شەڕی ئازادكردنەوەی موسڵ بۆچی لەوەی چاوەڕوان دەكرا زیاتری خایاند؟

بۆچوون / بیروڕا :: 14/01/2017

سەرچاوە: فۆرین ئەفێرز
وەرگێڕانی: هونەر كەمال
جەنگی ئازادكردنەوەی موسڵ لەدەستی داعش درێژەی كێشایە چوارەم مانگەوە. سوپای عێراق لە سوچێكی ئەم جیهانەدا سەركەوتنی بەدەستهێنا. جەنەڕاڵێكی باڵای ئەمریكی بەناوی ڕیك یوریبێ‌ دەڵێت"هێزەكانی عێراق لە لوتكەدان و بەردەوام بەرەوپێش دەچن بەهۆی ئەو ڕاهێنان و وانانەوە كە ڕۆژانە فێر دەكرێن. سەرەڕای ئەوەش، چاوەڕوان دەكرێت جەنگەكە چەند مانگێكی زیاتر بخایەنێت.
دروستبوونی داعش 
لە مانگی حوزەیرانی 2014 دا، داعش دەستی بەسەر موسڵدا گرت، دووەم گەورەترین شارە لە باكوری عێراق، ئەوەش هەموو جیهانی توشی شۆك كرد. لەماوەی چەند ڕۆژێكدا، 4 فیرقەی سوپای عێراق و هێزەكانی پۆلیس لە 4 پارێزگا هەڵوەشانەوە و تێكشكان، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی داعش بتوانێت كۆنترۆڵی یەك لەسەر سێی خاكی عێراق بكات. ملیۆنان هاوڵاتی مەدەنی بێلانە بوون، مەسیحییەكان زۆریان لێكرا ماڵ و ناوچەكانی خۆیان جێبێڵن. لەماوەی مانگێكدا، داعش توانی بەهەمانشێوەی عێراق كۆنترۆڵی یەك لەسەر سێی خاكی سوریا بكات و خەلافەتی ئیسلامی ڕابگەیەنێت، ئەوەش خەونی هەموو ئیسلامییەكی توندڕەوبوو. دوای ماوەیەكی كەم، داعش هەڕەشەی لە شاری هەولێر، پایتەختی هەرێمی كوردستانی عێراق كرد. ئەوەش ئەمریكای توڕەكرد و بۆ پاراستنی شارەكە هێرشی ئاسمانی كردە سەر داعش.
لەكاتی سەركەوتنە سەرسامكەرەكانی سەرەتایدا، نزیكەی 40.000 تیرۆریست لە 100 وڵاتی جیاجیاوە ڕوویان كردە عێراق و سوریا بۆئەوەی بچنە ناو داعشەوە. پڕوپاگەندەكانی داعش بەخێرایی لەماوەی مانگێكدا نزیكەی 100 ڤیدیۆیان بەرهەمهێنا كە لە دەیان هەزار ئەكاونتی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوكرانەوە. داعش بەردەوامبوو تا ملیۆنان دۆلاری لە عێراق و سوریا دەستكەوت، و ئۆپەراسیۆنە زەمینییەكانی فراوانبوون و گەیشتنە وڵاتانی ئەفغانستان و كامیرۆن و چاد و میسر و لیبیا و نیجێر و نیجێریا و تونس.
لەهەمانكاتدا، موسڵ بە گەورەترین و بەرفراوانترین شوێن مایەوە كە داعش كۆنترۆڵی كردبوو، بوو بە سەنتەرێك بۆ داعش، سەرەڕای ئەوەی هێزەكانی عێراق هێرشی گەورەیان دەكردە سەریان بۆئەوەی ئەو شارە ئازاد بكەنەوە. موسڵ نزیكە لە سنووری سوریا و توركیا و كوردستانەوە، نیوەی فەرماندە باڵاكانی پێشووی سوپای عێراق لە موسڵ دەژیان، موسڵ لە هەموو پارێزگاكانی تری عێراق زیاتر مەڕوماڵات و دانەوێڵەی بەرهەمدەهێنا. ئەو سامان و لایەنە سەربازییەی لە موسڵدا هەبوو سەرنجی داعشی ڕاكێشا كە ئەو شارە بگرێت و هەر ئەو لایەنانەش وایانكرد مانەوەی درێژە بكێشێت. ئەگەر موسڵ ئازاد نەكرێتەوە، داعش هەرگیز ناتوانرێت لەناوببرێت. ئەگەر موسڵ ئازاد بكرێتەوە، داعش بەئاسانی لەناودەچێت.
پلانێكی هەڵە
یەكێك لە گرفتەكانی درێژبوونەوەی ئازادكردنەوەی موسڵ بریتییە لە دانانی پلانێكی هەڵە بۆ ئازادكردنەوەی شارەكە. جەنەراڵێكی ئەمریكی كە فەرمانڕەوایی هێزەكانی ئەمریكای دەكرد لە عێراق لە ئیمەیڵێكدا ستایشی چالاكییەكانی هێزەكانی دژە تیرۆری عێراق دەكات لە موسڵ و دەڵێت"بەبڕوای من ئۆپەراسیۆنەكانیان زۆر كاریگەر بوون، لەكاتێكدا زۆر قورسە لە شارێكی گەورەدا شەڕ بكەیت و هەموو هەوڵێك بدەیت بۆئەوەی هاوڵاتیانی مەدەنی نەكوژرێن و ژێرخانەكەی لەناو نەچێت".
بەڵام لەڕاستیدا ئەو وێنە درەوشاوەیە بریتییە لە ڕاستییەكی ناشرین: ماوەیەكی زۆر وەستان بۆ جەنگی ئازادكردنەوەی موسڵ بەڵام پلانێكی ستراتیجی تێكشكاویان دانا. لە پلانە ستراتیجییەكەدا بۆ ئازادكردنەوەی موسڵ پشت بەو گریمانە هەڵەیە بەسترا كە گوایە داعش دوای زنجیرەیەك دۆڕان لە عێراق و سوریا لە ساڵی پاردا بێهێز بووە، بەوهۆیەوە ناتوانێت زۆر بەرگری بكات و لە شارەكە بمێنێتەوە. بەم تێڕوانینە، بڕوایان وابوو واباشترە هەموو شارەكە بەش بەش نەكرێت. وابێت كە گیانی هاوڵاتیانی مەدەنی و سەرچاوە سەربازییەكان پارێزراوبێت لەڕێگەی پاشەكشەكردن بە چەكدارەكانی داعش و دۆزینەوەی ڕێگایەك بۆ هەڵهاتنیان لە موسڵ.
كازم ئەلوائلی، كە ڕاوێژكاری تایبەتی هێزەكانی هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتی ئەمریكا بووە تاكو مانگی تشرینی دووەمی 2016 دەڵێت" ئەمە ئەنجامی پلانە سەربازییە هاوبەشەكەی ئەمریكا و عێراق بوو بۆ ئازادكردنەوەی موسڵ". دوای ئەوەی لە سەرەتای مانگی كانوونی یەكەمدا نزیكەی 100 سەربازی عێراق لە شەڕی نەخۆشخانەی موسڵدا كوژران و بریندار بوون، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق داوایكرد دووبارە پێداچوونەوە بە پلانەكەدا بكرێت. بەپێی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا، ئاشتۆن كارتەر وەزیری بەرگری ئەمریكا لە هەمان مانگدا سەردانی بەغدادی كرد بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی گۆڕانكاری لە پلانە سەربازییەكەی ئازادكردنەوەی موسڵدا لەگەڵ عەبادی.
بەر لە دەستپێكردنی شەڕەكە، هاشم ئەلهاشمی پسپۆڕی بواری داعش لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، خەمڵاندنێكی كرد و ڕایگەیاند، هێزەكانی داعش لە موسڵ ژمارەیان نزیكەی 5.500 چەكدارە. ڕەیان ئەلحەدیدی، چالاكوانی سیایی لە موسڵ ڕایگەیاند" داعش 3 یەكەی تایبەتی دروستكردووە لە شارەدكەدا و بە چەكی سووك پڕچەكی كردوون. ئەو یەكانە بۆماوەی زیاتر لە ساڵێك مەشقیان پێكراوە، بۆئەوەی ڕێگری لە لێشاوی هێزەكانی عێراق بكەن لە شارەكەدا. لەدوای یەكە تایبەتەكانی شەقامەوە كەتیبەكانی فاروق هەیە، ئەمانە یەكەكانی زرێپۆشن، كە لە فەرماندە سەربازییە كۆنەكانی عێراق پێكهاتوون كە زرێپۆشە دەستبەسەرداگیراوەكانی سوپای عێراق و سوریا بەكاردێنن". حەدیدی ئەوەشی ڕاگەیاند" داعش گروپێك قەناسی دروستكردووە كە لە 120 قەناسبەدەست پێكهاتوون و لەسەر سەربانی ماڵەكان دایناون".
سەرەڕای ئەوانەش، حەدیدی ڕایگەیاند" داعش هێزێكی 400 چەكداری لە چەكدارە بیانییەكانی داعش دروستكردووە بەناوی ئینغیماسیین و لە شارەكەدا بڵاوەی پێكردوون. ئەم هێزە كەسێك بەناوی گوڵمورۆڤ حەلیمۆڤ سەركردایەتییان دەكات كە پێشتر عەقید ڕوكنی هێزە تایبەتەكانی تاجیك بووە لە وڵاتی تاجیكستان و ئێستا یەكێكە لە فەرماندە سەربازییە باڵاكانی داعش. گوڵمورۆڤ بۆماوەی زیاتر لە 3 مانگ لە ناوچەی ئەلغابات لە موسڵ مەشقی پێكراوە. بەپێی سەرچاوەكانی حەدیدی، داعش 300 مووشەكی كورت مەودای هەیە كە 200 دانەیان لە ناوخۆدا بەرهەمهێنراون. جگە لەوەش، 300 ئوتومبێلی بۆمبڕێژكراو و 150 خۆكوژی بیانی لەناو هێزی خۆكوژی داعشدا هەیە، هەروەها 700 چەكداری تری هەیە كە ئامادەن لەپێناو داعشدا خۆیان بتەقێننەوە.
حەدیدی لە پوختەی قسەكانیدا دەڵێت" سەرەڕای هەموو ئەو گروپانە، 5 هێزی سەربازی دیكەی داعش لە موسڵ بوونیان هەیە، بەناوی سوپای عوسرە ئەم هێزە لە كۆمەڵەی بارودۆخە سەختەكان و كۆمەڵەی چوونە ناوەوە و كۆمەڵەی تێكشكێنەر و هێزی پشتیوانی و كۆمەڵەی ڕووبەڕووبوونەوەن بە هاوەن پێكهاتوون. ئەم 5 كۆمەڵەیە لە 2000 چەكدار پێكهاتوون". ئەگەر ئەو 5.500 چەكدارەی داعش بەمشێوەیە لە موسڵ بوونیان هەبێت، چۆن سوپای عێراق و ئەمریكا بیریان لەوە كردەوە داعش لە موسڵ هەڵبێت و بە جددی شەڕ نەكات و رووبەڕوویان نەبێتەوە.
گرفتەكانی سەركردایەتی
گرفتەكانی سەركردایەتیكردنی هێزەكان یەكێكی ترە لە هۆكارەكانی درێژەكێشانی ئازادكردنەوەی موسڵ. بۆماوەی 18 مانگ، لە مانگی نیسانی 2015 ەوە تا مانگی تشرینی یەكەمی 2016 لیوا نەجم جبوری فەرماندەی هەڵمەتی ئازادكردنەوەی موسڵ بوو. نەجم جبوری بەرپرسێكی سەربازی بوو بەڵام هەرگیز كۆلێژی سەربازی تەواو نەكردبوو هەروەها فەرماندەیی هیچ یەكەیەكی سەربازیشی نەكردبوو. 
لەماوەی فەرماندەییەكەیدا بۆ هەڵمەتی ئازادكردنەوەی موسڵ فەرماندەیی 100.000 سەربازی كردووە لە سوپای عێراقدا. لەناو ئەو هێزەدا، تەنیا بەشێكی زۆر كەمیان مەشقی شەڕی ناوشاریان پێكرابوو. لەماوەی 2 مانگ و نیودا، تەنیا نیوەی ئەو سەربازانە ڕەوانەی شەڕەكە كران. بەوهۆیەوە لەماوەی 50 ڕۆژی یەكەمی شەڕەكەدا 400 سەرباز كوژران.
       


  

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە