ترەمپی كاندید و ترەمپی سەرۆك

بۆچوون / بیروڕا :: 18/01/2017

سەرچاوە: شەرقولئەوسەت
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

رۆژی هەینیی داهاتوو، سەرۆكی نوێی ویلایەتە یەكگرتووەكان دەچێتە كۆشكی سپی-یەوە بۆ دەستپێكردنی ماوەی سەرۆكایەتیەكەی كە چاوێران كۆكن لەسەر ئەوەی ماوەیەكی ئاسایی یان سروشتی نابێت، بەڵكو پڕ دەبێت لە گۆڕانكاری و وەرچەرخانێك، لە هەردوو لایەنی ناخۆیی و نێودەوڵەتییەوە، كە سەرۆكی نوێ‌ نەوەستا هەتا دەسەڵاتە دەستووریەكانی وەردەگرێت ئینجا رایانبگەیەنێت یاخود ئینجا دەست بكات بە جێبەجێكردنیان.
هیچ سەرۆكێكی نوێی ویلایەتە یەكگرتووەكان هەڵنەبژێردراوە كە هێندەی هەڵبژاردنی ترەمپ دەنگدانەوە و بێنەوبەرەی لای ژمارەیەكی زۆر لە بیرمەند و روناكبیر و لیبراڵ-دیموكراتەكان دروست كردبێت، تەنانەت پێش ئەوەی دەسەڵاتەكەی بگرێتە دەستیش. لە مێژووی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكادا چەندین سەرۆكایەتی هەبوون كە وڵاتەكەیان بەرەو ئاسۆیەكی نوێی سیاسی یان ئابوری بردووە، وەك سەرۆكایەتیەكەی ویڵسۆن لە سەرەتای سەدەی بیستدا كە كۆمەڵەی گەلان-ی دامەزراند، یان سەرۆكایەتیەكەی فراكلین رۆزفێڵت لە سییەكاندا كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی لەو قەیرانە ئابورییە دەربازكرد كە تێی كەوتبوو، هەروەها سەرۆكایەتیەكەی رێگان كە ئازادیی ئابوریی چەسپاند و سەركەوتووبوو لە لەرزاندنی بنەماكانی یەكیەتی سۆڤیەتدا، هەروەها سەرۆكایەتیەكەی ئۆباما كە ئەگەرچی نەیتوانی هەموو ئەو ئومێدانە بێنێتەدی كە لەسەری هەڵچنرابوون، بەڵام دەستوەردانی سەربازییانەی ئەمریكای لە جیهاندا راگرت و جۆرێك دڵنیایی تەندروستیی بۆ 20 ملیۆن ئەمریكیی هێنایە ئاراوە و ڤیتۆی لە ئەنجومەنی ئاسایشدا بەكارنەهێنا دژی ئەو بڕیارەی كە ئیدانەی ئیسرائیلی كرد دەربارەی ئۆردوگا جوولەكەنشینەكان.
ئەمڕۆیش وەك هەڵبژاردنەكەی و هەروەها خودی سەرۆكی تازە هەڵبژێردراویش جەختی لێدەكاتەوە، ویلایەتە یەكگرتووەكان چووەتە قۆناغ یان سەردەمێكی نوێوە كە زەحمەتە وەسف بكرێت یاخود بەتەواوی دیاری بكرێت. بەڵام سەردەمێكی پڕ لە گۆڕانكاریی خراپە (وەك هەڵوەشاندنەوەی یاسا تەندروستیەكەی ئۆباما و دروستكردنی دیوارێك بە درێژایی هەزاران میل لەسەر سنووری ئەمریكا و مەكسیك). رەنگە دیارترین ناونیشانێكی ئەم سەردەمە تازەیە بریتی بێت لەو سۆزە هاوبەشەی كە لە نێوان ترەمپ و پوتین-دا ئاڵوگۆڕ دەكرێت، كە دەكرێت رەنگدانەوەیەكی ئەرێنیی هەبێت لەسەر جەنگی ساردی نێوان مۆسكۆ و واشنتۆن. یەكێكی دیكە لە ناونیشانەكانی سەردەمە تازەكە، دەورەدانی سەرۆكەكەیەتی بە ژمارەیەك لە ژەنراڵەكان لە پێگە باڵا حكومیەكاندا، ئاشكرایشە كە بیركردنەوەی عەسكەر جیاوازە لە بیركردنەوەی سیاسی و دیپلۆماسیەكان ، ئەمان ئاسایش و پارێزراوی زاڵ دەكەن بەسەر دیالۆگ و دیموكراسیدا.
هۆكاری سەرەكیی ئەوەی كە دەنگدەرانی ئەمریكا ترەمپ-یان لە بری كلینتۆن هەڵبژارد، ئارەزووی ئەوان بوو بۆ گۆڕانكاری و چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت لە بەرەنگاربوونەوەی مەترسیی تیرۆری نوێی نێودەوڵەتی كە خۆی لە داعشدا دەنوێنێت و لە تێڕوانینی ترەمپ-یشدا (وەك خۆی وتی) ئەو موسڵمانە رادیكاڵانەی كە هەڕەشەی ئەوەی لێكردن نایەڵێت بچنە ناو خاكی ئەمریكاوە. بەڵام ئەم هەڵوێستانە كە دەنگێكی زۆری لە هەڵبژاردنەكاندا پێ‌ كۆكردنەوە، لێیان پاشكەزدەبێتەوە یاخود لێیان كەمدەكاتەوە دوای ئەوەی دەچێتە كۆشكی سپییەوە.
سەرۆكە دانیشتووەكەی كۆشكی سپی، بیركردنەوە و ئارەزووەكانی هەرچی و هەرچۆنێك بن، دیكتاتۆرێك نییە تا بڕیار بدات و هەرچی بە مێشكیدا بێت جێبەجێی بكات، چونكە بڕیاردروستكەران لە ویلایەتە یەكگرتووەكان ژمارەیان دەگاتە هەزاران كەس لە توێژەران و شارەزایان، ئەمانە ئەو توێژینەوە و لێكۆڵینەوانە ئامادەدەكەن كە دەگەنە دەزگا و دامەزراوە حكومییە سەربازی و مەدەنیەكان، ئەوانیش لایخۆیانەوە دیراسەی دەكەن و لە راپۆرتدا كورت و پوختی دەكەنەوە و دەینێرن بۆ كۆشكی سپی، پاشان لە راپۆرتێك یان دوو راپۆرتدا كورتدەكرێنەوە و دەخرێتە بەردەست سەرۆك بۆئەوەی بڕیار لەسەر بابەتەكەی بدات. پێویستیش ناكات ئەوە بڵێین كە رالێبوونی سەدان ئەقڵ لە پەسەندكردنی بابەتێكدا، جۆرە دڵنیاییەك دەدات بۆ دووركەوتنەوە لە هەر بڕیارێكی هەڵەشە یان بەپەلەپڕوزێ‌ لەلایەن سەرۆك یان وەزیرێكەوە لە ویلایەتەیەكگرتووەكان و وڵاتە دیموكراسیەكاندا بەشێوەیەكی گشتی.. جگە لەمەیش كۆنگرێس هەیە و هەروەها میدیایش هەیە كە سەنگی خۆی لە سیاسەتی ئەمریكادا هەیە.
لێرەوە دەكرێت ئەو بڕوایە بێتە ئاراوە كە ترامپ-ی (سەرۆك) جیاواز دەبێت لە ترەمپ-ی (كاندیدكراو). بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە ئەم سەردەمە نوێیەی مێژووی ویلایەتەیەكگرتووەكان لەوانەی پێش خۆی جیاواز نییە. ئەمەیش نە لەبەر ئەو گۆڕانەی كە لەسەر ئاستی سەرۆكایەتی ئەمریكا، یان زۆرینەی حزبیی هاتبێتە ئاراوە، بەڵكو لەبەر  ئەم سەردەمە تازەیەیە كە مرۆڤایەتیی تێكەوتووە بە دەوڵەتەكان و گەلەكانەوە، كە سەردەمێكە سیاسی و سیاسەتمەدارەكان لەگەڵ (جیهانی گریمانەیی) و (شۆڕشی پێكەوەیی) و (پاراستنی ژینگە) پێكەوە دەگونجێنێت كە ناونیشانی تازەن و خەریكن دەكەونە پێش ناونیشانە تەقلیدییەكان كە تا ئێستایش سیاسەت و سیاسیەكان دەجوڵێنن. 
هەڵبژاردنی هیچ سەرۆكێكی ئەمریكا لە پێش ترەمپ-دا، ئەم هەرا و هوریای رەخنەگرتن و سەركۆنە و هەرا میدیاییەی لە ویلایەتەیەكگرتووەكاندا نەناوەتەوە كە بە ڕووی هەڵبژاردنی ترەمپ-دا هەڵپژان و ئەو خۆپیشاندنانەی كە چەندین شاری گەورەی ئەمریكایان گرتەوە و دژی ترەمپ هوتافیان دەكێشا. سەرۆكی نوێی ئەمریكا ناتوانێت پشتگوێیانبخات یاخود گاڵتەیان پێبكات، وەك كردی.
ئەوەی دەمێنێتەوە هەڵوێستی سەرۆكی نوێیە دەربارەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوەی لە سوریا و عێراق و ناوچەكانی دیكەدا دەگوزەرێن. ئاخۆ نەوت دەكات بە ئاگردا بە گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا بۆ قودس؟ یاخود ئایا هاوئاهەنگی دەكات لەگەڵ (هاوڕێكەیدا) سەرۆكی روسیا بۆ ئەوەی كۆتایی بێنن بەم جەنگە ئیقلیمی-نێودەوڵەتییە هەڵگیرساوانەی ناو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست؟. تێڕوانینە گشتیەكە ئەوەیە كە ئەوەی بە پلەی یەكەم گرنگیی پێدەدات بەرەنگاربوونەوە و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پشتیوانیكردنی ئیسرائیل و دڵنیاكردنەوەیەتی. ئەڵـڵاهوممە مەگەر مەسەلە و ململانێكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بچنە ناو ئەو رێككەوتنە چاوەڕوانكراوەوە كە لەگەڵ سەرۆك پوتین-دا دەیبەستێت و چەندین بابەت و رێككەوتننامە لەخۆدەگرێت.
لەهەموو حاڵەتێكدا، شێوەی هەڵبژاردنەكەی ترەمپ پەرچەكردارێكی گەلی ئەمریكا بوو كە داوای گۆڕانكاریی دەكات و لە پەلهاویشتنی تیرۆر دەترسێت بەرەو ویلایەتەیەكگرتووەكان. ئەم رەوتە سیاسییە تازەیەیش تەنیا لە ویلایەتەیەكگرتووەكاندا كورت نابێتەوە، بەڵكو پەلدەكوتێت بۆ دەوڵەتانی خۆرئاوا كە رووبەڕووی كردەوەی تیرۆریستی بوونەتەوە و پارتە راستڕەوە توندڕەوەكانیان تێدا بەهێز بووە كە سیاسییەكانی هاوشێوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكایەتیان دەكەن. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure