خۆپیشاندانەكانیش پاساوی خۆیان هەیە

بۆچوون / بیروڕا :: 14/02/2017

سەرچاوە: ئەلسەباح ئەلجەدید
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

زۆر بە سانایی، دەكرێت بە ویژدانێكی ئاسوودەوە بگوترێت، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان (وەك دامەزراوە نەك كەسەكانی) نابێت بەمجۆرەی ئێستا بمێنێتەوە و بەردەوام بێت، وەك بەرپرس لە ئیدارەدانی هەڵبژاردنەكان وەك نوێنەری كوتلە سیاسیەكان كە ركابەریی یەكتر دەكەن لە پێشبڕكێ‌ هەڵبژاردنەكاندا.
تەنیا ئەمە بەسە بۆ تانەدان لە بێلایەنی و پیشەگەریی و ترسێكی رەوا و بە پاساو لە ساختەكردنی هەڵبژاردنەكان و یاریكردن بە ئەنجامەكان و كەوتنەژێر گوشارەكان و سەپاندن بەسەریدا. لەكاتێكدا كە هەندێك كوتلەی كارا سوورن لەسەر جێگیركردنی بەشبەشێنە لە (كۆمسیۆنی باڵا)دا و پێداگریی دەكات لەوەی كۆمسیۆنێكی ئەڵتەرناتیڤ هەڵنەبژێردرێت كە سەربەخۆبێت و بەشێَوەیەكی راست و دروست هەڵبژاردنەكان رێبخات لەسەر بنەمایەكی بێلایەنی، هەروەها كەوتوونەتە مانۆڕ و كاتكوشتن بۆ ئەوەی یاسایەكی نوێ‌ و راست بۆ هەڵبژاردنەكان دەرنەكرێت لە هەوڵێكدا بۆ دەستەمۆكردنی ئیرادەی گەل و كۆنترۆڵكردنی پرۆسەی دەنگدان بۆ هێنانی ئەنجومەنێكی نوێنەران لەسەر پێوەرەكانی پێشوو.
كەواتە هۆكاری رەوا و پەسەند هەیە بۆ خۆپیشاندانی ئاشتییانە بێ‌ رەچاوكردنی ئەو لایەنەی كە بانگەشە و داوای بۆ كردووە و دروشمەكانی دەڵێتەوە، چونكە بێدەنگیی شەقام پەیامێكی هاندەر دەداتە حزب و سەركردە سیاسییە كاراكان و دەستوپێوەندە گەندەڵەكانیان بۆ ئەوەی بەردەوامبن لە دزینی ئیرادەی ملیۆنەها و دووبارەكردنەوەی سیناریۆی هەڵبژاردنەكانی پێشوو، كە پڕبوون لە پێشێلكاریی بێ‌ وێنە لە قێزەونیی بەكارهێنانی دارایی گشتی و پشتیوانیی رژێمەكانی دەورووبەری عێراق و سەرچاوەی گەندەڵی لە بانگەشە و بەرتیل و كاری زۆرەملێی سەپێنەر و كڕینی دەنگ و ماف و یاریكردن بە پرۆسەكانی دەنگدان و دابەشبوونی ئەندامانی كۆمسیۆن بۆ خانەی سەر بە كوتلەكان لەپێناو دەستەبەركردنی سەركەوتنیان لەڕێی بێدەنگبوون لە پێشێلكاریەكان و رەواییدان بە هاوكێشە ستەمكارەكەی كە دەڵێت:"تۆ لەئاست پێشێلكاریەكانی مندا بێدەنگبە و منیش لە ئاست پێشێلكاریەكانی تۆدا بێدەنگ دەبم".
خۆپیشاندان و ناڕەزاییدەربڕینە ئاشتیانەكەی رۆژی شەممە 11 ی شوبات، بە پشتیوانیی دەستوری عێراق و پابەندبوونی حكومەت بە رێزگرتنی مافی هاووڵاتیان بووە لە دەربڕینی داواكاریەكانیان بەشێوەی خۆپیشاندانی ئاشتییانە. تەنانەت حەیدەر عەبادی-ی سەرۆكی حكومەت، زیاد لەجارێك هاوسۆزیی خۆی لەگەڵ داواكاریی خۆپیشاندەران دەربڕیوە و بە بەشێك لەو داواكارییە رەوایانەی داناوە كە خودی خۆی لە ئابی ساڵی 2015 دا دەستی پێكردووە. جارێكیشیان بە وەزیرەكانی وتووە:"دەبێت مەمنوونی خۆپیشاندەران بین لە پشتگیرییان بۆ چاكسازی و لەناوبردنی گەندەڵیدا، چونكە ئەگەر ئەوان نەبوونایە ئێمەیش بڕیاری ریفۆرم و چاكسازیمان نەدەدا".
كەواتە هیچ هەڵە و كەموكورتییەك لە (ناسنامە)ی ئەو كەسانەدا نییە كە دەستپێشخەریی بۆ خۆپیشاندان دەكەن، بەڵكو كەموكورتی لە بێدەنگیی هێزەكانی دیكەدایە كە سەرقاڵی چنینەوەی دەستكەوتەكانی بەشبەشێنەن و دەترسن لەكیسیان بچێت. هەڵە و كەموكورتیی زیاد و روونتریش لەوانەدایە كە نایەڵن دەست ببرێت بۆ پەیكەری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و دەركردنی یاسایەكی نوێ‌ بۆ هەڵبژاردنەكان پەكدەخەن. یان دەڵێن خۆپیشاندەران رژاونەتە دەرەوە بێئەوەی بزانن چییان دەوێت. بەهەرحاڵ، دەبوو گوڵ بدرێت لە سنگیان نەك گولـلە. 






created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure