ئه‌ردۆغان دیموكراسیى توركیا تیرۆر ده‌كات

بۆچوون / بیروڕا :: 20/02/2017

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

ئه‌و پرۆژه‌ یاسایه‌ى كه‌ ده‌سه‌ڵاتێكى فراوان ده‌دات به‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان بۆ ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر بنه‌ماى رژێمێكى سه‌رۆكایه‌تیى جێبه‌جێكار حوكمى توركیا بكات، زۆرینه‌ى پێویستى سێیه‌كى له‌ پارله‌ماندا به‌ده‌ستنه‌هێنا، كه‌چى (سوڵتان) ئه‌ردۆغان واژۆى كرد و له‌ 16 ى نیسانى داهاتوودا ده‌خرێته‌ ده‌نگدانى راپرسییه‌وه‌.
له‌گه‌ڵ بێده‌نگكردنى میدیا و سه‌ركوتكردنى ئۆپۆزیسیۆن و ده‌رپه‌ڕاندنى پایه‌كانى سوپا و پۆلیس و قه‌زا، یاخود زیندانیكردنیان، وایده‌بینم كه‌ راپرسیه‌كه‌ ره‌زامه‌ندیى وه‌رده‌گرێت بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌ردۆغان بتوانێت هه‌تا ساڵى 2029 حوكمى توركیا بكات.

ده‌مه‌وێ پێش ئه‌وه‌ى لێببمه‌وه‌، ئه‌وه‌ تۆمار بكه‌م كه‌ هه‌ڵوێستى ئه‌ردۆغان دژى سوپاى توركیا له‌ دواى هه‌وڵه‌ كوده‌تاكه‌ى ته‌موزى رابردووه‌وه‌، سوپاى زۆر لاوازكردووه‌، سه‌دان گه‌وره‌ ئه‌فسه‌ر ده‌ركران یاخود له‌ به‌ندیخانه‌دان، به‌ جۆرێك وایلێهاتووه‌ كه‌ هێزه‌كانى توركیا ناتوانن شارۆچكه‌ى ئه‌لباب-ى سوریا بگرنه‌وه‌، ئه‌گه‌رچى پیاوانى ده‌سه‌ڵات درۆیان كرد كاتێك باسى (ئازادكردن)ى شارۆچكه‌كه‌یان كرد.
هه‌واڵه‌كانى مه‌یدانى شه‌ڕ جه‌خت له‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ هێشتا تیرۆریسته‌كان له‌ ناوه‌ڕاستى شارۆچكه‌كه‌دان و چه‌ندین هێرشى هێزه‌كانى توركیایان به‌رپه‌رچداوه‌ته‌وه‌. چۆن ئه‌مه‌ روویدا؟ هه‌ندێك له‌ پسپۆران ده‌ڵێن هێرشه‌كه‌ به‌ باشى پلانى بۆ دانه‌نرابوو. هه‌ندێكى دیكه‌ ده‌ڵێن رێگه‌كانى گه‌یاندنى هاوكاریه‌كان به‌ هێزه‌كانى توركیا، هه‌ر له‌ سنووره‌وه‌ هه‌تا ئه‌لباب، ئارام نه‌بوون و هیچ پاسه‌وان و پارێزگارییه‌كیان نه‌بووه‌.
ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ راپرسیه‌كه‌، ئه‌و راپرسییه‌ پۆستى سه‌ره‌ك وه‌زیران ناهێڵێت و ده‌سه‌ڵاتگه‌لێك ده‌دات به‌ سه‌رۆك كه‌ كۆنترۆڵ و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى قه‌زا ده‌گرێته‌وه‌، ئه‌مه‌یش له‌گه‌ڵ مافى هه‌ر ده‌نگده‌رێكى توركیى ته‌مه‌ن هه‌ژده‌ ساڵ و زیاتردایه‌ تا بچێته‌ پارله‌مانه‌وه‌ كه‌ ژماره‌ى ئه‌ندامه‌كانى زیاد ده‌كات. سه‌رۆك ده‌توانێت پارله‌مان هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌، به‌ڵام پارله‌مان مافى ئه‌وه‌ى ده‌بێت داواى هه‌ڵبژاردنێكى تازه‌ى سه‌رۆكایه‌تى بكات.
به‌كورتى، توركیاى ئه‌ردۆغان ده‌وڵه‌تێكى دیموكراسى نابێت، له‌به‌ر ئه‌مه‌یش چووه‌نه‌ ریزى یه‌كێتیى ئه‌وروپاى له‌ زه‌حمه‌ته‌وه‌ ده‌بێته‌ مه‌حاڵ. وڵاتانى ئه‌ندامیش جار له‌ دواى جار چاوخشاندنه‌وه‌ و ته‌ماشاكردنى داواكه‌ى توركیایان، بۆ چوونه‌ ریزیان، دواخستووه‌.

55 ملیۆن ده‌نگده‌ر له‌ توركیا و سێ ملیۆنیش له‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌ن، له‌و ژماره‌یه‌یش به‌شێكى زۆریان له‌ وڵاتانى ئه‌وروپاى خۆرئاوان، وه‌ك ئه‌ڵمانیا، ئۆپۆزیسیۆنى توركیایش هێشتا ئومێدى به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ موعجیزه‌یه‌ك رووبدات و ده‌نگدانه‌كه‌ به‌ دژى ئه‌ردۆغان و پارتى داد و گه‌شه‌پێدان بێت. به‌ڵام من ئه‌مه‌ به‌ زه‌حمه‌ت ده‌زانم ئه‌گه‌رچى هیوادارم وابێت و رووبدات.

كه‌مال كیلیجدارئۆغڵو سه‌رۆكى پارتى گه‌ل-ى ئۆپۆزیسیۆن باسى له‌و له‌مپه‌ر و زه‌حمه‌ته‌ سیاسى و میدیایى و ئه‌وانه‌ى دیكه‌یش كردووه‌ كه‌ حكومه‌ته‌كه‌ى ئه‌ردۆغان خستوونیه‌ته‌ به‌رده‌م ئۆپۆزیسیۆنه‌وه‌، بۆ دڵنیابوون و گره‌نتیدانى ره‌زامه‌ندیى له‌سه‌ر پرۆژه‌ یاساكه‌ى كه‌ له‌ 18 ماده‌ پێكهاتووه‌ و هه‌موویان بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتى توركیا بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سوڵتانى و (سوڵتان) چۆنى بووێت ئاوا جڵه‌وى وڵات بكات. سه‌رۆكى ئۆپۆزیسیۆن به‌دوورى نازانێت كه‌ له‌ میانه‌ى ده‌نگدانه‌كه‌دا (موعجیزه‌) رووبدات، به‌ڵام ئه‌مه‌ خه‌ونه‌ نه‌ك واقیع.

دواى هه‌وڵه‌ كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌، پارته‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌ لایه‌نگره‌كانى كوردى سه‌ركوتكرد و ئێستا هه‌ندێك له‌ كه‌سه‌ دیاره‌كانیان له‌ زینداندان، جه‌نگێكى له‌ دژى پارتى كرێكارانى كوردستان به‌رپاكرد و ئه‌ویش به‌ كرده‌وه‌ى تیرۆریستى وه‌ڵامیدایه‌وه‌ كه‌ من سه‌ركۆنه‌ى ده‌كه‌م. چوونه‌ناوه‌وه‌ى سه‌ربازى توركى بۆ سوریا ئیستیعمارێكى تازه‌یه‌ و هه‌رده‌بێت به‌سه‌ر توركیادا بشكێته‌وه‌.  
هه‌موو ئه‌وانه‌ى پێشوو رێگه‌ له‌ (سوڵتان) ئه‌ردۆغان ناگرن كه‌ به‌رده‌وامبێت و درێژه‌ بدات به‌ هه‌وڵى دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تێكى تازه‌ى عوسمانى و بۆ به‌دیهێنانى ئه‌م ئامانجه‌یش هه‌موو ئامرازه‌كانى له‌به‌رده‌ستدایه‌ و به‌كاریاندێنێت بێ هیچ شه‌رم و سڵكردنه‌وه‌یه‌ك.
 ئه‌ردۆغان دواى هێرشه‌كه‌ى ساڵى 2015 ى سه‌ر گۆڤارى (چارلى هیبدۆ)ى ته‌نزئامێز له‌ فره‌نسا، هۆشداریى ئه‌وه‌یدا وێنه‌ كاریكاتێریه‌كان، كه‌ سووكایه‌تییان به‌ ئیسلام كردبوو، ده‌بێته‌ هۆى سه‌رهه‌ڵدانى هه‌ڵمه‌تێكى ترسان له‌ ئیسلام و باجه‌كه‌یشى موسڵمانانى بێگوناهـ ده‌یده‌ن، كه‌چى ئه‌مڕۆ خودى ئه‌ردۆغان و ئه‌ندامانى حكومه‌ته‌كه‌ى بێده‌نگییان كردووه‌ به‌رامبه‌ر سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ و هیچى له‌سه‌ر ناڵێن، ته‌نانه‌ت هه‌تا دواى رێگریكردن له‌ كۆچبه‌رانى حه‌وت وڵاتى موسڵمانیش له‌وه‌ى كه‌ بچنه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌، ئه‌وه‌بوو دادگاكانى ئه‌مریكا ره‌خنه‌یان له‌و بڕیاره‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌ گرت، چونكه‌ له‌گه‌ڵ ده‌قى ده‌ستور و گیانى ده‌ستور و یاساى ئه‌مریكادا ناكۆكه‌. ئه‌ردۆغان وایده‌وێت كه‌ تره‌مپ له‌ شانیه‌وه‌ بێت و له‌گه‌ڵیدا بێت ئیتر به‌ هه‌ر نرخێك بێت. به‌ مانایه‌كى تر، ئه‌ردۆغان دژ و ناڕازییه‌ به‌رانبه‌ر به‌ گۆڤارێكى ته‌نز به‌ڵام رێگه‌ده‌دات به‌ تره‌مپ كه‌ موسڵمانان سه‌ركوت بكات.    

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure