لا حول ولا قوة إلاّ بالله

بۆچوون / بیروڕا :: 15/02/2017


سەرچاوە: شەرقولئەوسەت
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید


ئەم رووداوە راستەقینیە ئازاربەخشەم خوێندووەتەوە و ئازاری پێچەشتم، دەمەوێت ئێوەیش لەگەڵمدا ئەو ئازارە بچێژن: لەكاتی جەنگی ئەمریكا لە ڤێتنام، زەنگی تەلەفۆنی یەكێك لە ماڵەكانی گەڕەكێكی بێدەنگی كالیفۆرنیا لێدەدات. ماڵەكە ژن و مێردێكی پیری تێدابوو كە تاقە كوڕێكیان هەبوو و ئەویش سەربازێكی سوپای ئەمریكا بوو. هەمیشە لە خەمیدابوون و دڵیان لای كوڕە تاقانەكەیان بوو. بەردەوام دوعایان بۆ دەكرد. كاتێك زەنگی تەلەفۆنەكە لێیدا هەردووكیان بە خۆشییەكی پڕ لە دڵەڕاوكێییەوە بەرەو تەلەفۆنەكە رایانكرد.


باوك: ئەلەو. كێ‌ قسەدەكات؟!
دەنگەكە: باوكە، منم. كلارك-م. باوكە گیان ئەحواڵت چۆنە؟
باوك: چۆنی كوڕەكم؟ كەی دەگەڕێیتەوە؟
دایك: شوكر سەلامەتی؟
كلارك: بەڵێ‌ سەلامەتم و تەنیا دوو رۆژە هاتوومەتەوە.
باوك: بەڕاست!. ئەی كەی دێیتەوە بۆ ماڵەوە؟ من و دایكت زۆر بیرت دەكەین.
كلارك: ئێستا ناتوانم، باوكە. هاوڕێیەكم لەگەڵدایە هەردوو قۆڵی و قاچی راستی لە شەڕەكەدا بڕاونەتەوە. بە زەحمەت دەتوانێت بجوڵێت و قسە بكات. دەتوانم لەگەڵ خۆمدا بیهێنمەوە بۆ ماڵەوە، باوكە؟!.
 باوكە بە سەرسوڕمانەوە لێی پرسی: لەگەڵ خۆتادا دەیهێنیتەوە؟!.
 وتی: بەڵێ‌، ناتوانم جێیبهێڵم و دەیشترسێت بەم حاڵەیەوە بچێتەوە لای كەسوكارەكەی، پرسیاری ئەوە دەكات كە ئاخۆ تۆ بڵێیت بەم حاڵەوە وەرمبگرنەوە و پێشوازیم لێ‌ بكەن؟ یان دەبمە بارگرانییەك بۆیان؟!.
باوكەكە تۆزێك بێدەنگ دەبێت، دوایی وەڵامی دەداتەوە: كوڕم، تۆ چیتداوە بەسەریەوە؟ بۆ وازیلێناهێنیت؟ وازبێنە با نەخۆشخانە خەمی بخوات و ئاگای لێیبێت. نابێت بیهێنیتەوە بۆ ماڵی خۆمان، كێ‌ خزمەتی دەكات؟! بەتایبەت كە ئەو هەردوو قۆڵ و قاچی راستی لەدەستدابێت، بێگومان دەبێتە بارێكی گران بەسەرمانەوە. كێ‌ دەتوانێت لەگەڵیدا بژێت؟!.
بێدەنگیەكی درێژ هاتە نێوانیانەوە، تا باوكەكە بێدەنگیەكەی شكاند و وتی: كلارك گوێت لێمە؟ بۆ وەڵام نادەیتەوە؟!. وەڵامیدایەوە: گوێم لێتە باوكە، بەڵام ئایا ئەوە دوابڕیارتە؟!. وەڵامیدایەوە: بەڵێ‌ كوڕم. پەیوەندی بكە بە یەكێك لە ئەندامانی خێزانەكەیەوە با بێت و وەریبگرێ‌ و ئیتر تۆ وازی لێبێنە. كوڕەكە دەپرسێت: بەڵام لەوباوەڕەدایت خێزانەكەی وەریبگرنەوە؟ وەڵامیدایەوە: بڕواناكەم، كوڕم. كەس ناتوانێت تەحەمولی ئەو بارە بكات. كلارك پێیوت: كەواتە هەر دەبێت ئێستا بڕۆم، ماڵئاوا باوكە. دایكم ماچ دەكەم.
دوای دوو رۆژ لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیە، هێزە دەریاییەكان لاشەی كلارك-ی سەربازیان لە ئاوەكانی كەنداوی كالیفۆرنیا دەرهێنایەوە دوای ئەوەی توانیبووی لە نەخۆشخانەی هێزەكانی ئەمریكا هەڵبێت و خۆی لەسەر یەكێك لە پردەكانەوە هەڵبداتە خوارەوە.
باوكی بانگكرا بۆ ئەوەی لاشەی كوڕەكەی وەربگرێتەوە. ئای چەند كاریگەر و ناخهەژێن بوو كاتێك بینیی كە لاشەی كوڕەكەی هەردوو قۆڵەكانی و قاچی راستی پێوە نییە-رووداوەكە لێرەدا تەواو.


بەداخەوە، هەندێك خێزان هەن ناتوانن چاودێریی رۆڵە كەمئەندامەكانیان بكەن و لەگەڵیدا رابێن و خۆیان بگونجێنن. وەك بارێكی قورسی سەر ژیانیان لێی دەڕوانن و ئاسانترین كارێك كە بۆی بكەن ئەوەیە دەیخەنە خانەكانی چاودێریی كەمئەندامانەوە و خوا خێر بەسەریاندا دەڕژێنێت كە ئەگەر لە ساڵێكدا تاقە جارێك سەرێكی لێ‌ بدەن، خۆ ئەگەر بە ویستی خۆیان بێت هەر حاشای لێدەكەن و خۆیانی لێ‌ بێبەری دەكەن... لاحەولە وەلا قوەتە ئیلـلا بیلـلا. 

 






created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure