(ناتۆ)ی عەرەبی لەدژی (وارشۆ)ی ئێرانی

بۆچوون / بیروڕا :: 21/02/2017

سەرچاوە: شورقولئەوسەت
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید
سەد ساڵی مێژووی ناوچەكە، بریتی بووە لە جەمسەرگەری و بەرە و سەربازگە و هاوپەیمانیی گۆڕاو. ئەوەیش كە ئێستا دەربارەی بیرۆكەی پێكهێنانی پەیمانی ناتۆی چوارقۆڵیی عەرەبی دەوترێت، كاردانەوەیەكی ئاسایی دیكەیە دژی هاوپەیمانی سێقۆڵیی ئێرانی.
ئەم گردبوونەوە سەربازییە عەرەبیە لە پەیمانی ناتۆ دەچێت، واتا رێكخراوی پەیمانی باكوری ئەتڵەسی كە دەرەنجامی فراوانبوونەوەی سۆڤیەت دامەزرێنرا و هێزێكی سەربازیی خۆرئاوایی بوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی یەكیەتی سۆڤیەت لەمیانەی جەنگی سارددا.
چۆن دەكرێت سعودیە و ئیمارات و میسر و ئوردن، هێزێكی هاوبەشی سەربازیی پێكبێنن لە بەرامبەر فراوانبوونەوەی ئێراندا، دوای ئەوەی كە پەلیهاویشتووە بۆ عێراق و سوریا و نفوزی گەیاندووەتە لوبنان و یەمەن؟
ئەو چوار وڵاتە عەرەبییە، هەر لە بنەڕەتەوە و ماوەیەكی زۆرە هاوپەیمانن و ئێستا بە ئاستی جیاجیا بەشداری جەنگی یەمەنن، هەروەها میسریش. لەوێ‌ سوپای ئیمارات شان بە شانی هێزەكانی سعودیە، هەر لە سەرەتاوە، دەجەنگ، ئوردن-یش پەیوەندییەكی بەهێزی سەربازیی لەگەڵ هەرسێكیاندا هەیە. بەڵام تەنانەت لەگەڵ ئەم هاوكارییانەیشدا ناتوانین وایدابنێین كە پەیوەندییەكانیان زۆر لەیەكترەوە نزیكن و وەك پەیمانی ناتۆ وایە لە رووی تێگەیشتن و سروشتی پابەندبوونیەوە.
لە ناوچەكەماندا بۆشاییەكی گەورەی سیاسی هەیە، هەروەها تێكچوون و شپرزەیی لە تەرازووی هێزە سەربازییە ئیقلیمیەكەیشدا هەیە، بەتایبەت لە ماوەی هەشت ساڵی رابردوودا. كەمكردنەوەی پابەندبوونەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانیش لە ناوچەكەدا ئەو شیرازەتێكچوونەی زیاتركردووە، دواترینیان واژۆكردنەكەی بوو لەسەر رێككەوتنە ئەتۆمیەكەی لەگەڵ ئێراندا كە وەك ئاشتبوونەوە و كۆتایی رووبەڕووبوونەوەكانی نێوان هەردوو وڵاتەكە وایە. ئەم بۆشاییە، فراوانبوونەوەی ئێرانی لەناو عێراقدا لێكەوتەوە، هەروەها چوونی بۆ ناو جەنگێكی گەورەی سەربازییش لە سوریا و بۆیەكەمجار پێكهێنانی میلیشیایەك كە رایكێشاونەتە ئەوێوە، هەروەها هەوڵە بەردەوامەكانیشی بۆ ئەوەی جەنگەكەی یەمەن بە هەڵگیرساوی بمێنێنەوە لەڕێی پشتگیریكردنی لە كودەتاكە. 
ئەوەیش كە دەوترێت دەربارەی هاوكاریی پێشنیاركراوی ناتۆی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائلدا، ئەوە دید و وێناكردنێكە كەوتووەتە پێش هاوپەیمانیەكەوە كە هێشتا دانەمەزراوە! تەنانەت ئەگەر گریمان راستیش بێت ئەوا ئەو هاوكارییە، ئەگەر بەنهێنیش بێت، هەر سنووردار دەبێت و ناكرێت پشتی پێببەسترێت. ئیسرائیل عادەتەن لە شەڕ و ململانێكانی ناوچەكەدا بوونی هەیە، ئیتر با ئەو ئامادەگییەی دیاریكراو و بێدەنگیش بێت. ئەو لە جەنگەكەی سوریادایە، جارێك ئامانجەكانی حزبوڵـڵا بۆردوومان دەكات و جارێكیش هێرش دەكاتە سەر گرووپەكانی داعش و هەندێجاریش ئەو زانیارییانە دەداتە لایەنە جیاجیاكان كە لە خزمەتی خۆیدابێت. یەكێك لە پسپۆرانی ئیسرائیل وتوویەتی ئەوان بەوە دڵخۆشن كە دەبینن هەزاران چەكداری حزبوڵـڵا گلاونەتە شەڕەوە لە سوریا، چونكە ئەوان لەژێر زەوییدا خۆیان دەشاردەوە و شەڕی پارتیزانییان دەكرد كاتێك هێزەكانی ئیسرائیل لە لوبنان هێرشیان دەكردە سەریان. ئەمڕۆ ئەوان رۆڵی ئیسرائیل دەگێڕن لە سوریادا.
بیرۆكەی ناتۆ، یان هاریكاریی چوارقۆڵیی عەرەبی، ئەگەر ببێتە راست، ئەوا رادەگەیەنرێت و پرۆژەیەكی نهێنی نابێت وەك ئەوەی هەواڵەكانی ئەم دواییانە باسی دەكەن. هاریكاریی سەربازییش، ئیتر لەژێر هەر چەترێكدا بێت، بیرۆكەیەكی باش و هەنگاوێكی پێویستە، بەتایبەت ئەگەر فراوانتر بكرێتەوە بۆ لەخۆگرتنی زیاتری وڵاتان. چونكە پێكهێنانی هاوپەمانێتییەك بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران، هاوسەنگیەكی پێویستە وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر هاوپەیمانەكانی ئەو. ئەو گردبوونەوەیەكی سەربازیی لە هەرسێ‌ وڵاتی عێراق و سوریا و لەگەڵیاندا ئێرانیش پێكهێناوە و هاوكاریی روسیایشی گەیاندووەتە ئاستێك كە روسیا بنكەی سەربازیی لە ئێراندا داناوە و روسەكان بەهێزەوە لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانی ئەو سێ‌ وڵاتەدا لە سوریا بەشدارن. جگە لەوە، ئێران هاوپەیمانیەكەی خۆیی پتەوتر كردووە بە هێنان و راكێشانی گروپ و میلیشیای چەكدار لە پاكستان و عێراق و لوبنان و دەوڵەتانی دیكەوە، كە لەژێر ئاڵای ئەودا لە سوریا شەڕ دەكەن. هەروەها هێزەكانی ئێران، لەژێر ناوی پسپۆراندا، لە عێراق دەجەنگن و ئیدارەی رووبەڕووبوونەوەكانی ئەوێیشیان بەدەستەوەیە.
بۆیە، دامەزراندنی پەیمانی (ناتۆ)ی عەرەبی ئەگەر بێتەدی، كاردانەوەیەكی ئاسایی دەبێت بەرامبەر پەیمانی (وارشۆ)ی ئێرانی.    


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure