عەلى وەردى وایگوت

بۆچوون / بیروڕا :: 28/02/2017

سەرچاوە: ئەلسەباح ئەلجەدید
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

لە کتێبەکەیدا (گاَڵتەجاڕیى عەقڵى ئادەمیزاد)،عەلى ئەلوەردى زاناى کۆمەڵناسى عێراقى، باس لە شوێن و پێگەى ئیمان دەکات لە نێوان دوو سەردەمدا و دەڵێت: رەنگە موسڵمانەکانى ئێستا لەو بڕوایەدابن کە ئەگەر لە سەردەمى بانگەواز (زمن الدعوە)دا بژیانایە، راستەوخۆ و هەر لەگەڵ بیستنیاندا دەچوونە ناویەوە. من تا ئێستا بەهەڵەداچوونێکى لەم بەهەڵەداچوونە سووکترم نەدیوە. 

دەبێت موسڵمانەکانى ئەمڕۆ هەزارجار شوکرانەبژێرى خوادا-یان بن کە لەو ماوە قورس و زەحمەتەدا خەڵقى نەکردوون. خۆ ئەگەر خودا ئەوکاتە دروستى بکردنایە، ئەوا لە جۆرەکانى ئەبى جەهل و ئەبى سفیان و ئەبى لەهەب دەبوون، یاخود لانیکەم شوێنکەوتەى ئەوان دەبوون و بانگخوازەکە (ێاحب الدعوە)کەیان بەردباران دەکرد و پێى پێدەکەنین و گاڵتەیان بە قورانەکەى و میعراجەکەى دەکرد.
خوێنەرى بەڕێز، خۆت بهێنەرە پێشچاوت کە لەسەردەمى دەعوەى ئیسلامیدا لە مەککە بیت و بەچاوى خۆت پیاوێکى داماو ببینیت خەڵکى ئازاى دەدەن، بەردى تێدەگرن و گاڵتەى پێدەکەن و پێیدەڵێن شێت. 
ئەوەیش بێنەوە پێشچاوت کە تۆ لە مەککە گەورە بوویت و بڕوات بە پیرۆزیى ئەو بتانە هەیە کە باوک و باپیرانت باوەڕیان پێى بووە و بەلاتەوە پیرۆزن و داواى یارمەتى و خێریان لێدەکەیت. دایکە بەسۆزەکەت لەسەر ئەمە پەروەردەى کردوویت و تۆیش هەر لە منداڵییەوە لەسەرى راهاتوویت و جگە لەو هیچ شتێکى تر نابینیت. پاشان دەبینیت کە ئەو پیاوە داماوە دێت و ئەم بتانە لەناو دەبات کە تۆ پیرۆزتکردوون و خزم و کەسوکار و هاوڕێکانت و خەڵکى شارەکەت هەموو رقیان لێى دەبێتەوە و هەموو عەیب و عار و ریسوایى و نەنگیەکى دەخەنە ئەستۆ. تۆ چى دەکەیت؟تکایە ماوەیەکى باش بیرى لێبکەرەوە پێش ئەوەى وەڵامى ئەم پرسیارە بدەیتەوە.
لە بابەتێکى ترى کتێبەکەدا، ئەلوەردى دەنووسێت: ئەلجاحز دەڵێت خودا لەسەر کوفرەکانیان سزاى کافرەکان نادا مەگەر ئەوانەیان کە بەڕاستى کەللەڕەقییان کرد، ئەویش ئەو کەسەیە کە قەناعەتى بە راستیى و دروستیى بانگەوازەکە هەیە بەڵام لەبەر بەرژەوەندیى تایبەتى کەوتووەتە ژێر کاریگەریى کوفرەوە.
بە ڕاى جاحز: بیروڕاى مرۆڤ و بیروباوەڕى، شتێکى خۆویستانە نییە، بەڵکو بەسەریدا سەپێنراوە و دەرەنجامێکى بەزۆر و ناچاریى سەپێنراوى چۆنیەتیى پێکهاتنى عەقڵ و ئەو بیروڕایانەیە کە بەریدەکەون، بۆیە ئەو کەسەى کە دین بەریدەکەوێت و عەقڵى نایبڕێت ( واتا نەچووە عەقڵیەوە)ناچارە وەرینەگرێت و ناکرێت وەریبگرێت، کەواتە ئیتر کەسەکە بەرپرسیار نییە لە بیروباوەڕەکەى چونکە (لا یکلف الله نفسا إلا وسعها).
ئەو کەسەى تووشى رەنگکوێرى ببووبێت، سوور بە رەش دەبینێت و ئەمەیش هیچ گلەییەکى لێناکرێت. چونکە ناتوانێت هیچ بکات ئەوەندە نەبێت کە چاوەکانى بکاتەوە یان دایانبخات، ئیتر رەش ببینێت یان سوور بەدەست خۆى نییە. هەمانشت دەربارەتى مەسەلە بەجێ و گونجاوەکانى دیکەیش. 





created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە