سوڵتان ئەردۆغان بەردەوامە لە هەڵەكانی

بۆچوون / بیروڕا :: 26/01/2017

نووسینی: جهاد ئەلخازن
سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ساڵی 2014 دا بووە سەركۆماری توركیا و دەسەڵاتیش بە هەردوو دەستی سەرەك وەزیرانەوە بوو. هەفتەی رابردوو پارلەمانی توركیا چەند هەمواركردنەوەیەكی سەرەكیی لە دەستوردا پەسەند كرد كە وادەكات ئەردۆغان ببێتە سوڵتانێك هەتا ساڵی 2029 (ئەگەر ئەو و ئێمەیش بمێنین).
پارتی داد و گەشەپێدان لە ساڵی 2002 دا دەسەڵاتی گرتە دەست، ئابوریی توركیا هەنگاوی گرنگی نا و تەنانەت بەڕێژەی لەسەدا سەد زیادی كرد، ئەمەیش بووە هۆی ئەوەی ئەردۆغان و پارتەكەی بتوانن سێ‌ هەڵبژاردنی بەدوای یەكدا ببەنەوە. خۆی لە ساڵی 2003 وە بەسەرەك وەزیرانی مایەوە، واتا بەدرێژایی ئەو ماوەیەی كە دەستور رێگەی پێدەدات. پاشان بووە سەركۆمار و كاریكرد بۆ هەڵگێڕانەوەی سیستمی سیاسیی توركیا بۆ سیستمێكی سەرۆكایەتی.

بڕیاری زۆرینەی پارلەمان، دوای (قژڕاكێشان) و لەیەكترگرتنی گوڵدان، بەس نییە، بەڵكو هەردەبێت راپرسیی بكرێت كە بڕیارە لە مانگی ئایاردا ئەنجامبدرێت بۆ رەزامەندی لەسەر هەموارە دەستوریەكان. ئەردۆغان پێشبینیی رەزامەندیی گەل لەسەر هەمواركردنەوەكان دەكات و منیش هەروەها، چونكە سەرۆك و پارتەكەیشی جەماوەرێكی زۆریان هەیە، بەتایبەت لە ئەنادۆڵدا. 
هەمواركردنەوەكان دەسەڵاتی ئەوە دەدات بە سەرۆك كە كۆنترۆڵی بودجە بكات و گەورە دادوەران دابمەزرێنێ‌ و پۆستی سەرەك وەزیریی هەڵوەشێنێ‌ و بەردەوامیش بێت لە سەرۆكایەتیكردنی پارتی داد و گەشەپێدان-دا. ئەوەی ئەردۆغان دەیكات لە دەرەوەی دەقەكانی ئەم دەستورەی ئێستادایە كە هەمواردەكرێت و بریتیە لە نەهێشتنی هەموو نەیارەكانی دەسەڵاتەكەی، چونكە هەوڵی كودەتا شكستخواردووەكەی مانگی تەموزی رابردوو دەرفەتی ئەوەی بۆ رەخساند كە دەستبكات بە دەركردنی گەورە ئەفسەرانی سوپا، ئەوانەیان كە گومان لە دڵسۆزییان دەكرێت بەرامبەر بەخۆی و پارتەكەی، هەروەها سەدان دادوەر و داواكاری گشتی و تەنانەت سەرۆك و مامۆستایانی زانكۆیش. تا ئێستایش داوای رادەستكردنەوەی شەش كاربەدەستی تورك دەكات كە پەنایان بردووەتە بەر یۆنان.

رۆژانێك وامدەزانی وەك ئەوەی كە خەلیفە عومەری كوڕی خەتاب و دوای ئەویش ئیمام عەلی كوڕی ئەبی تاڵب دەڵێن: خۆم فێڵبازنیم و فێڵبازیش نامخەڵەتێنێت. ئێستا دان بەوەدادەنێم كە رەجەب تەیب ئەردۆغان خەڵەتاندمی، ئاخر ئەو لەسەرەتادا باش بوو، پەیوەندیی پتەوی لەگەڵ وڵاتە عەرەبیەكان دروستكرد و پشتگیریی فەلەستینیەكانی دەكرد. دوای ساڵانێك دركم بەوەكرد كە ئەو پشتگیریی ئیسلامیەكانی فەلەستینی دەكرد نەك هەموویان. لە شاریقە دواندم و ئەوەی لێمبیست جێی رەزامەندی و دڵنیایی بوو، بەڵام گۆڕا و وایلێهات هەوڵبدات بۆ سیستمی تاك حزبی، كە حزبە دینییەكەی خۆیەتی، لەسەر حسابی هەموو حزبێكی دیكە.

جەنگی ئەردۆغان لە دژی كورد بەردەوامە. من لایخۆمەوە پشتگیرییان دەكەم لەهەر وڵاتێكدا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست كە كوردی تێدابێت، چونكە ئەوان هەر لەزووەوە و تا ئێستایش زوڵمیان لێدەكرێت. پارتی كرێكارانی كوردستان وەڵامی ئەو رێوشوێنانەی دایەوە كە دژی كورد پیادەدەكرێن هەر لە پارلەمانی توركیاوە هەتا شار و گوندەكانیان لە خۆرهەڵاتی وڵاتەكەدا، وەڵامەكەیان بە كردەوەی تیرۆریستی بوو و من سەركۆنەی دەكەم، بەڵام بێ‌ ئەوەی كە ئەردۆغان ببوێرم لە بەشداریی لە بەرپرسیارێتیی ئەو كارانەدا، چونكە دەبوایە ئەو بیزانیایە كە جەنگاوەرە كوردەكان بەرپەرچی دەدەنەوە.   

كوردەكان لە كۆنگرەی ئاستانەی كازاخستاندا نەبوون كە تایبەت بوو بە قەیرانە بەردەوامەكەی سوریا. ئەوان بەشێكی پێكهاتەی كۆمەڵگەی سوریین و نەبوونیشیان لە كۆبوونەوەكانی ئاستانەدا دەستدرێژیكردنە سەر مافەكانیانە. كۆنگرەكە  روسیا سەرۆكایەتی دەكات و توركیای هاوپەیمانیشی، كە هەڕەشە نییە بۆ سەر رژێمی دیمەشق، بەشداربووە لە بانگهێشتكردنی لایەنەكاندا. ئێرانیش لایەنێكی دیكەیە، بەڵام روسیا و توركیا دوو هاوپەیمانی سەرەكین و هەر یەكەیشیان ئامانجی خۆیی هەیە كە هیچیان پشتیوانی گەلی سوریا نین. روسیا و توركیا و ئێران رێككەوتن لەسەر سەپاندنی ئاگربەستێكی كاتی و میكانیزمی جێبەجێكردنی. وای دەبینم كە سەركەوتنی ئەم رێككەوتنە زەحمەت بێت.
ئەوان ئەگەر رێككبكەون، سەركەوتوودەبن لە لەناوبردنی تیرۆردا، لە داعشەوە بۆ نوسرە و پاشماوەكانی ئەلقاعیدە و ئەوانی دیكەیشدا، بەجۆرێك كە نەتوانن سەرهەڵبدەنەوە، بەڵام ئەوان ئەمە ناكەن و نایانەوێت بیكەن، بەڵكو بەرژەوەندیەكانیان دەپارێزن و پشتیوانی لە رژێمەكە دەكەن لەدژی دوژمنەكانی. 
لەم چوارچێوەیەدا، توركیا ئەوەندە دوورە لەوەی كە بچێتە ریزەكانی یەكێتی ئەوروپاوە هێندەی دورایی كۆریای باكور لەو رێكخراوەوە، چونكە ئێستا ئەوروپاییەكان داخستنی دەروازە سنوورەكانی نێوان بەشە ئەوروپاییەكەی توركیا و وڵاتانی یەكێتیەكەیان بەلاوە گرنگە بۆ رێگریی لە لێشاوی پەنابەران. ئەردۆغان وادەزانێت دەتوانێت خۆڕاگربێت و سەربكەوێت. ئەگەر كارێكی وا بكات بێگومان لەسەر حسابی گەلی توركیا دەكەوێت.




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure