دەربارەی بۆردوومانی مزەی سوریا لەلایەن ئیسرائیلەوە

بۆچوون / بیروڕا :: 15/01/2017

سەرچاوە: رەئیولیەوم
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید 
ئەو بۆردوومانە مووشەكیەی ئیسرائیل كە لە بنكەیەكی شاری تەبەریای داگیركراوەوە كردیە سەر كۆگاكانی چەك لە فڕۆكەخانەی سەربازیی مزە لە نزیك دیمەشق-ی پایتەخت، نەیەكەمجارە و نە دواجاریش دەبێت، بەڵام ئەوەی جێی سەرسامییە ئەو باری خۆشحاڵیەیە كە هەندێك لە پایتەختە عەرەبییەكان و سەربازەكانیان دەگرێتەوە لە هەركاتێكدا كە ئەم كارە دووبارە دەبێتەوە و هیچ كاردانەوەیەك نابێت. وەك ئەوەی ئەم پایتەختە پایتەختێكی ئیمپراتۆریەتی عەرەبی نەبێت و هێرشبەرەكەیش دوژمنێكی داگیركەری زەوی و موقەدەساتی عەرەب نەبێت و بەرپرسیار نەبێت لە ئەنجامدانی چەندین تاوانی جەنگ دژی برا عەرەب و موسڵمانەكان.
ئەم دەستدرێژییە بۆ سەر سوریای نیشتمان و مێژوو و شارستانیەت و بەها و هەردوو میراتی عەرەبی و ئیسلامییە، ئەمە هێرشێك نییە بۆ سەر رژێمێك یان تایەفەیەك، چونكە رژێمەكە وەك رژێمەكانی تر كە بەدرێژایی هەشت هەزار ساڵ بەدوای یەكدا لە سوریادا بوون، دەڕوات. بەڵام نیشتمان تاهەتایە دەمێنێتەوە.
بۆردوومانكردنی ئامانجەكان لە قوڵایی سوریا و لەلایەن فڕۆكە و مووشەكەكانی ئیسرائیلەوە، بەتایبەت لەم كاتەدا كە وڵاتەكە بۆخۆی رووبەڕووی شەڕێكی سەخت بووەتەوە، بێ‌ چەندوچوون مانای مەترسییەكی راستەقینەیە لەسەر دەوڵەتی ئیسرائیل لە ئێستا و لە داهاتوویشدا. كێیش پێچەوانەی ئەمە بڵێت، ئیتر لە هەر پێگەیەكدا بێت، راستی بەهەڵەدا دەبات و دەچێتە سەنگەری دوژمنەوە.
میدیاكانی ئیسرائیل لە زاری سەرچاوەكانی خۆیان لە دامەزراوە سەربازیەكانیانەوە، وتیان ئەو هێرشە بارێك مووشەكی زەوی بە زەوی-ی لە جۆری (فاتح-1)ی كردووەتە ئامانج كە زۆر وردە لە پێكانی ئامانجەكانیدا و مەوداكەی دەگاتە 300 كلۆمەتر و كڵاوەیەكی جەنگیی پێوەیە كە كێشەكەی دەگاتە 400 كیلۆگرام.
ئەو راگەیاندنانە ئەوەیان روون نەكردووەتەوە كە ئاخۆ ئەو مووشەكانە رەوانەی (حزبوڵـڵا) دەكران یاخود جبەخانەكانی سوریا، بەڵام بەهەرحاڵ ئەمە گرنگ نییە چونكە جیاوازییەك لە نێوان ئەو دوانەدا نییە و گرنگەكە ئەوەیە كە بێگومان ئەو مووشەكانە بۆ بۆردوومانكردنی پشت قووڵایی ئیسرائیل بەكاردەهێنران، لێرەدا مەبەستمان شاری تەل رەشراش(ئیلات) و شاری دایمونا-یە لە قوڵایی بیابانی نەقەب-دا كە كوورە ئەتۆمیەكانی ئیسرائیلیان لێیە. گەر وانەبوایە مووشەكەكانی ئیسرائیل ئەوانەیان نەدەكردە ئامانج.
پەنابردنی ئەمجارەی سەركردایەتی ئیسرائیل بۆ بەكارهێنانی ئەو مووشەكانە لە تەبەریا-وە بۆ بۆردوومانكردنی فڕۆكەخانەی مزە كە پێدەچێت فڕۆكەكانی ئێران بەكاریبێنێت بۆ گەیاندنی بارە چەكی پێشكەوتوو بۆ سوریا و حزبوڵـڵا پێكەوە، مانای ئەوەیە ئیسرائیل نەیوێراوە و زاتی ئەوەی نەكردووە فڕۆكە جەنگیەكانی بەكاربێنێت و رەنگە لەوەترسابێت كە لەلایەن دژە هەواییەكانی سوریاوە بخرێنە خوارەوە كە مووشەكی (ئێس300)ی پێشكەوتووی روسیی دژە فڕۆكەیان هەیە. 
دەستەی ئەركانی سوپای سوریا وتی وەڵامی ئەم دوژمنكاریە دەدەنەوە. ئەگەرچی چۆنیەتی ئەم وەڵامە و ئەوەیان دیارینەكرد لەكوێوە دەبێت، بەڵام هیچ گومانی تێدا نییە كە دەبێت و وەڵام دەدرێتەوە، ئیتر لەناو خاكی سوریاوە بێت یاخود لە بنكەكانی حزبوڵـڵاوە. مەسەلەكە تەنیا پەیوەندیی بەكاتەوە هەیە و هیچیتر، كێ‌ لەو بڕوایەودا بوو  كە بارودۆخەكە بگۆڕێت و سوپای سوریا دوای شەش ساڵ شاری حەڵەب كۆنترۆڵ بكاتەوە؟ یان رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لە هاوپەیمانەكانی خۆی لەناو ئۆپۆزیسیۆنی سوریدا هەڵگەڕێتەوە و هاوپەیمانی لەگەڵ مۆسكۆدا بكات و رێككەوتننامەی سێ‌ قۆڵی لەگەڵ روسیا و سوریا واژۆ بكات بۆ هەمئاهەنگیی لە ئاسماندا بۆ دوورخستنەوەی پێكدادانی فڕۆكەكانی هەرسێ لایان؟ ئەی پێش پێنج ساڵ لەمەوبەر، كێ‌ پێشبینی ئەوەی دەكرد كە گروپە ئۆپۆزیسیۆنە چەكدارەكان لەسەر مێزی دانوستان لە جنێف و لەگەڵ نوێنەرانی حكومەتی سوریا دانیشن؟. تكایە با پەلە نەكەین و بەحێرایی بڕار نەدەین.  
لەكۆتاییدا بەو كەسانە دەڵێین كە هەمیشە بە لاقرتێوە دووپاتی دەكەنەوە و هەركاتێت پایتەختی سوریا لەلایەن ئیسرائیلەوە هێرشی بكرێتە سەر، ئەوان دەڵێن كاردانەوەی سوریا لە كات و شوێنی گونجاودا دەبێت، پێیاندەڵێین ئێستا كاتی سوعبەت و گاڵتە و بەدگۆیی نییە و رەنگە لێرەدا بیرهێنانەوەی ئەو شیعر و بەشان و باڵدا هەڵدانە دوور و درێژە بەسوودبێت كە بە سەرۆك ئەردۆغاندا هەڵدران كاتێك فڕۆكە سۆخۆ روسیەكەیان خستەخوارەوە كە چەند چركەیەكی كەم كایەی ئاسمانیی توركیای بەزاندبوو، ئەی ئێستا سەرۆك ئەردۆغان لەكوێ و لە كام سەنگەردایە و لەگەڵ كێدا هاوپەیمانە و ئەم هاوپەیمانییە چۆن هاتەبوون و ئەو باجە چییە كە دراوە بۆ ئەوەی پێی بگات و لاپەڕەی خستەخوارەوەی فڕۆكەكە بپێچنەوە؟.   
هیوادارین وەڵامی ئەم سوكایەتیكردنانەی ئیسرائیل بەخێرایی بدرێتەوە و هەر لە سوریایشەوە، لەبەر ئەوەی زۆر وڵات هەن كە مەسەلەی فەلەستین-یان لە بەرنامەی خۆیاندا سڕیوەتەوە و ئیسرائیل بە هاوپەیمان دەزانن، یاخود بەلای كەمەوە بە دوژمنی نازانن. ئێمە دڵنیاین ئەو وڵامە دەدرێتەوە و چاوەڕوانیەكەمان زۆر درێژە ناكێشێت.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure