دوای ساڵێك.. وەك ئەوەی نە رۆیشتبین و نە هاتبین!

بۆچوون / بیروڕا :: 21/01/2017

سەرچاوە: ئەلمەدا
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید
رەنگە عێراق تاقە وڵات بێت لە جیهاندا كە شتەكانی تێدا نەگۆڕێن و ئەگەر گۆڕایشن ئەوا بەزۆری بەرەو خراپتر دەگۆڕێن. كێیش دەڵێت ئەم رایە وانییە ئەوا نموونەی تەواو و فاكتی یەكلاكەرەوە هەیە. بۆ نموونە خزمەتگوزاریە گشتییە سەرەكیەكان وەربگرە.. كارەبا و ئاو و تەندروستی و فێركردن و گواستنەوە و ئاوەڕۆ و ژینگە و.... باوەڕناكەم هیچ كەسێك، بە وەزیر و بەڕێوەبەرە بەرپرساكانی ئەم كاروبارانەیشەوە، بتوانێت بڵێت كە گۆڕانكارییەكی باش روویداوە.. بەڵام گەندەڵیی ئیداری و دارایی، ئەوە ئاشكرایە كە وەك خۆی ماوەتەوە و گەندەڵكارەكانیش هێشتا لەخۆشترین ژیاندا دەژین.
ساڵێك لەمەوپێش لێرەدا بابەتێكم نووسی دەربارەی راپۆرتی ساڵانەی سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافەكانی رۆژنامەنووسان لە هەرێمی كوردستانی عێراق:"ئەم راپۆرتە هەر ئەوە نییەكە هەست بە داخ و پەژارە بكەیت و بەس، بەڵكو ئازاربەخش و هەستكردنە بە تاڵیێتی و بێ‌ ئومێدی لەبەرامبەر ئەزموونێكدا كە بڕیاربوو ببێتە پێشڕەوی رابەرایەتیكردن و نمووونەیەكی پەیڕەوكراو لە سیاسەتی دیموكراسی و بوژانەوەی ئابوری و كۆمەڵایەتیی بەردەوام لە ئاستی هەموو عێراقدا. لەو هەرێمی كوردستانەی كە پێش 12 ساڵ لە رووخان و رزگاربوونی عێراق، رزگاری بوو لە دەستی دیكتاتۆریەتی سەدام حسێن. پێش ئەوەی عێراق رزگاری ببێت و بكەوێتە چنگی دیكتاتۆریەتێكی تازەوە كە دیكتاتۆریەتی ئیسلامی سیاسییە".  
ئەو راپۆرتەی سەنتەری میترۆ، 84 دەستدرێژیی لەسەر میدیاكاران و دامەزراوەكانیان تۆماركردبوو تەنیا لە ساڵی پێشوودا (2015)، لەوانیش تەنیا دوان-سیانێكیان لەلایەن رێكخراوی داعشی تیرۆریستەوە ئەنجامدرابوون ئیتر هەموو ئەوانی دیكەیان دروستكراوی دامەزراوە حكومی و حزبییەكانی هەرێم بوون!.
چەند رۆژێك لەمەوبەر هەمان ئەو سەنتەرە، راپۆرتی تازەی خۆیی دەربارەی بارودۆخی میدیاكاران لە ساڵی رابردوو (2016) دا بڵاوكردەوە كە (175) پێشێلكاریی بەرامبەر (148) رۆژنامەنووس كراون، لەو ژمارەیەیش 22 دانەیان لەسەر داعش تۆماركراون و هەموو ئەوانی دیكەیان بەشی دامەزراوە حكومی و حزبیەكانی هەرێم بوون.. كەواتە گۆڕانكاریی روویداوە بەڵام بەرەو خراپتربوون، ئەمەیش بەپێی بنەما پەیڕەوكراوە عێراقیەكان!.
 راپۆرتەكە تێبینیی ئەوەی كردووە "سەرەڕای دەركردنی چەندین یاسا و رێنمایی تایبەت بە بواری خزمەتكردنی رۆژنامەنووسان و كاری رۆژنامەوانی و ئاسانكاریی بۆ ئەوەی دەستیان بگەنە زانیاری و رووماڵی رووداوەكان بكەن، بەڵام كاربەدەستان هێشتا رێگری بەردەم جێبەجێكردنی ئەو یاسا و رێنماییانەن، بۆیە ئەو یاسایانە خراونەتە لاوە و كاریان پێناكرێن".
ئەی ئەبێ‌ حاڵی بەغدا و بەسرە و نەجەف و كوت و ئەوانی دیكە چۆن بێت؟. خراپی ئەوانیش لەوانەی هەولێر و سلێمانی و كەركوك كەمتر نین و رەنگە خراپتریش بن، وەك من و هەموو ئەوانی دیكەیش دەیزانین كە بایەخ بە ئازادیی راگەیاندن دەدەن. بەڵام نابێت ئەمە بەڵگە بداتە دەسەڵاتدارانی هەرێم یان لە بەرپرسیارێتیان كەمبكاتەوە لەبەرامبەر ئەو پێشێلكاریانەیاندا كە لە راپۆرتەكەی سەنتەری میترۆدا هاتووە. ئەمە كارێكی ئەوپەڕی خراپە تەنانەت ئەگەر ئەم جۆرە پێشێلكاریانە بەڕێژەی لەسەدا پەنجای ئەوانەیش بێت كە لەراپۆرتەكەدا هاتووە یان ئەوانەی كە ئێمە دەیانزانین بەرامبەر ئازادیی راگەیاندن و میدیاكاران لە هەموو لایەكی وڵاتدا. 
بە پێویستی دەزانم لێرەدا هەندێك لەوەی كە ساڵێك لەمەوبەر نووسیوومە بنووسمەوە و بیكەمە كۆتایی ئەم بابەتە.
بەبێ‌ راگەیاندنێكی ئازاد، نە دیموكراسی دەچەسپێت و نە بوژانەوەی ئابوری و كۆمەڵایەتی دێنەدی و نە ئاشتیی ناوخۆیی دابین دەبێت. ئەمە ئەوەیە كە دەبێت هەموو بەرپرسێكی حكومی و حزبی لە هەولێر و سلێمانی بیزانن، هەروەها ئەوانەی بەغدا و هەموو شارەكانی عێراقیش. كێ‌ دیموكراسیەت و بوژانەوە و ئارامیی كۆمەڵایەتی دەوێت، هیچ دەرچەیەكی نییە جگە لە ملكەچبوون و گوێڕایەڵی بۆ تەواوی داواكارییەكان و كێیش شتێكی تری دەوێت ئەوا دەبێت بە راشكاوی ئاشكرای بكات و بیڵێت. 

 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure