دامەزراوە ئەمریكیەكان ترەمپ-یان بۆ جڵەوگیر ناكرێت

بۆچوون / بیروڕا :: 01/02/2017

نووسینی: نتسان هۆرۆفیتس
سەرچاوە: رەئیولیەوم
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید
هەر لە سەرەتای هەڵمەتی هەڵبژاردنەكەوە لە ویلایەتە یەكگرتووەكان، مشتومڕێكی زۆرم هەبوو لەگەڵ هەندێك هاوڕێی ئەمریكی و ئیسرائیلیدا دەربارەی ئەوەی كێ‌ كێ‌ دەوەستێنێت. ئایا دامەزراوەیی ترەمپ دەوەستێنێت یان پێچەوانەكەی راستە. لە میانەی هەڵبژاردنە بەراییەكاندا هاوڕێكانم دەیانگوت دامەزراوە سیاسییە راستڕەوەكان رێگەی ئەوەی پێنادەن بگاتە سەرۆكایەتیی پارتی كۆماری. بەڵام ئەوەبوو هەر 16 ركابەرەكەیی وەلانا و سەركەوت بۆ سەرۆكایەتی حزبەكە. دوای ئەوەیش، وتیان دامەزراوە میدیایی و داراییەكان نایەڵن ترەمپ لە هەڵبژاردنەكەدا سەركەوێت. ئێستایش باس لە مەزەندە و ئومێدەكان دەكەن كە گوایە حكومەت بە باڵە زەبەلاحەكانی و دەزگا ئەمنیەكانی و دادوەرییەكانیەوە جڵەوی سەرۆك دەگرێت و تەنانەت رەنگە لایشیبەرێت.
ئەوە هیچ بنەما و بناغەیەكی نییە و ئەزموونی مێژوو سەلماندوویەتی كە دامەزراوەكان بەگوێرەی ویستی سەرۆك دەڕۆن، نەك بە پێچەوانەوە. پێویست بە گۆڕینی خاوەن پۆستەكان ناكات، چونكە ئەوان بۆخۆیان دەگۆڕێن بۆ لایەنگریی دەسەڵاتە تازەكە. لە كتێبی ( باخچەی ئاژەڵە دڕندەكان)دا، ئریك لارسۆن، باس لەو رێگەیە دەكات كە بەهۆیەوە دامەزراوە بەهێزەكان رازیدەبن لەسەر ئەوەی كە سیستمە نوێكە دەیسەپێنێت. پاڵەوانی كتێبەكە ولیام دەیڤید-ە كە دوای چەند مانگێك لە سەركەوتنی هیتلەر، وەك باڵیۆزی ویلایەتە یەكگرتووەكان دەگاتە بەرلین. ئەم پیاوە كەسێكی دیپلۆمات و پرۆفیشناڵ نەبووە و پێشتریش لە هیچ دامەزراوەیەكی حكومیدا كاری نەكردووە. ئەو پرۆفیسۆرێكی مێژوو و كەسێكی خاكی بووە، ئەمەیش وایكردووە كە بە چاوێكی وردەوە گۆڕان و وەرچەرخانەكانی ئەڵمانیا ببینێت. 
دەزانم یەكسەر دەوترێت: ترەمپ هیتلەر نییە و ویلایەتە یەكگرتووەكانی 2017 یش ئەڵمانیای 1933 نییە، بەڵام ئەم جیاوازییە گەورەیە، بەدیاریكراوی ئەو خاڵەیە كە یارمەتیدەرە بۆ جەختكردنەوە لە خاڵێكی هەستیار: وەرچەرخان لە دامەزراوەدا.
 باڵیۆزەكەی ئەمریكا بەڵگە و سەلماندنێكی راستەوخۆی بینیوە بۆ ئەو خێراییە زۆرەی كە تێدا وەرچەرخان روویداوە و كۆمەڵگەی ئەڵمانی خۆی گونجاندووە لەگەڵ سیستمە تازەكەدا. لە نامەكانیدا بۆ سەرۆك رۆزفڵت و لە راپۆرتەكانیشیدا كە دەیناردن بۆ وەزارەتی دەرەوە، دەیڤید باسی ئەوە دەكات كە چۆن دەزگا و دامەزراوە دادوەریەكان و پۆلیس، بە پەرۆشەوە ملكەچی فەرمانە تازەكانن. مامۆستایان و خاوەن بەرژەوەندیەكان و فەرمانبەران پێویستیان بە یاسای ورد نەبووە و ئەوان هەر بۆخۆیان بەپەرۆشبوون بۆ چوونە ریزەوە. پۆلیسیش چاوپۆشیی كرد كاتێك شەقاوە نازییەكان لە جوولەكەكانیان دەدا و هەندێكجار خۆیشیان بەشدارییان دەكرد لە دەستدرێژیكردنە سەریاندا. پرۆفیسۆرەكان لە زانكۆكاندا لە خوێندكارانیان دەدا و فەرمانبەران لە هەموو ئاستەكاندا كاریان دەكرد لە پێناو شوێنهەڵگرتن و دەستگیركردنی دەستەبژێرەكاندا. بەڕای من بنەما و ناوەرۆكی كتێبەكە وەسفێكی ورد و چڕی بزاوتە كۆمەڵایەتیەكەیە: پاكی و دڵسافیی (هاووڵاتیی ئاسایی) لەگەڵ گیانێكی تازە لە سەرەوەدا. لە ماوەی چەند مانگێكی كەمدا دەوڵەتێكی گەورە، زۆر گۆڕا.    
ئەگەر ئەمە لە دامەزراوەیەكدا روویدابێت لەبەردەم رژێم و ئایدۆلۆژیایەكی نازیی زۆر توندڕەودا، دەكرێت تێبگەین بیركردنەوە لەوەی كە دامەزراوەی ئەمریكا كەسێكی وەك ترەمپ رادەگرێت، ئەوە هەڵەین. چونكە ترەمپ لەناو ئەم پۆلێنبەندیەدا نییە. هەروەها ئەسڵەن بۆچی رایبگرێت؟ خۆ ترەمپ بە شێوەیەكی یاسایی هەڵبژێردراوە و سەبارەت بە دامەزراوەكەیش بەشێك لە پلان و هەنگاوەكانیشی تەركیز دەخاتە سەر ئەوەی كە هەیە. كاتێك رایگەیاند كە ئەشكەنجەدان سوودی هەیە، ئەوا باسی لە ئەزموونی ئەمریكا كردووە لە ئازار و ئەشكەنجەدانی دەستگیركراوەكاندا. كاتێكیش كە بەڵێنیدا بە دروستكردنی دیوارەكە، ئەوا دیوارێك هەیە بە درێژایی سەدان كیلۆمەتر لە سنووری مەكسیكدا. من بۆخۆم سەردانی شوێنەكەیم كردووە كاتێك لە دە ساڵی رابردوودا دروستكرا. یان دەركردنی كۆچبەرە نایاساییەكان؟ ئێ‌ خۆ لەسەردەمی ئۆبامادا دوو ملیۆن و پێنج سەد هەزاریان لێدەركراوە. كەواتە دامەزراوە، ترەمپ راناگرێت.
مانای ترەمپیزم، وەك ئەوەی هاووڵاتیەكی ئاسایی لێی تێدەگات، ئەوەیە كە مادام تۆ لەسەرەوە هاوتەریبی هێڵ-ەكەییت، ئەوا دەتوانیت هەموو شتێك بكەیت. هەربۆیەیش لەوكاتەوەی كە ترەمپ سەركەوتووە، ژمارەی رووداوە رەگەزپەرستیەكان زیادی كردووە. دامەزراوە تا چ رادەیەك هەوڵدەدات بۆ راگرتنی ئەمە؟. وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دڵنیاكەرەوە نییە:  ناكرێت لە چارەسەركردنیدا پشی پێببەسترێت. ئەوە بزووتنەوەی مەدەنییە كە ناچاردەبێت جڵەوی خەباتەكە وەربگرێت. 
هەموو داواكاری و هەوڵەكانی باڵیۆزەكە لە بەرلین، بەباچوون، چونكە ویلایەتە یەكگرتووەكان دوودڵ بوو لەوەی لەسەر جوولەكەكان بێتەدەنگ. لەكۆتاییشدا پێانگوت دەستوەردانی ئەمریكا لەو مەسەلەیە دەبێتە هۆی وروژاندنی ئەو جیاكاری و هەڵاوێرییەی لە ویلایەتە یەكگرتووەكاندا دژی رەشپێستەكان دەكرێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure