پێویسته‌ دۆناڵد تره‌مپ له‌ نێوان كورده‌كان و توركیادا یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرێت

بۆچوون / بیروڕا :: 02/03/2017

سه‌رچاوه‌: فاینه‌نشاڵ تایمز
وه‌رگێڕان: محه‌مه‌د نه‌جمه‌دین 

ئه‌گه‌ر بڕیاربێت دۆناڵد تره‌مپ په‌یمانی ساتی ده‌ستبه‌كاربوونی وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌مریكا، بۆ له‌ناوبردنی"ئیسلامیه‌ توندڕه‌وه‌ تیرۆریسته‌كان"جێبەجێ‌ بكات، پێویسته‌ هه‌ر زوو بڕیاربدات له‌گه‌ڵ كێدا ئه‌و كاره‌  بكات. 

جه‌نگی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ، ئه‌و شاره‌ی باكوری عێراق كه‌ له‌ ساڵی 2014 دا له‌ لایه‌ن ڕێكخراوی داعشه‌وه‌ گیرا، له‌ ئێستادا به‌رده‌وامه‌. هێزه‌ تایبه‌ته‌كانی ئه‌مریكا، شانبه‌شانی سوپای عێراق و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و میلیشیا شیعه‌كان، كه‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پشتیوانی ده‌كرێن، ئۆپراسیۆنێكیان بۆ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ ده‌ستپێكردووه‌. له‌ئێستاشدا كاتی بڕیاردانه‌ له‌سه‌ر كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی ڕه‌ققه‌ی مۆڵگه‌ی سه‌ره‌كی  داعش له‌ باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی سوریا. ئه‌مه‌ش مانای بڕیاردانه‌ له‌ نێوان دوو هاوپه‌یمانی ئه‌مریكا كه‌ دوژمنی سه‌رسه‌ختی یه‌كن: توركیای هاوپه‌یمانی ناتۆ و جەنگاوەرە كورده‌كانی سوریا، كه‌ به‌ یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه‌)ناسراون. 

نه‌ك ته‌نها تێكشكاندن و نه‌هێشتنی خه‌لافه‌تی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی نیگه‌رانی بۆ دۆناڵد تره‌مپ دروستكردووه‌، به‌ڵكو داهاتووی كورده‌كانیش، ئه‌و خه‌ڵكه‌ بێ ده‌وڵه‌ته‌ی كه‌ به‌سه‌ر سوریا و عێراق و توركیا و ئێراندا دابه‌شبوون، به‌ هه‌ڵواسراوی ماوه‌ته‌وه‌.

 له‌ كه‌مپینی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكادا، ساڵی پار دۆناڵد تره‌مپ ستایشی هێزه‌ كوردیه‌كانی كرد و وتی ئه‌وان"سه‌لماندویانه‌ باشترین شه‌ڕكه‌رن" و " دڵسۆزترینن بۆ ئێمه‌". ئه‌مه‌ش هیوای كورده‌كانی به‌رزكرده‌وه‌. كورده‌كانی عێراق، كه‌ هه‌ر ده‌مێكه‌ خۆیان حوكمی خۆیانده‌كه‌ن له ‌هه‌رێمی كوردستانی ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ نه‌وتدا،  ده‌یانه‌وێت ئه‌مریكا له‌ كۆتاییدا جیابوونه‌وه‌یان پێببه‌خشێت له‌و عێراقه‌ی كه‌ شیعه‌كان تێیدا باڵاده‌ستن‌ و باوه‌ڕیش ناكه‌ن هه‌رگیز شیعه‌ ده‌سه‌ڵاتیان له‌گه‌ڵ دابه‌شبكات. كورده‌كانی سوریا-یش، كه‌ ئه‌مریكا پشتیوانی ئاسمانیی بۆ فه‌راهه‌مكردوون، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن حوكمی  خۆیان بكه‌ن له‌ سوریادا، داوای پشتیوانیی سیاسی و چه‌كی باشتر ده‌كه‌ن له‌ ئه‌مریكا. 

دوابه‌دوای تێكشكاندنی داعش كه‌ له ‌سه‌ره‌تای سەرهەڵدانیاندا واده‌رده‌كه‌وت هه‌رگیز ناوه‌ستێنرێت، شه‌ڕ‌ڤانه‌ كورده‌كانی سوریا بوون به‌ قاره‌مان، به‌تایبه‌ت پاش ئه‌و به‌رخۆدانه‌ی كورده‌كان له‌ شاری كۆبانی-دا به‌رامبه‌ر هێرشه‌ به‌رده‌وامه‌كانی داعش نواندیان. گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی به‌رخۆدانه‌كانیان و ئازایه‌تیی ژنه‌ شه‌ڕه‌ڤانه‌كانیان كه‌ بوونه‌ دیاریی ئیستاتیكای میدیا جیهانیه‌كان و  ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ گه‌ورانه‌ی له‌به‌رامبه‌ر داعشدا تۆماریانكرد،  وایانكرد كورده‌كانی سوریا ببنه‌ هاوپه‌یمانێكی لێجیانه‌بووه‌وه‌ی ئه‌مریكا. 

ترسی توركیا له‌به‌رامبه‌ر سه‌ركه‌وتنی كورده‌كاندا ڕووی له‌زیادبوون كردووه‌. به‌ تایبه‌ت  پێشڕه‌ویی كورده‌كانی سوریا له‌ سنووره‌كانی باشوری توركیا، ئه‌و ترسه‌ی بۆ توركیا دروستكردووه‌ كه‌ له‌وانه‌یه‌ ئه‌گه‌ر كورده‌كانی سوریا پەلبهاون، كاریگه‌ریی بكه‌نه‌ سه‌ر كورده‌كانی توركیا و ئه‌وانیش داوای حوكمڕانیكردنی خۆیانبكه‌ن.  شه‌ڕه‌نگێزێتی توركیا زیاتر به‌وه‌ گه‌وره‌تر بووه‌ كه‌ یه‌په‌گه‌ پارتێكی سه‌ر به‌ په‌كه‌كه‌-یه‌، ئەو پارتەی  توركیا له‌ ساڵی 1984 ه‌وه‌ له‌گه‌ڵیاندا له‌ شه‌ڕدایه‌. 

هه‌رچه‌نده‌ توركیا هاوپه‌یمانی ناتۆیه‌، به‌ڵام حكومه‌ته‌ نیمچه‌ ئیسلامیه‌كه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان-ه‌وه‌ ده‌ستیبه‌سه‌رداگیراوه‌، له‌ دۆخێكی به‌هێزدا نییه‌.
به‌هۆی ئه‌وه‌ی  توركیا ده‌یه‌وێت ڕژێمه‌كه‌ی به‌شار بڕووخێت و ئه‌و خاكه‌ عه‌ره‌بیه‌ی خه‌لافه‌تی عوسمانی بگه‌ڕێنێته‌وه‌ ژێرده‌ستی خۆی، ماوه‌ی 5 ساڵه‌ به‌ به‌رده‌وامی ڕێگه‌ی داوه‌ داعش و هێزه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌ میانڕه‌وه‌كانی سوریا به‌ توركیادا بپه‌ڕنه‌وه‌ و بنكه‌ دروستبكه‌ن. سه‌ره‌ڕای زنجیره‌یه‌ك  ته‌قینه‌وه‌ی داعش له‌ توركیا، هه‌ر له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی ئه‌سته‌مبوڵ تاوه‌كو وێستگه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌ری ئه‌نقه‌ره‌،  توركیا ته‌نها هاوینی پار شه‌ڕی له‌ دژی داعش ئه‌نجامداوه‌. له‌به‌رئه‌وه‌ له‌ حاڵه‌تی له‌وجۆرهدا‌ پاڵ به‌ تره‌مپ-ه‌وه‌ نانێت تاوه‌كو ده‌ستبه‌رداری یه‌په‌گه‌ ببێت و له‌ گه‌ڵ توركیادا یه‌كبگرێت بۆ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی ڕه‌ققه‌. 

توركیا مانگی ئابی ڕابردوو، هێزی خۆی و3000 چه‌كداری سوپای ئازاد-ی سوریای نارده‌ باكوری خۆرئاوای سوریا بۆ پاككردنه‌وه‌ی داعش له‌ دووری 98 كلیۆمه‌تر له‌ سنووره‌كانی. ئامانجی سه‌ره‌كی ڕێگریكردنبوو له‌ تێپه‌ڕنی شه‌ڕه‌ڤانانی یه‌په‌گه‌ له‌ ڕووباری فوڕاته‌وه‌ بۆ كانتۆنه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات. بۆئه‌وه‌ی ئه‌م كاره‌بكات، پێویست بوو ئه‌ردۆغان گڵۆپی سه‌وزی له‌ لایه‌ن ڤلادمێر پوتین-ه‌وه‌ بۆدابگیرسێنرێت، كه‌ هێزه‌ ئاسمانیه‌كانی یارمه‌تیی ئه‌سه‌د-یان ده‌دا تا حه‌ڵه‌ب بگرنه‌وه‌. 

له‌به‌رئه‌وه‌ پشتبه‌ستن به‌ توركیا بۆ هه‌ر كارێك بێت له‌ سوریا – جگه‌ له‌ وه‌ستانی كورده‌كان نه‌بێت- له‌ژێر پرسیاردایه‌! به‌ درێژایی شه‌ڕ و پێكدادانه‌ شێوه‌ جیاوازه‌كانیان، كورده‌كانی سوریا زیاتر سنووره‌كانی خۆیان له‌ سوریا گرتووه‌ وه‌ك له‌ توركیا، ئه‌و ناوچانەیش‌ كه‌ گرتوویانه‌ باشتر له‌ به‌رامبه‌ر چه‌كدارانی داعش پاراستوویانه‌ و پارێزگارییان لێكردوون. له‌ ئێستاشدا هاوشانی5000 چه‌كداری خێڵه‌ عه‌ره‌بیه‌كان، كورده‌كانی سوریا هێزێكی30.000 چه‌كداریان دروستكردووه‌ و به‌ره‌و ڕه‌ققه‌ به‌ڕێكه‌وتوون.
 
لەبەرئه‌وەی‌ سوپای توركیا به‌هۆی كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌ی ساڵی پارەوە دووچاری قه‌یرانبووه‌ته‌وه‌ و لاوازبووه‌، ناتوانێت بگاته‌ ئه‌و هێزه‌ی ئێستا كورده‌كان هه‌یانه‌ له‌ سوریا. چه‌كرداره‌كانی سوپای ئازاد-ی سوریا و چه‌كرداره‌ ئیسلامیه‌كانی دیكه‌ی سه‌ر به‌ توركیا له‌ سوریا، نزیكه‌ی 3000 بۆ 5000 چه‌كدران. ته‌نها بۆ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی باكوری خۆرئاوای ئه‌لباب، نزیكەی سێ مانگیان پێچوو.  پێشنیاری توركیا بۆ شه‌ڕێكی گه‌وره‌تر بۆ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی ڕه‌ققه‌، جارێكی دیكه‌، زیاتر بۆ ڕێگریكردنه‌ له ‌یه‌په‌گه‌. 

جه‌نگیز جه‌نده‌ر، شڕۆڤه‌كارێكی تورك-ی به‌ ئه‌زموون له‌ كاروباری كورد-دا ده‌ڵێت"ئه‌نقه‌ره‌ ته‌نها ده‌یه‌وێت ڕێگری بكات له‌ یه‌كگرتنی كانتۆنه‌ كوردیه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی فوڕات و ئە‌وانه‌ی ڕۆژئاوا". ده‌شڵێت"ده‌شیه‌وێت ئه‌و دوو كانتۆنه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتیش له‌یه‌كتر جیابكاته‌وه‌". 

له‌ ئێستاشدا پاش ئه‌وه‌ی دۆناڵد تره‌مپ به‌ سیاسه‌تێكی دژه‌ داعشیه‌وه‌ بووه‌ به‌ سه‌رۆكی ئه‌مریكا، پێویسته‌ له‌ نێوان ئه‌و دوو ئۆپراسیۆنەی‌ كه‌ ئێستا هه‌ن: ئۆپراسیۆنی قه‌ڵغانی فوڕاتی توركیا و ئۆپراسیۆنی تووڕه‌یی فوڕاتی كورده‌كان، یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرێت، یه‌كێكیان كه‌ مژده‌به‌خشبێت و بتوانێت ئامانجه‌كه‌ی پێبهێنێته‌دی. 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure