پیلانگێڕییەكی گەردوونی

بۆچوون / بیروڕا :: 02/03/2017

سەرچاوە: شەرقولئەوسەت
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید
بیهێنە پێشچاوت ئەوەی پێش دوو رۆژ لەمەوبەر لە ئاهەنگی دابەشكردنی خەڵاتەكانی ئۆسكار-دا روویدا، كاتێك ورن بایتی-ی ئەكتەر و دەرهێنەر بە هەڵە زەرفە پێچراوەكەی وەرگرت، فیلمێكی دیكە بە براوە راگەیەنرا، بیهێنە پێشچاوت كە ئەمە لە كۆتایی فێستیڤاڵێكی عەرەبیدا بووایە. دەبوو چی روویبدایە؟.
لەوێ‌ لۆژیك بە خێرایی هاتەئاراوە. یەكێك لە بەرهەمهێنەرانی فیلمی (لا لا لاند) كە بە هەڵە سەركەوتنی راگەیەنرابوو، بە گەرمییەوە داوای لێبووردنی كرد (ئەگەرچی هەڵەكە لەویشەوە نەبوو)، بە دەنگێكی بەرزەوە سەركەوتنی فیلمی (مۆنلایت)ی راگەیاند و بە خێرایی پیرۆزباییەكی دۆستانەی سەركەوتنی فیلمەكەی لە دەرهێنەرەكەی و بەرهەمهێنەرەكەی كرد، نەك هەر ئەوە بەڵكو لەسەر شانۆكە و لە ناو سەرسوڕمانی هەموو ئامادەبواندا، دەرهێنەری فیلمەكەی لە ئامێزگرت و لە هەموو لایەكەوە چەپڵەی بۆ لێدرا.
ئەو سیناریۆ چاوەڕوانكراوانە بهێنەوە بەرچاوت كە روودەدەن لە هەڵەیەكی لەمجۆرەدا و لە كۆتایی فێستیڤاڵێكی عەرەبی یان بۆنەیەكی هاوشێوەدا (ئەگەرچی تا ئێستا بۆنەیەكی هاوشێوەی ئەوەی ئۆسكار یان گۆڵدن گڵۆپ یاخود سیزاری فرەنسی لای ئێمە بوونیان نییە). جا بۆ یارمەتیدانی ئەو دیمەنە چاوەڕوانكراوە، یاخود ئەگەری كاردانەوەكان، لێرەدا چەند سیناریۆیەك دەخەینەڕوو:
* ئەو بەرهەمهێن یان دەرهێنەرەی كە بە براوە رادەگەیەنرێت، ئەنجامەكە قبووڵ ناكات و بە سووكایەتیكردن بەرامبەر كەسایەتیی خۆی دایدەنێت، لەوانەیشە لەسەر شانۆكە نەیەتەخوارەوە.
*  لە سەكۆكە دێتە خوارەوە و یەكڕاست بەرەو دەرگای چوونەدەرەوە دەچێت، تەماشای دواوەی خۆی دەكات و هەندێك قسەی مزر دەگرێتە ئامادەبوانی ئاهەنگەكە.
* نە سڵاو لە براوەكە دەكات و نە باوەشی پێدادەكات و نە ئومێدی سەركەوتنی زیاتری بۆ دەخوازێت، بەڵكو سەیری دەكات و بە تێكەڵوپێكەڵییەكەوە پێی دەڵێت: (یەعنی تۆ لە من باشتریت؟).
بەڵام بۆ ئەمانەتێكی رەها دەڵێم، ئەگەرێك یان دوان لەسەدا هەیە، كە بەگیانێكی وەرزشییەوە رەفتار بكات و پیرۆزبایی لە براوەكە بكات و بەشداربێت لە خۆشییەكەیدا. ئەمە وەستاوەتەوە سەر باشیی پەروەردەبوونی و ئاستی رۆشنبیری و گیانی وەرزشییانەی. 
زۆرجاریش ئەگەر كەسێك بكەوێتە وەها دۆخێكەوە، هێرش دەكاتە سەر بۆنەی ئاهەنگەكە و بەهەموو پیاهەڵدانێك بەوە ناوی دەبات كە ئاهەنگێكی بێ‌ سەرەوبەرە بووە و ئەوەیش كە روویداوە بە (مەسخرە)ی دادەنێت. تەنانەت هەندێك رۆژنامەوانی نێوەندە رۆشنبیرییەكە دەڵێت ئەو (براوەی راستەقینە)یە. بەمەیش دەیەوێت گومان بخاتە سەر لیژنەی هەڵسەنگاندن و ئاستی ئیدارەی فێستیڤاڵەكە، ئیتر رووداوەكەیش بە (پیلانگێڕیی) ناودەبات.
ئایا جیاوازیی گەورەی نێوان ئێمە و ئەوان دەبینن؟
تەنیا هەڵەیەك بۆ یەكەمجار لە مێژووی ئاهەنگی ئۆسكار، یان لە میانەی 89 خولدا، نەدەبوو رووبدات، بەڵام روویدا. دیوارەكانی شوێنەكە نەرووخان و دەنگی ناڕازیبووەكان بەرز نەبووەوە و دۆڕاو پەلاماری براوە یان دامەزراوەی خاوەن ئاهەنگەكەی نەدا، بەڵكو هەموان بە خێرایی و لۆژیكەوە رەفتاریان كرد.
هێشتا رووداوەكە تەواو نەبووبوو، چەندین نامەم پێگەیشت و ئەوەی روویدا بە پیلانگێڕیی و دەستبڕین و هەوڵێك بۆ بازاڕگەرمی ئاهەنگەكە (لە ساتەكانی كۆتاییدا؟) دادەنا... ئەمە بیركردنەوەی لانیكەم هەندێكمانە. ئەی خەڵكینە مەسەلەكە بە هیچ جۆرێك وا نییە.
مەسەلەكە ئەوەیە كە ژیان رۆشنبیرییە. ئەو ئەركەیش كە هیچ جێگرەوەیەكی نییە ئەوەیە منداڵەكانمانی پێ‌ گۆش بكەین. وایان لێبكەین بتوانن جڵەوگیری میراتیی بەجێماو و سۆزە ئامادەكان بكەن. ئەوەی لە دوكانەكان و لەسەر شەقامەكان و لە ئاسانسۆرە كارەباییەكان و لە ژیانی رۆژانەماندا دەیبینین پێچەوانەی ئەمەیە. تاك لای ئێمە وا رەفتار دەكات دەڵێی یەكەمی و لەپێشینەیی مافێكە و بە میرات بۆی ماوەتەوە. ئەو هەر خۆی یەكەمە و لە پێش هەموانەوەیە. كاتێك ئۆتۆمبێل دەئاوژێت و كاتێك چاوەڕێی سەرەكەی خۆی ناكات. كاتێك لەخۆی دەپرسێتەوە و داننان بەهەڵەی خۆیدا بە كەموكورتی دەزانێت و وابیردەكاتەوە كە بەوكارەی تووشی خراپە دەبێت. ئەم رەوشت و رەفتارانە، كە ئاسایی دەردەكەون، هەڵەگەلێكن ناكرێت بەرگرییان لێ‌ بكرێت و بەرئەنجامی ونبوونی رۆشنبیریی ژیان و نەمانی مامەڵەیەی لۆژیكییانەیە لەگەڵ خود و ئەوانی دیكەیشدا.
 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure