بەرنارد شۆ... بلیمەتێكی گۆشەگیر

بۆچوون / بیروڕا :: 17/01/2017

نووسینی: عەقل ئەلعەقل
سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید
لە پێشەكیی كتێبەكەیدا (بەرنارد شۆ)، سەلامە موسا-ی بیرمەند، ژیانی بەرنارد شۆ و كارەكانی دەخاتەڕوو و دەڵێت:"ئەدەب نابێت دابڕاوبێت لە كێشە كۆمەڵایەتی و سیاسیەكان، واتا دەبێت گوزارشت بكات لە كاروباری كۆمەڵ و گەل پێشبخات بەرەو بەها مرۆییەكان. لە بیروڕاكانی بەرنارد شۆدا ئەم كێشانە چارەسەر دەبن، بەڵام بەلای ئەو كەسانەوە كە عەقڵێكی داخراویان هەبوو ئەمە كفری عەقیدە و ئەخلاق بوو، ئەمەیش هیچ نەبوو جگە لە نەریتی كۆمەڵایەتی و پابەندبوون پێیانەوە كە چەقبەستن و لەمپەری بەردەم پێشكەوتن بوو".  سەلامە موسا ئاماژەی بەوەیشداوە كەسانێكی كەم هەن لە كارێك لە كارەكارەكاندا مەزن بووبن و لە تەمەنی گەنجایەتیاندا شێتۆكە یان سەرشێت نەبووبن لەڕووی تەسلیمبوون بەو بنەما كۆمەڵایەتی و سیاسیانەوە كە تێیدا دەژیان و هەوڵدان بۆ نكۆڵیكردن لە سیستمی كۆمەڵگەكەی یان سیستمی ژیانی. 
لە 1881 دا پیاوێكی شێتۆكەی ئەمریكی لە لەندەن پەیدا بوو ناوی داڤید سۆن بوو، بانگەشەی بۆ شتێك دەكرد كە ناوینابوو (ژیانی نوێ‌)، ئەم دوو وشە ورووژێنەیش هێزێكی جادووییان لای خەڵك هەیە، بیرۆكەكەیشی ئەوەبوو دەیگوت پێویستە ژیانێكی نوێ‌ بژیین كە بەهای تازەی هەبێت و خوو و نەریتە كۆنەكان هەڵوەشێنێتەوە. لەو جۆرە قەناعەتانەیش، ژیانێكی دەروێشانە و هاوسەرگیریینەكردن تەنیا بە خۆشەویستی نەبێت و كارنەكردن تەنیا بە رەوایی نەبێت و نیشتەجێنەبوون تەنیا لە كوخدا نەبێت. بێگومان داڤید سۆن سەركەوتوو نەبوو لە دروستكردنی كۆمەڵگەیەك لەسەر ئەو بنەمایە، بەڵام لەوەدا سەركەوتوو بوو كۆمەڵەیەك دابمەزرێنێت كە ئەندامەكانی پەیوەست بن بە ژینگەوە و بیانەوێت ژیانێكی نوێ‌ زیندوو بكەنەوە. ئەو كۆمەڵەیە فەوتا بەڵام پاشماوە و كاریگەرییەكانی، بیرۆكەی زیندوو دەبوژێنێتەوە و مانای نوێ‌ دەربارەی ئیستیعمار و مامەڵەی تاوانباران و  پەروەردەی منداڵان و ئازادیی ژنان و دابینكردنی ژیانی كرێكاران و قەرەبووی بێكاران و دروستكردنی خانووبەرە و نەخۆشخانەی بێ‌ بەرامبەر دێنێتە ئاراوە.
بەرنارد شۆ ساڵی 1856 لەدایكبووە، لە شاری دبلن-ی پایتەختی ئایرلەندە پێگەیشتووە. خێزانەكەی لەو ئایرلەندییە پرۆتستانتانە بوو كە خۆیان بە بەرزتر لە ئایرلەندییە كاسۆلیكەكان دەزانن، ئەوانەی كە نەریتی كەنیسە دایاندەبڕن و توندڕەویی ئایینی دەروونیان دەشێوێنێت. باوكی بەدمەستێكی شكستخواردوو بووە لە ژیانیدا. بەڵام دایكی هونەرمەندێكی پیانۆژەن و گۆرانیبێژ بووە و رقی لە هاوسەرەكەی بووە بە هۆی ئالوودەبوونی بە خواردنەوەوە. بەرنارد شۆ رقی لێی بوو، هەر بۆیە لە هەموو ئەوانەدا كە نووسیونی یەك وشەی باشی لەسەر نەوتووە. 
ئەوەی زیاتر رقلێبوونەوەی بەرنارد شۆی لە دایكی زیادكرد، ئەوەبوو كە ماڵی خۆیانی لە دبلن جێشت و لەگەڵ كچەكەیدا چووە لەندەن و ئەمی لای باوكی جێهێشت. لەبەر ئەم لێكترازان و هەڵوەشانەوەی خێزانەیش بەرنارد شۆ پشتی بەخۆی بەست و خۆی خۆیی پەروەردەكرد و خۆیی پێگەیاندووە. هەتا تەمەنی 20 ساڵی لە ئایرلەندە مایەوە و چەند ساڵێكی لە قوتابخانەیەكی سەرەتاییدا بەسەربرد و لەوێوە پارەی دەستدەكەوت، دوای ئەوە پارەی بەكرێدانی دەستدەكەوت و كرێیەكی كەمی وەردەگرت. بەڵام دەستكەوتێكی لە كرێ‌ زیاتری بەدەستهێنا كە بریتی بوو لە تێگەیشتن لە باری ژیان و گوزەرانی خەڵكانی هەژار و زانینی ئەوەی كە خاوەن موڵكەكان چۆن كرێچییەكان ئیستغلال دەكەن.
یەكەم شت كە نووسیویەتی لە رۆژنامەیەكی رۆژانەدا بوو لە دبلن و تێیدا دەڵێت:"باوەڕی بە خوا نییە". كاتێك ئەوەی نووسیوە تەمەنی لە 18 ساڵ تێنەپەڕیوە و ئاماژەی ئەو وتەیەیشی لەوەدا نەبووە كە لە دین لایداوە، بەڵكو ئەو رق و رەتكردنەوەیەی بووە كە بەرامبەر نێوەندە كۆمەڵایەتیەكە هەیبوو كە دین تێدا بە هەژموون و بە دەسەڵات بووە.
دوای ئەوە سەردانی لەندەنی كرد و چووە لای دایكی. لای دایك و خوشكەكەی مایەوە و بووە بار بەسەریانەوە، ئاگاداریان دەكردەوە لەوەی كە كارێك ناكات و هیچ دەستكەوتێكی نییە. جگە لەوەیش سووربوونی ئەم لەسەر ئەوەی كە ئەدەب بكاتە پیشەیەك، هێندەی تر تووڕە و بێزاری دەكرن. ئەو ساڵانەیش سوێ‌ و پەژارەیەكی زۆری بەرامبەر بە دایكی لە دەرووندا جێهێشت.
سەلامە موسا دەڵێت:"بەرنارد شۆ هەموو بەیانییەك دەچووە مۆزەخانەی بریتانیا كە زیاتر لە چوار ملیۆن كتێبی تێدابوو، ئیتر لەوێ‌ دەیخوێندەوە و كەسێتیی هونەریی و ئەدەبیی  خۆیی لەو قۆناغەدا پەروەردە دەكرد".

لە نێوان ساڵەكانی 1885 و 1900 دا بەرنارد شۆ زۆر هەڵسووڕاوانە لە رێكخراوێكدا كەوتە چالاكی كە پێیان دەگوت (كۆمەڵەی فابی). پلان و بەرنامەی ئەم رێكخراوە ئەوەبوو بچنە ناو ئەو حزبانەوە كە هەبوون نەك حزبی دیكە دامەزرێنن. رێبازی ئەم رێكخراوە سۆسیالیزم  بوو، بەڵام سوسیالیستێكی شێنەیی نەك شۆڕش.
بەرنارد شۆ دوای ئەوەی لە نووسینی شانۆدا سەركەوتنی بەدەستهێنا، هاوسەرگیریی كرد. هاوسەرەكەیشی كە كچێكی ئایرلەندی تەمەن نزیكەی 35 ساڵ بوو، هەر لەڕێی ئەو كۆمەڵەیەوە ناسیی، بێئەوەی هیچ پەیوەندییەكی سێكسییان هەبێت، (خۆشەویستیەكی گەورە)یان بۆ یەكتری هەبوو. بەرنارد شۆ زۆرجار لە بەرهەمەكانیدا بە رق و بێزارییەوە ئاماژەی بە خوێندنگای دواناوەندی و زانكۆكان داوە، چونكە پێیوابوو  مێشكەكان پڕدەكەن لە مەعریفەی زیاد و زیادەڕەویی كە گەشەی رۆشنبیرییان تێكدەدات. 
 




 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure