ئه‌لباب له‌ نێوان ئاستانه‌ و ئه‌ستانه‌دا

بۆچوون / بیروڕا :: 27/02/2017

سه‌رچاوه‌: ئه‌لنه‌هار
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

  به‌ كۆنترۆڵكردنى شارى ئه‌لباب، ماناى وایه‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان هه‌نگاوێكى دیكه‌ له‌ شارى ره‌ققه‌ نزیكبووه‌ته‌وه‌ و له‌هه‌مانكاتیشدا له‌ به‌ره‌ى روسى-ئێرانى دووركه‌وتووه‌ته‌وه‌. 
ئاماژه‌كانى جیابوونه‌وه‌ى توركیا له‌ موسكۆ و تاران، له‌وكاته‌وه‌ ده‌ركه‌وت كه‌ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكى ئه‌مریكا ئاماژه‌ى دا به‌ (ناوچه‌ ئارامه‌كان) له‌ سوریادا. پێش ئه‌وه‌ ئه‌ردۆغان تووڕه‌ و رقهه‌ستاوبوو له‌ ئیداره‌كه‌ى پێشووى باراك ئۆباما، چونكه‌ نه‌ده‌هات به‌ده‌نگ بانگه‌وازه‌ به‌رده‌وامه‌كانى ئه‌ردۆغانه‌وه‌ ده‌رباره‌ى دامه‌زراندنى (ناوچه‌ ئارامه‌كان) كه‌ ئه‌نقه‌ره‌ وایده‌دا زیاتر چوارچێوه‌یه‌كى جوگرافیه‌ بۆ پاراستنى ئۆپۆزیسیۆنى سورى، وه‌ك له‌وه‌ى كارێكى مرۆیى بێت بۆ یارمه‌تیدانى په‌نابه‌ران و ده‌سته‌به‌ركردنى گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ناوخۆى سوریا. 
پێویست ناكات ویستى ئیداره‌ى ئۆباما بۆ كورده‌كان و پشتپێبه‌ستنیان وه‌ك نووكه‌ڕمى سیاسه‌تى ئه‌مریكا، بیربێنینه‌وه‌، كه‌ نفوزى ئه‌ردۆغان-ى به‌رامبه‌ر واشنتۆن زیادكرد. هه‌وڵى كوده‌تاكه‌ى هاوینى رابردوو و به‌ده‌نگه‌وه‌نه‌چوونى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ داواكه‌ى سه‌رۆكى توركیا به‌ راده‌ستكردنه‌وه‌ى فه‌تحوڵـڵا گوله‌ن-ى بانگخوازى ئیسلامى كه‌ له‌ پێنسلڤانیا ده‌ژى و ده‌سه‌ڵاتدارانى توركیا تۆمه‌تبارى ده‌كه‌ن به‌وه‌ى له‌ پشت هه‌وڵى كوده‌تاكه‌وه‌یه‌، هێنده‌ى تر درزى ناكۆكیى نێوان توركیا و ئه‌مریكاى فراوانتر كرده‌وه‌.   
له‌م ساته‌ بارگرژه‌ سیاسییه‌ بێوێنه‌یه‌ى نێوان ئه‌نقه‌ره‌ و واشنتۆندا، ئه‌ردۆغان واى به‌باشزانیوه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر به‌ دڵه‌ڕاوكێ و راڕایشه‌وه‌ بێت، بچێته‌ ریزى هه‌وڵه‌كانى روسیا و ئێران-ه‌وه‌ بۆ رێكخستنى ئاگربڕێك له‌ سوریا كه‌ رێگه‌ بكاته‌وه‌ له‌به‌رده‌م چاره‌سه‌رێكى سیاسیدا. بۆ ساتێكیش واده‌ركه‌وت كه‌ ئاماده‌كاریى ده‌كات بۆ گۆڕانێكى چۆنیه‌تى له‌ هه‌ڵوێستیدا به‌رامبه‌ر دیمه‌شق.
به‌ڵام ئه‌م پێشبینییانه‌ له‌ جێگه‌ى خۆیاندا نه‌بوون. ئه‌وه‌تا ئه‌ردۆغان، كه‌ له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ى كوده‌تاكه‌ى هاویندا بوو، كوده‌تا تایبه‌ته‌كه‌ى خۆى جێبه‌جێده‌كات كه‌ ده‌سه‌ڵاتێكى چه‌وسێنه‌ر و خۆسه‌پێنى له‌ سیستمێكى سه‌رۆكایه‌تیدا بۆ فه‌راهه‌مكردووه‌ و ته‌نیا رێككه‌وتنێكى رووكه‌شى ماوه‌ ئه‌ویش له‌ راپرسیه‌كه‌ى مانگى نیساندا جێبه‌جێ ده‌بێت. ئه‌م سیستمه‌ تازه‌یه‌یش دڵنیایى ده‌داته‌ ئه‌ردۆغان بۆ ئه‌وه‌ى هه‌تا ساڵى 2029 له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بمێنێته‌وه‌. له‌ سوریایش، به‌هۆى پرۆسه‌ى (قه‌ڵغانى فورات)ه‌وه‌، دۆخه‌كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى ئه‌نقه‌ره‌ و (ناوچه‌ ئارامه‌كه‌ى) ئاوه‌ژوو ده‌بێته‌وه‌ كه‌ هیچى نه‌ماوه‌ ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێت واشنتۆن وه‌ك ناوچه‌یه‌كى دژه‌فڕین رایبگه‌یه‌نێت، به‌مه‌یش پرۆژه‌كه‌ى كورد له‌ سوریا ده‌بێته‌ یه‌كه‌مین  قوربانیى له‌شكركێشیه‌ سه‌ربازیه‌كه‌ى توركیا و ره‌زامه‌ندیى ئه‌مریكایش له‌ دواییدا.    
له‌م سنووره‌یشدا، ئه‌ردۆغان كۆبوونه‌وه‌ى دووه‌مى ئاستانه‌ى له‌باربرد و ئاماژه‌یه‌كى دایه‌ ئۆپۆزیسیۆنى سوریا به‌وه‌ى ئاستى داواكارییه‌كانى له‌ ژنێڤ زیاد بكات. هێشتایش سه‌رۆكى توركیا له‌ گه‌شته‌كه‌ى سعودیه‌ و قه‌ته‌ر-ى نه‌گه‌ڕابووه‌وه‌ كه‌ زمانى توركیا به‌رامبه‌ر به‌ ئێران توند بوو و تۆمه‌تى ئه‌وه‌ى خسته‌ پاڵ كه‌ به‌هۆى رۆڵیه‌وه‌ له‌ سوریا دنه‌ى تائیفى ده‌دات له‌ ناوچه‌كه‌دا. هه‌موو ئه‌مانه‌ ئه‌گه‌ر ئاماژه‌بن بۆ شتێك ئه‌وا ئه‌و شته‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مانگى هه‌نگوینیى توركیا و روسیا و ئێران هیچ نه‌بوو جگه‌ له‌ قۆناغێكى كاتى كه‌ تێیدا ئه‌ردۆغان ده‌یویست به‌هۆیه‌وه‌ پێگه‌ى خۆى له‌ ناوخۆ و له‌ ناوچه‌كه‌یشدا پته‌و  و به‌هێز بكات، هه‌تا بتوانێت پرۆژه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ى خۆى له‌ سوریادا جێبه‌جێ بكات. به‌ڵام ئه‌مه‌یش ماناى ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ده‌توانێت و سه‌ركه‌وتن یاوه‌رى ده‌بێت.   
روسیا ده‌یویست ئاستانه‌ ببێته‌ سیمبولێكى سیاسى بۆ به‌دیهێنانى ده‌ستكه‌وتى سه‌ربازیى روسیا له‌ سوریادا به‌ درێژایى نزیكه‌ى ساڵ و نیوێك، به‌ڵام ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌ردۆغان هێشتا به‌ عه‌قڵ و به‌ رۆحیشى، ئه‌ستانه‌ى به‌لاوه‌ سیمبولى ئیمپراتۆریه‌تى عوسمانى-یه‌. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure