پەیوەندییەكی تەلەفۆنی هەڵوێستی توركیا لە دۆسیەی سوریادا دەگۆڕێت

بۆچوون / بیروڕا :: 09/02/2017

نووسینی: عەبدولباری عەتوان
سەرچاوە: رەئیلیەوم
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

 
پێدەچێت پەیوەندییە تەلەفۆنیەكەی نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و رەجەب تەیب ئەردۆغان-ی هاوتا توركیەكەی، كە چەند مەسەلەیەكی هاوبەشی نێوان هەردوولای تێدا تاوتوێ‌ كرا، لەوانە ناوچەی ئارام لە سوریا و شەڕی (دەوڵەتی ئیسلامی)، پێدەچێت كاریگەریی نەرێنی لە پەیوەندییە بەهێزەكانی نێوان مۆسكۆ و ئەنقەرە و هەمئاهەنگیی چڕی نێوان ئەو دوو وڵاتە لە دۆسیەی سوریادا، دروست بكات.
ئەو پەیوەندییە كە 45 خولەكی خایاند، بەس بوو بۆ ئەوەی بە زوویی توركیا جارێكی تر بگەڕێتەوە بۆ باوەشی ئەمریكا كە بە سوێ‌ و ئازارەوە جێیهێشتبوو، بەهۆی سیاسەتی ئیدارەكەی سەرۆك ئۆباما-وە لە بەرامبەر دەستوەردانی سەربازیی لە سوریا و گرەوكردنی لەسەر میلیشیا كوردیەكان وەك هاوپەیمانێكی بەهێزی ویلایەتە یەكگرتووەكان و رەتكردنەوەی بەدەنگەوەچوونی داواكاریی بەردەوامی ئەردۆغان بۆ (رادەستكردنەوە)ی فەتحوڵـڵا گولەن-ی بانگخواز كە تۆمەتبارە بەوەی لەپشت كودەتا سەربازیەكەی ئەم دواییەوەیە. 
سەرۆك ئەردۆغان سیاسیەكی هەڵوێستگۆڕە، ئەم شەش ساڵەی رابردووی تەمەنی قەیرانی سوریا، سەلماندی كە ئەردۆغان ئامادەیە لە چاوتروكانێكدا هەڵوێستی بگۆڕێت و لە جیاوازێكەوە بچێتە سەر دژ و جیاوازێكی دیكە و هاوپەیمانێتی و هاوپەیمانەكانی بگۆڕێت بەپێی بەرژەوەندییەكانی خۆی یەكەمجار و دووەمجاریش بەپێی بەرژەوەندیەكانی دەوڵەتی توركیا. خۆ ئەگەر دۆخەكە پێویستی بەوەبووبێت كە داوای لێبووردن بۆ مۆسكۆ بكات، هیچ دوودڵ نەبووە داوای لێبووردن لە سەرۆك ڤلادیمێر پوتین بكات، تەنانەت بە زمانی روسی-یش. ئەگەریش ناچاربووبێت رێككەوتن و وچانێك لەگەڵ رژێمی سوریا بكات و دەستبەرداری ستراتیژی پێشووی ببێت، كە رووخانی بووە و بە ئاشكرایش ئەو پاشگەزبوونەوەیە رابگەیەنێت، دیسانەوە هیچ مەناعەتی نەبووە و كردوویەتی و دەیكات.
نیشانەكانی گۆڕینی هەڵوێستی توركیا لە دوو خاڵی سەرەكیدا بەرجەستە دەبن:
* یەكەم: نیشتنەوەی لەناكاوی بەڕێز عادل ئەلجوبەیر وەزیری دەرەوەی سعودیە لە ئەنقەرە و قسەكانی مەولود چاوش ئۆغلۆ-ی هاوتا توركیەكەی لە كۆنگرەیەكی هاوبەشی رۆژنامەوانیی نێوان هەردوولادا كە وتی ئامانجی داهاتووی هێزەكانی (قەڵغانی فورات) ی توركیا، كە لەلایەن گروپەكانی جەیشی حوڕ-ەوە پشتگیریی دەكرێن، لە دوای ئەلباب شاری رەققە و بەرەنگاربوونەوەی گروپە كوردیەكانە، نەك (دەوڵەتی ئیسلامی) و جەختكردنەوە لەوەیش كە رەنگە (قوات خاصە) ی سعودیە و توركیایش بەشداربن لە (رزگاركردنی-پایتەختی دەوڵەتی ئیسلامیدا).
* دووەم: جەختكردنەوەكەی بەڕێز ئیبراهیم كالین وتەبێژی سەرۆكایەتی توركیا، كە وتی ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكا بە ئەرێنیەوە دەڕوانێتە پێشنیارەكەی توركیا دەربارەی دامەزراندنی ناوچەیەكی ئارامی بێ‌ تیرۆر لە سوریا وەك چارەسەرێك بۆ راگرتنی چوونی پەنابەران. هەروەها ئەم ناوچەیە لابردنی هێڵی پەیوەندی و پێكەوەبەستنی نێوان ئیعزاز و جرابلس و ئەلباب دەبێت و ناوچەكە لەسەر رووبەرێكی 5000 كیلۆمەتری چوارگۆشە دەبێت.
سەرۆك ترەمپ لەمیانەی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا، پشتیوانیكردنی خۆیی بۆ پێشنیارەكەی ئەرۆدغان، بە دانانی ناوچەی دابڕاو، نەشاردووەتەوە، پاشانیش لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەكەیدا. هەروەها هەمان ئەم مەسەلەیەی لەگەڵ شا سەلمان بن عەبدولعەزیز پاشای سعودیەیش لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەكەی نێوانیاندا باسكردووە و شای سعودیەیش پشتیوانیی لێكردووە بەوەی كە نەك تەنیا هەر لە سوریا بەڵكو لە یەمەن-یشدا ناوچەیەكی دابڕاو دابنرێت. رەنگە هەر ئەمەیش، لەدوای دابڕانێكی زۆر و دوور و درێژ، بەڕێز ئەلجوبەیر-ی گەڕاندبێتەوە بۆ ئەنقەرە.
نازانین كاردانەوەی ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی روسیا لەبەرامبەر ئەم (روووەرگێڕانە) لەناكاوەی توركیا بەرەو واشنتۆن، چی دەبێت، بەڵام ئەوەی دەكرێت هەڵێنجرێت لە لێدوانەكانی روسیاوە، ئەوەیە كە نیگەرانییەكی روون و ئاشكرای روسیا هەیە. دیپلۆماتێكی روسی گوزارشتی لەو نیگەرانییە كرد و كەناڵە راگەیاندنە فەرمیەكانی روسیایش بڵاویانكردەوە، دەڵێت:"هێشتا خاڵی زۆری ناكۆك هەیە لە هەڵوێستەكانی هەردوو حكومەتی مۆسكۆ و ئەنقەرە لەبەرامبەر قەیرانی سوریادا". جەختیشی لەوە كردووەتەوە كە ئەنقەرە هەوڵدەدات بۆ بەدیهێنانی ئامانجگەلێكی تایبەت بەخۆی لەپاڵ شەڕكردنی (دەوڵەتی ئیسلامی)دا. هەر لەو چوارچێوەیەیشدا لیڤان حاجاریان باڵیۆزی روسیا لە تاران رایگەیاند هێزی ئاسمانیی روسیا بنكە ئێرانیەكان بۆ لێدانی تیرۆریستەكانی ناو سوریا بەكاردێنێت و روسیا لە گرێبەستی پێدانی سیستمی مووشەكی ئێس 300 بە ئێران، بووەتەوە.
خاڵی هاوبەشی نێوان ترەمپ و ئەردۆغان، هەڵوێست و هەنگاوگۆڕین و بێتواناییانە لە پێشبینیكردنی هەنگاوەكانی داهاتوویاندا و لەوەیشدەچێت كە پەیوەنییان بە پوتین-ی هاوڕێی دێرینیانەوە زۆر گەرم و گوڕبێت، ئیتر پێكەوەبن یاخود بەجیا.
ئاخۆ مانگی هەنگوینی روسیا-توركیا لە كۆتایی نزیدەبێتەوە بۆ ئەوەی مانگێكی هەنگوینیی تازەی نێوان هەردوو سەرۆك ئەردۆغان و ترەمپ دەست پێبكات، كە رەنگە بەهێزتر و یەكگرتووتربێت؟ ئایا دەكرێت قسەی شاعیرەكە بڵێینەوە كە دەڵێت (ئەوین هیچ نییە تەنیا بۆ یەكەم خۆشەویست نەبێت)؟. 
نامانەوێت پێش رووداوەكان بكەوین و حوكمی خێرا و پێشوەختە بدەین، بەڵام پێدەچێت دۆخەكە بەو ئاراستەیدا بڕوات. سوڵتان ئەردۆغان-یش خۆی دەزانێت.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە