ئەمریکا پۆلیسە، چۆن پۆلیسێک

بۆچوون / بیروڕا :: 24/01/2017

سەرچاوە: ڕۆژنامەی ئەلنەهار
وەرگێڕانی: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا
هاری ترۆمان ٣٣ ەمین سەرۆکی ئەمریکا بوو، لەکاتێکدا باراک ئۆباما کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر کۆشکی سپی بەجێهێشت ٤٤ ەمین سەرۆک بوو. پەیوەندیی نێوان ئەم دوو سەرۆکە هەر لە گەمەی ژمارەکانەوە نییە بەڵکو لە چارەنووسی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست-یشەوەیە. لەژێر سەرکردایەتی جیهانی ئازاددا هاری ترومان ناوچەکەی شڵەقاند لەڕێی دابەشکردنی فەڵەستین-ەوە. لۆجیکی ئەم پیاوە ئەوە بوو کە (جوولەکە پێویستی بە نیشتمانێک هەیە کۆیانبکاتەوە و حکومەتی ئەمریکا ناتوانێت دەستەوەستان ڕابوەستێت بەرامبەر مافی قوربانییەکانی شێتییەکەی هیتلەر لە دروستکردنی جیهانێکی تازەدا). لەژێر سەرکردایەتی باراک ئۆباما-یشدا، ویلایەتە یەکگرتووەکان سەرپەرشتی تیرۆرکردنی ئاواتەکانی گەلی سوریای کرد بۆ بنیاتنانی دیموکراسی، لۆجیکەکەشی ئەوەبوو کە دەڵێت (تێوەنەگلان لە قەیرانە نێودەوڵەتییەکان و ڕابەرایەتیکردن لە دواوە یان لە دوورەوە).
ترۆمان ١١ خولەکی پێویست بوو بۆ بیرکردنەوە تا پشتگیریی بکات لە (ڕاگەیاندنی دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل)، ئۆباماش تەنیا (چرپە)یەکی ڕووسی بەس بوو بۆ پاشگەزبوونەوە لە هەڕەشەکانی خۆی دژ بە بەشار ئەسەد کە گیانی سورییەکانی بەچەکی کیمیاوی درەو کرد. لەپاڵ ترۆمان-دا جۆرج مارشاڵ وەزیری دەرەوەی هەبوو کە پێداگریی لێدەکرد تا ئەو هەنگاوە نەنێت لەترسی بەرژەوەندییە نەوتییەکانی ئەمریکا لای وڵاتە عەرەبییەکان، کە تازە سەربەخۆییان وەرگرتبوو. کاتێکیش ئۆباما وازی لە جوامێریی هێنا و ڕێگەی چۆڵکرد بۆ مۆسکۆ و بۆ بەرمیلەکانی بەشار، نە نەوتە عەرەبییەکە ڕایگرت و نە سەنگی دەوڵەتە عەرەبیەکان. چونکە نەوتی عەرەب ئەو بایەخەی لای واشنتۆن نەماوە، بەتایبەت پاش دۆزینەوەی نەوتی بەردین.
وتارەکەی ساڵی ٢٠٠٩ی ئۆباما لە زانکۆی قاهیرە، نامەیەکی ئاشتبوونەوە بوو لەگەڵ جیهانی ئیسلامیدا پاش ١١ی ئەیلولی بەناوبانگ و ئومێدێکی لای عەرەب زیندووکردەوە و ئەو باوەڕەی دروستکرد کە لەدایکبوونی دەوڵەتی فەڵەستین نزیکە، ئەو دەوڵەتەی کە ئۆباما گوتی چارەسەری یەکلاکەرەوەیە. بەڵام ئەمڕۆ دەردەکەوێت کە لە ماوەی ئەو هەشت ساڵەدا هیچ شتێک نەگۆڕاوە بێجگە لە زیادبوونی سەد هەزار ئۆردوگا. چونکە (حاجی حسێن ئۆباما) نەیتوانی لە گوشارەکانی تەلئەبیب دەرباز ببێت و هەستی بە هیچ دژە گوشارێکی عەرەبی نەکرد. جۆن کیری وەزیری دەرەوەی ئۆباما، لە نێوان تەموزی ٢٠١٣ و نیسانی ٢٠١٤دا هەوڵێکی زۆریدا تەلئەبیب ڕازی بکات لەسەر گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ فەڵەستینییەکاندا، بەڵام ئۆباما ڕێگریی لێکرد لەترسی ئەوەی نەبادا ئیسرائیل گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی لەگەڵ تاران-دا لێ تێکبدات. لوتکەی ئەم ملکەچییەیشی ئەوەبوو بڕیاریدا لە ماوەی ١٠ ساڵدا بایی ٣٨ ملیار دۆلار چەک بدات بە ئیسرائیل.
سەبارەت بە سوریاش، کە پێشبینی دەکرا دەوڵەتێکی وەکو ئەمریکا هەرگیز دوودڵیی نەنوێنێت بەرامبەری، کەچی ئۆباما نەرێنییەکی نموونەیی نیشاندا لە کەڵەکەکردنی کارەساتەکەدا و کردی بە خراپترین تراجیدیا لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە کە زیاتر لە ٣٥٠ هەزار کەسی تێدا کوژراوە. هەر ئەو ئۆبامایە بوو پێشتر هەڕەشەی لە ڕژێمی ئەسەد کرد کە هێڵە سوورەکان نەبەزێنێت، کەچی پاش ماوەیەک لە هەڕەشەکانی پاشگەزبووەوە و گەیشتە ئەو ڕادەیەی ڕازی نەبێت چەکی گونجاو ببەخشێت بە (سوپای ئازادی سوریا) ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی دووبەرەکی لەنێوان هێزە ڕادیکاڵەکاندا و هەروەها ڕوسیا و ئێران و دەستوپێوەندەکانیشیان بەئاشکرا هاتنە گۆڕەپانەکەوە بۆ ڕزگارکردنی بەشار.
ئۆباما لەکاتی ماڵئاواییدا مۆسکۆی بە هەڵخەڵەتاندنی جیهان تۆمەتبار کرد، سەبارەت بە داپۆشینی کردەوەکانی بەشار و دەستدرێژییەکانی ڕوسیا و ئێران و ئەسەد. ئەمە بیری خستینەوە کە پێش ئۆباما و لەکاتی ئۆباماشدا ئەمریکا هەر پۆلیسی جیهان بووە، بەڵام پۆلیسی هاتوچۆ، کە چاودێریی هاتوچۆ دەکات و دەسەڵاتی گۆڕینی نییە. ئاخۆ ئەو ئەمریکایە لە سەردەمی جێنشینەکەی ئۆبامادا چ جۆرە پۆلیسێک دەبێت؟.



 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە