بۆچی عێراقیەكان بێزیان لە تۆماری هەڵبژاردن دێتەوە؟

بۆچوون / بیروڕا :: 07/02/2017

سەرچاوە: ئەلمەدا
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

بایكۆتی زۆرینەی دەنگدەران، بە ژن و پیاوەوە، بەرامبەر تۆماركردنی ناوی خۆیان لە تۆماری دەنگدەراندا، یاخود بێزنەهاتنیان بەوەی كە باسی تۆماری هەڵبژاردن بكەن، سەرەڕای بانگەوازی چەندینجارەی بەرپرسانی كۆمسیۆنی باڵای (سەربەخۆی) هەڵبژاردنەكان، چ مانایەكی هەیە؟.
زۆر بە سانایی ئەمە مانای ئەوەیە كە ئەم زۆرینەیە بڕوایان بە سیستمی هەڵبژاردن نەماوە، ئەم نەمانی باوەڕەیش مانای بێ‌ متمانەییە بەم سیستمە سیاسیەی ئێستا و ئەم چینە سیاسیە دەسەڵاتدارەی كە ئێستا هەن. 
هەواڵی بایكۆتكردن یان بێزلێهاتنەوە، لەسەر زمانی وائل ئەلوالی سەرۆكی ئیدارەی هەڵبژاردن لە كۆمسیۆنەكەوە، دوێنێ‌ بڵاوكراوەتەوە و لە لێدوانێكیدا كە لەسەر پێگەی كۆمسیۆنەكە دانراوە، دەڵێت ژمارەی ئەوانەی كارتی بایۆمەترییان پڕكردووەتەوە گەیشتووەتە 7 ملیۆن و 740 هەزار و 280 كەس، واتا بە تێكڕای 43% ی ژمارەی دەنگدەران كە 17 ملیۆن و 207 هەزار و 617 دەنگدەرن. ئەم ژمارەیە دەنگدەری پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە و هەروەها دەنگدەرانی هەردوو پارێزگای نەینەوا و كەركوكیش لەم سەرژمێرییە دوورخراونەتەوە چونكە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، كە بڕیارە لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا بەڕێوەببرێت، لەو دوو پارێزگایەدا ناكرێت. 
پێشبینی ناكەم بانگەوازەكەی بەڕێز ئەلوائلی ئەنجامێكی ئەرێنیی هەبێت بۆ ئەو دەنگدەرانەی بێزیاننایەت بچن بۆ ناوەندەكانی تۆماركردن لەو ماوەیەدا كە ماوە و هەتا بیستی ئەم مانگەیە. چونكە بێمتمانەیی و تەنانەت قین و تۆڵەیش لەبەرامبەر پرۆسەی هەڵبژاردندا، ئێستا لەوپەڕیدایە، لە دوای زنجیرەیەك كارەساتی گەورە كە روویانداوە لەوكاتەوەی دوا پرۆسەی هەڵبژاردن ئەنجامدراوە (هەڵبژاردنە پارلەمانیەكەی 2014)، هەر لە داگیركردنی سێیەكی رووبەری وڵات لەلایەن داعشەوە زۆر بە ئاسانی وەك ئەوەی ئاوبخورێتەوە، هەتا هەرەسی دارایی كە كاریگەریی لەسەر گوزەرانی هەموو كەسێك جێهێشتووە (چینی دەسەڵاتدار دەستبەرداری دەستكەوتەكانی نەبووە بەڵكو وازیان لە هەندێكی كەمی دەسەڵاتەكانیان هێنا كە ناچاربوون رایبگەیەنن لە دوای سەرهەڵدانی بزاڤە گەورەكانی ناڕەزاییدەربڕین لە ناوەڕاستەكانی ساڵی 2015 دا).
رەنگە كۆمسیۆن پەنابباتە بەر فێڵ و تەڵەكەبازی بۆ راكێشانی دەنگدەران بەرەو ناوەندەكانی تۆماركردن، وەك چۆن لە هەڵبژاردنەكانی 2014 دا فێڵی ئەوەی كرد كاتێك وتی كارتی هەڵبژاردنەكە هاوتای بەڵگەنامە رەسمیەكان دەبێت و جێگەی ئەوان دەگرێتەوە و هەموو مامەڵەیەكی پێ‌ بەڕێوەدەبرێت، وەك هەر بەڵگەنامەیەكی فەرمیی كەسێتی. حاڵەتەكەیش ئەوەبوو كە هەر لەگەڵ  تەواوبوونی پرۆسەی دەنگداندا، كاریگەریی رێزگرتنی كارتەكە نەما و تەنانەت خودی كۆمسیۆنیش هیچ ئیعتیبارێكی بۆ دانەنا، ئەویش بەو بەڵگەیەی كە نەیخستە لیسی بەڵگەنامە داواكراو و پێویستەكانەوە بۆ تۆماركردنی پارتە سیاسیەكان، كاتێك یاسای پارتەكانی خستە واری جێبەجێكردنەوە. 
چارەسەركردنی ئەم نەچوون و بایكۆتكردن و گوێنەدانە بە تۆماركردن لە تۆماری هەڵبژاردنەكان و دەنگنەدان لە هەڵبژاردنەكاندا و دووبارە گێڕانەوەی متمانە بە پرۆسەی هەڵبژاردن، پێویستیی زۆر و گەورەیان دەوێت، یەكەمیان، هەمواركردنەوەی سیستمی هەڵبژاردن و پەیڕەوكردنی سیستمێكی تازەیە كە تێیدا دەنگدەر بتوانێت نوێنەری راستەقینەی خۆی هەڵبژێرێت، نوێنەرێكی لێهاتوو و نیشتمانپەروەر و پاك. دووەم،  پێكهێنانی كۆمسیۆنێكی تازەی هەڵبژاردن كە بەڕاستی سەربەخۆبێت، ئەمەیش بەو مانایەی كە پارتەكان و كوتلە سیاسیەكان هیچ رۆڵ و دەستێكیان نەبێت لە دامەزراندنی كۆمسیۆنەكە و هەموو ئەو كارمەندانەدا كە لە دەستە و بەشەكانی كۆمسیۆنەكەدا دادەمەزرێن و كاردەكەن. سێیەم، سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردنەكان لەلایەن كۆمەڵی نێودەوڵەتیەوە بۆ دڵنیابوون لە پاكی و بێگەردیی. چوارەم، هەمواركردنەوەی یاسای پارتەكان و پێنجەمیش نوێكردنەوەی سەركردە و پاڵێوراوانی پارت و ئیئتیلافەكان لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا و دوورخستنەوەی سەركردە و نوێنەرە فاشیل و گەندەڵەكانە، چونكە نەگێڕانەوەی ئەوانە هەم داناییە و هەم بەرژەوەندییشە. وەك داناكان دەڵێن تاقیكراوەكان تاقیناكرێنەوە. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure