به‌كه‌ڵكى ئه‌م عه‌سره‌ نایه‌ى

بۆچوون / بیروڕا :: 06/02/2017

قه‌ت ویستووته‌
شه‌فاف بیت وه‌ك په‌ڕى مێشێ؟
هه‌رگیز به‌ عه‌یبه‌ت زانیوه‌
لاى مه‌سئول خۆت به‌یته‌ پێشێ؟
رقت له‌ ڕیا  و ماستاوه‌؟
لاى تۆ راستگۆ
شازى پیاوه‌؟
سه‌روساختیت
له‌گه‌ڵ جامبازانا نى یه‌؟
ده‌ستپاكى له‌لات جوانى یه‌؟
بێ ڤێلا و مه‌سبه‌ح و باغى؟
دژى خه‌ڵكى قوڕمساغى؟
هێشتا ویژدانت زیندووه‌؟
خۆت خۆتت دروست كردووه‌؟
خیانه‌تیان لێ نه‌دیوى؟
وه‌ك قارچك هه‌ڵنه‌تۆقیوى؟
ئه‌هلى كتێب و حیكمه‌تیت؟
بوغزێنراوى لاى حوكمه‌تیت؟
كۆمپانیاكان شه‌ریكت نین؟
بێگانه‌كان
له‌ملاولاوه‌ خه‌ریكت نین؟
ئه‌گه‌ر ئاواى
ئینسانێكى زۆر بێ ئاگاى
له‌ ژیاندا بێ ده‌ستمایه‌ى
به‌كه‌ڵكى ئه‌م عه‌سره‌ نایه‌ى.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure