حه‌یاى مه‌سئول

بۆچوون / بیروڕا :: 11/04/2016

دواڕۆژ
+ دوكانێك هه‌یه‌ لاى شه‌ستی یه‌كه‌وه‌ ئه‌زانى چى و چى به‌ یه‌كه‌وه‌ ئه‌فرۆشێ؟
- نه‌وت و دۆ
+ چۆنت زانى زۆڵ؟ دیوته‌؟
- نه‌وه‌ڵـڵا نه‌مدیوه‌ به‌س به‌ مه‌زه‌نه‌ى ئه‌قڵ.
+ مه‌زه‌نه‌ى ئه‌قڵ ئه‌ڵێ چى؟
- مه‌زه‌نه‌ى ئه‌قڵ ئه‌فه‌رموێ ئێره‌ وڵاتى لفكه‌ و لیره‌یه‌، شته‌كان هیچ عیلاقه‌یان نى یه‌ به‌سه‌ر یه‌كترییه‌وه‌. مه‌سه‌له‌ن بۆ نموونه‌ ته‌ماشا ئه‌كه‌ى كابرا مه‌لاى دوانزه‌ عیلمه‌ كه‌چى مه‌كته‌به‌كه‌ى پڕه‌ له‌ به‌یاننامه‌ى حیزبى شیوعى.
+ ئاخر ئه‌زانى بۆچى واین؟ چونكه‌ له‌ سیاسه‌ت نازانین. سیاسه‌ت خوا دایناوه‌ بۆ ئینگلیز.
- قوربان ئه‌وه‌ جاران وابوو. ئینگلیز ئێستا فڕى به‌سه‌ریه‌وه‌ نه‌ماوه‌. ته‌سه‌وركه‌ ئه‌و ده‌یڤید كامیرۆنه‌ گه‌وجه‌ چى كردبێ باشه‌؟
+ ناشێ خه‌ریكى ته‌كه‌تول بێ؟
- نه‌خێر. شه‌ڵـڵا ته‌كه‌تولى دروست بكردایه‌ و ئه‌و په‌نگه‌ گه‌وره‌یه‌ى به‌ خۆى و حیزبه‌كه‌ى نه‌دایه‌.. هه‌ر وازبێنه‌.
+ ده‌بیڵێ شه‌قم برد.
- هیچ و پوچه‌ به‌رگه‌ى دوو دێڕ ره‌خنه‌ى نه‌گرت، یه‌كسه‌ر كه‌وته‌ نوسینى پاكانه‌ و روونكردنه‌وه‌ و ئه‌مانه‌.
+ ره‌خنه‌ى چى؟
- نازانم.. گوایه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ى زه‌ریبه‌دا خۆى دزیوه‌ته‌وه‌.
+ ده‌گ خوا بیكات به‌ قوربانى مه‌سئوله‌كانى ئێره‌.
- هه‌زار جار.. ئه‌وانه‌ى ئێمه‌ رۆژى ده‌ ته‌وراتیشیان له‌سه‌ر بنوسرێت به‌ خه‌یاڵى گونى بارگیریشیاندا نایه‌ت.
+ ده‌ستیان خۆش بێ. مه‌سئول ئه‌بێ وابێ. ئه‌م كامیرۆنه‌ حه‌یاى مه‌سئولى بردووه‌.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure