چاره‌نووسى لیبراڵ دیموكراته‌كان

بۆچوون / بیروڕا :: 02/01/2017

سه‌رچاوه‌: ریه‌ڵ كلیێر وۆڵد
وه‌رگێڕان: د. شێركۆ عه‌بدوڵـڵا

له‌ ساڵى 2017 دا دیموكراسیه‌كانى خۆرئاوا ته‌حه‌داى  زیاتریان دێته‌ڕێ له‌ ئاكامى سه‌ركه‌وتنى چاوه‌ڕوانكراوى زیاترى حیزبه‌ پۆپۆلیسته‌كانى ئه‌وروپا، له‌هه‌مانكاتدا چین و روسیایش زیاتر ئه‌جێنداى جیهان داده‌ڕێژن به‌ سوودوه‌رگرتن له‌ پاشه‌كشه‌ى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان.

كاتێك یه‌كێتى سۆڤیه‌ت له‌ ساڵى 1991 دا هه‌ره‌سیهێنا، فرانسیس فۆكۆیاما زاناى ئه‌مریكى له‌ بوارى زانسته‌ سیاسییه‌كاندا، به‌ ئاشكرا بانگه‌شه‌ى بۆ (كۆتایى مێژوو) كرد له‌ كاتێكدا كه‌ سه‌ركه‌وتنى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ده‌بینى وه‌ك تاقه‌ زلهێزى له‌ناونه‌چوو هه‌روه‌ها وه‌كو سه‌ركرده‌ى دیموكراسیه‌كانى خۆرئاوا.

فۆكۆیاما له‌ كتێبه‌ پڕفرۆشه‌كه‌ى ساڵى 1992 یدا (كۆتایى مێژوو و دوایین پیاو) نووسیویه‌تى (خاڵى كۆتایى گه‌شه‌كردنى ئایدۆلۆژیى مرۆڤ و به‌ جیهانیكردنى دیموكراسى لیبراڵى خۆرئاوایى شێوه‌ كۆتاییه‌كه‌ى حكومه‌تى مرۆڤه‌).

25 ساڵ دواتر دڵنیاییه‌كانى فۆكۆیاما به‌هیچ ده‌رچوون. دیموكراسى لیبراڵى له‌ ئه‌وروپا و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ قه‌یراندایه‌، له‌كاتێكدا چین و روسیا ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن كه‌ رژێمه‌ تاكڕه‌وه‌كان تادێت زیاتر ده‌سه‌ڵاتى جیهان ده‌گرنه‌ده‌ست.

له‌ ئه‌وروپادا شه‌ش پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن -به‌وانه‌ى فره‌نسا و ئه‌ڵمانیایشه‌وه‌ كه‌ دوو هێزه‌ ئابورییه‌ گه‌وره‌كه‌ى یه‌كێتى ئه‌وروپان- ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن كه‌ هه‌تا پاییزى داهاتوو هیچ هیوایه‌ك نییه‌ بۆ تازه‌كردنه‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تى.

سه‌رۆكى یه‌كێتى ئه‌وروپا جان یۆنكه‌ر له‌ وته‌یه‌كیدا سه‌باره‌ت به‌دۆخى یه‌كێتى ئه‌وروپا، له‌مانگى ئه‌یلولى رابردوو وتى:"هه‌رگیز له‌وه‌وپێش نه‌مدیوه‌ حكومه‌ته‌ نیشتمانیه‌كان به‌م ئه‌ندازه‌یه‌ لاواز بكرێن له‌لایه‌ن هێزه‌كانى پۆپۆلیزمه‌وه‌ و به‌مشێوه‌یه‌ ئیفلیج بكرێن له‌ترسى شكستهێنان له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتوودا".

ئێستایش چاوه‌ڕوان ناكرێت حكومه‌ته‌ تازه‌كه‌ى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان قه‌ره‌بووى غیابى یه‌كێتى ئه‌وروپا بكات له‌سه‌ر شانۆى نێوده‌وڵه‌تیدا. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ دۆناڵد تره‌مپ كه‌ له‌ 20 ى ئه‌م مانگه‌دا ده‌چێته‌ كۆشكى سپى، هیچ نیشانه‌یه‌كى لێ به‌دیناكرێت كه‌ ده‌ستبه‌ردارى هه‌ڵوێسته‌ پۆپۆلیسته‌كانى بووبێت له‌كاتێكدا كه‌ خۆى ئاماده‌ ده‌كات تا ئه‌مریكا له‌ شانۆى جیهانیى بكاته‌ ده‌ره‌وه‌.

بۆشاییه‌ سیاسیه‌كه‌ چین پڕیده‌كاته‌وه‌، كه‌ مه‌به‌ستیه‌تى ببێته‌ گه‌وره‌ هێزێكى جیهانیى نه‌ك له‌ مه‌سه‌له‌ ئابورییه‌كاندا، پاش ئه‌وه‌ى له‌ سه‌ده‌ى نۆزده‌دا كه‌وته‌ دوادواوه‌ى یه‌كه‌مین شۆڕشى پیشه‌سازى و ئێستا ئه‌و وڵاته‌ ئاسیاییه‌ چاوى بڕیوه‌ته‌ چواره‌مین شۆڕشى پیشه‌سازى كه‌ تاجه‌كه‌ى بكاته‌سه‌رى.

هه‌تا ئه‌وكاته‌ په‌كین ناوجه‌رگه‌ى هه‌ڕه‌شه‌یه‌ و چین وه‌كو قاره‌مانى جیهانگیریى و فره‌لایه‌نى نیشانده‌دات. چاوه‌ڕوان ده‌كرێت سه‌رۆكى چین خاڵه‌ ستراتیژییه‌ تازه‌كه‌ى له‌م مانگه‌دا بخاته‌ڕوو له‌ كۆڕبه‌ندى ئابوریى جیهانیى داڤۆسدا. ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجاره‌ سه‌رۆكێكى چین-ى به‌شداریى له‌ لوتكه‌ى ده‌سته‌بژێراندا بكات. 

ئه‌وروپا: گه‌ڕانه‌وه‌ى پۆپۆلیزم
سه‌ركرده‌كانى ئه‌وروپا كه‌ به‌شدارى له‌ داڤۆسدا ده‌كه‌ن، خه‌یاڵیان لاى مه‌سه‌له‌یه‌كى دیكه‌یه‌: هه‌ڵبژاردنه‌كان. له‌ ساڵى 2017 دا سێ ئابورى سه‌ركرده‌ى ناوچه‌ى یورۆ هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن. ئه‌ڵمانیا له‌ ئه‌یلولدا و فره‌نسا له‌ مانگه‌كانى نیسان و مایسدا و ئیتالیایش پێده‌چێت له‌ مانگى حوزه‌یراندا. یه‌كه‌مین وڵات كه‌ ده‌نگده‌دات هۆڵه‌ندا ده‌بێت له‌ مانگى ئازاردا، هه‌روه‌ها ره‌نگه‌ یۆنانیش هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت بكات به‌هۆى كێشه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ى دانه‌وه‌ى قه‌رزه‌كاندا.

چاودێره‌ سیاسیه‌كانى برۆكسیل ده‌ڵێن، له‌ روانگه‌ى ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌وه‌ پێناچێت هیچ گفتوگۆیه‌كى جدى  هه‌تا پاییزى داهاتوو له‌سه‌ر هیچ مه‌سه‌له‌یه‌ك بكرێت.

ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌ نه‌ك ته‌نیا ئه‌جێندا ته‌شریعیه‌كه‌ى نیوه‌ى ئه‌وروپا و دامه‌زراوه‌كانى یه‌كێتى ئه‌وروپا ئیفلیج ده‌كات، به‌ڵكو مه‌ترسى ئه‌وه‌ى لێده‌كرێت ئه‌هریمه‌نه‌ ترسناكه‌كانى كیشوه‌ره‌كه‌ ئازاد بكات.

له‌ ماوه‌ى چه‌ند ساڵى رابردوودا باڵى راستى پۆپۆلیزم گه‌شه‌ى كردووه‌ و له‌ ئاكامى نائارامى كۆمه‌ڵایه‌تى و  قه‌یرانى دارای و تیرۆر و ترس له‌بێگانه‌ ئه‌و پارته‌ سیاسیانه‌ به‌هێزتر بوون.

كونسڵى ئه‌وروپا ده‌ڵێت: "یان ده‌بێت نیشانى بده‌ین كه‌ ئێمه‌ ده‌توانیین به‌رگرى له‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانمان بكه‌ین یاخود دیسانه‌وه‌ براوه‌كانى هه‌ڵبژاردن هه‌ر پۆپۆلیسته‌كان و گۆشه‌گیرخوازه‌كان ده‌بن".  نیشانه‌كانى راپرسى له‌ فره‌نسا ده‌ڵێن كاپتنى ئه‌م دژه‌ یه‌كێتى ئه‌وروپایه‌ مارین لیبین ته‌نیا چه‌ند خاڵێكى ماوه‌ ببێته‌ سه‌رۆكى فره‌نسا.

له‌ هۆڵه‌نده‌ش سه‌ركرده‌ى دژه‌ ئیسلامى جێرت ویڵده‌رز ره‌نگه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان بباته‌وه‌ به‌ڵام ناتوانێت حكومه‌تێكى ئیئتیلافى پێكبێنێت.

له‌ ئه‌ڵمانیا و وڵاتانى دیكه‌یش وێنه‌كه‌ هه‌ر به‌هه‌مان شێوه‌یه‌ و ئه‌گه‌رى دروستبوونى حكومه‌تى ئیئتیلافى لاواز ئه‌گه‌رێكى به‌هێزه‌ له‌كاتێكدا كه‌ ئه‌ورپا رووبه‌ڕووى سه‌ختترین چركه‌ساته‌كانى خۆى بووه‌ته‌وه‌.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە