‌ لێوارى هه‌ره‌س. ئوتێله‌كانى ئه‌ستانبوڵ، وه‌ك ئه‌وه‌ى هاوڕێیه‌كم هه‌فته‌ى رابردوو سه‌ردانى ئه‌وێى كردبوو و بۆیگێڕامه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ وان هیچ گه‌شتیارێكیان تێدا نه‌بن, لیره‌ى توركى له‌ نێوان داكشان و هه‌ڵكشاندا دێت و ده‌چێت و كه‌وتووه‌ته‌ خوار چوار لیره‌ بۆ تاقه‌ دۆلارێك. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌یشدا كاربه‌ده‌سته‌ توركه‌كان هونه‌ریى ئه‌نوێنن له‌ دروستكردنى دوژمنان و له‌ده‌ستدانى هاوڕێكان یه‌ك به‌ دواى یه‌كدا و به‌ خێراییه‌كى پێوانه‌یى. 

گره‌وكردن له‌سه‌ر دۆناڵد تره‌مپ-ى سه‌رۆكى ئه‌مریكا كه‌ دژى ئیسلام و موسڵمانانه‌، گره‌وێكى دۆڕاوه‌. ریزگرتن له‌ سه‌نگه‌ره‌كه‌ى ئه‌ودا له‌ دژى ئێران یان روسیا یاخود چین، قومارێكى ترسناكه‌، چونكه‌ هێزى راسته‌قینه‌ى توركیا له‌ په‌یوه‌ندیى باشیدایه‌ له‌گه‌ڵ دراوسێكانی و كردنه‌وه‌ى كه‌ناڵى گفتوگۆیه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى هه‌موو قه‌یرانه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان و پاراستنى میراته‌ شارستانیه‌كه‌ى و پێكه‌وه‌ژیانى نێوان هه‌موو تایه‌فه‌ و نه‌ژاده‌كانى و چه‌سپاندنى یه‌كێتیى دیموگرافى و جوگرافى و بڵاوكردنه‌وه‌ى ئه‌م میراته‌یه‌ له‌ هه‌موو ناوچه‌كه‌دا. جگه‌ له‌مه‌ ماناى پارچه‌پارچه‌ بوون و جه‌نگى ناوخۆ و هه‌ره‌سى ئابورییه‌، ئه‌مه‌یش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ بۆ توركیاى ناخوازین، هه‌روه‌ها بۆ هیچ ده‌وڵه‌تێكى ناوچه‌كه‌یش.
سه‌رچاوه‌: ره‌ئیولیه‌وم

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure