لە پەراوێزی شەڕی موسڵدا، پێکدادانی پکک و پارتی لە شەنگال

بۆچوون / بیروڕا :: 28/12/2016

شەڕێکی شیمانەکراوی نێوان پکک و پدک لە شەنگال کە نێچیروان بارزانی یەکەمین کەسە بانگی بۆ ئەدا، لە ڕاستیدا بەر لەوەی شەڕی دوو بلۆکی ئێدۆلۆژی و سیاسی کوردی بێ، بەشێکە لە شەڕی سوننی-شیعە لەسەر موسڵ.
پارتی و پکک لە ساڵانی ١٩٩٠ ەوە تا ئێستا شەڕیانە لەسەر سەرکردایەتیکردنی کوردستان. ئەو دوو ڕێکخراوە کە هەردووکیان زمانی هەرچواربەشی کوردستان دەزانن، خەڵکی هەرچواربەشی کوردستانیان لەگەڵدایە، سنوورە کۆمەڵایەتیەکانیان قووڵئەبنەوە بۆ سەرجەم شار و دێهاتەکانی بەشەکانی کوردستان و لەسەرجەم بەشەکاندا ڕێکخراو و گروپی جۆربەجۆریان هەیە، هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمیەکان حسابیان لەسەر دەکەن.
شەنگال دەکەوێتە سنووری موسڵ و ڕۆژئاوا. ئێزیدیەکانی شەنگال دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام، ساڵی ٢٠٠٣ کەوتنە ژێر دەستەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان. ئەگەرچی لە کاتی شەڕی دووەمی کەنداودا، پکک لە ڕێگای ئێزیدیەکانی ماردین و دێرکی ڕۆژئاوا و کادرە ئێزیدیەکانی، دەستیوەردایە ناو شەنگال و پێگەیەکی جەماوەریی باشی هەبوو، بەڵام بەهۆی ترسیان لە ئەمریکا لەلایەک و دوای ئەوەی گروپێکی گەورە بە سەرکردایەتی نیزامەدین تاش "بۆتان" و عوسمان ئۆجالان "فەرهاد" لە پکک جیابوونەوە و قەندیلیان بەخۆیانەوە خەریککرد لە لایەکەی دیکە، لە هەموویشی گرنگتر پەیوەندیی قەندیل و قەڵاچواڵان زۆر خۆش نەبوو، ئەو پارتە پێویستی بە پارتی هەبوو و ئێزیدیەکانی بۆ ئەوان بەجێهێشت. پارتی لەوکاتەوە تا هاتنی داعش، لە ڕێگای سیاسەتە نەریتیەکانی تایبەت بە کەمینەکان کە بریتیە لە کڕین و بێدەنگکردن، کاریگەریی ڕەهای لەسەر ئێزیدیەکانی شەنگال دانا و لە ڕێگای ئەوانەوە قورسایی خۆی لەسەر پارلەمانی عێراق و شاری موسڵ، کە دیواری سوننەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پردی پەیوەندیی نێوان شیعەکانی سوریا، لوبنان، عێراق و ئێران پێکدێنێ، دروستکرد، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٤ دا داعش لێی تێکدا.
هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مانگی ئابی ٢٠١٤دا شەنگالیان چۆڵکرد و چەند گەریلایەکی هێزەکانی پاراستنی گەل HPG و یەکینەکانی پاراستنی گەل YPGی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان لە چیای شەنگال ڕووبەڕووی داعش وەستانەوە و یارمەتیی ئێزیدیەکانیان دا. دوای ئەوە پارتی کرێکارانی کوردستان یارمەتی ئێزیدیەکانی دا تاکو سوپایەکی خۆیان سازبکەن و بەشێکی زۆر لە ئێزیدیەکانی ڕێکخست، ئەوەش ناکۆکی نێوان پکک و پدک-ی قووڵترکرد.
دوای ئەوەی لە ٢٤ی مانگی ئابی ٢٠١٦ دا سوپای تورکیا هەڵمەتی قەڵغانی فوراتی ڕاگەیاند و پەلاماری شاری جەرابلوسی سوریای دا و داگیریکرد، ئەنجومەنی ئاسایشی تورکیا ناسراو بە MGK لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی خۆیدا، ستراتیژی بەرگریکردن لە تورکیای داڕشت. بەپێی ئەو ستراتیژیە، تورکیا لە ژێرناوی هەبوونی گروپە نەیارەکانی، بۆی هەیە پەلاماری سەرجەم ئەو شوێنانە بدات کە نەیارەکانی لێ جێنشینکراون. دوای ئەوە تورکیا هەوڵێکی زۆریدا کە دەستێوەردان لە شاری موسڵ بکات، بەڵام ئێران، عێراق و ئەمریکا پشتگیرییان لێ نەکرد.
 لەوکاتەوە تا ئێستا پارتی زۆر بە جدی و پێداگریەوە داوا لە پکک دەکات شەنگال چۆڵ بکات، بەڵام حکومەتی عێراق، سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سەرجەم هێزەکانی دیکەی کوردستان، کێشەیەکیان لەگەڵ هەبوونی پکک لە شەنگالدا نییە و حکومەتی عێراقیش پەیوەندییەکی خۆشی لەگەڵ ئەو هێزانەدا هەیە و پشتگیرییان لێ دەکات.  ئەگەرچی جیاوازیەکی ستراتیژی، فکری و سیاسی زۆریش لە نێوان پکک-ە و ئەو هێزە هەرێمیانەدا هەبێ، لەبەر ئەوەی لە سێبەری وڵاتانی سوننە گەمە ناکەن، هەبوونی ئەوان لە شەنگالی نزیکی موسڵ باشترە لە پارتی دیموکراتی کوردستان.
چۆن جوگرافیای سوریا کۆسپێکە لە بەردەم بەیەکبەستنەوەی وڵاتانی عەرەبی سوننە و تورکیا و لەوێشەوە دەریای سپی ناوەڕاست، جوگرافیای موسڵیش ئەگەر لە دەستی سوننەکاندا بێ، ڕێگرە لە یەکیەتی نێوان شیعەکان، چونکە موسڵ تاقە پردێکە ئەشێ ئێران، عێراق، سوریا و لوبنان بەیەکەوە و پاشان بە دەریای سپی ناوەڕاستەوە ببەستێتەوە. 
پەلاماردانی موسڵ لەلایەن داعشەوە لە ساڵی ٢٠١٤ دا زیاتر پیلانێکی وڵاتانی سوننی جیهان بوو  و ئامانجەکەی پەکخستنی پڕۆژەی بۆڕی نەوت و غازی ئێران-عێراق و سوریا بوو کە دەگەیشتە لوبنان و دەریای سپی ناوەڕاست. 
بەپێی ئەو زانیارییانەی بەشێکیان دزەیان کردە ناو میدیاکان، ئەمریکیەکان و خەڵکی شەنگال لەو ماوەیەدا زۆر هەوڵیاندا پکک و پارتی لەسەر پرسی شەنگال و ڕۆژئاوا لەیەکتری نزیکبکەنەوە، بەڵام سەیرە لە کاتی دانوستانەکاندا نێچیروان بارزانی، لە لێدوانێکی نەخوازراودا، لە میانەی کۆنفرانسی زانکۆی ئەمریکا لە دهۆک گوتی:"ئەگەر پکک شەنگال چۆڵ نەکات هێز بەکاردێنین". مرۆڤ بە باشی لەوە ناگات ئایا ئەو لێدوانەی ناوبراو گوزارە لە بۆچوونی پارتی دەکات یان بەتەنیا خۆی؟ چونکە لە دەورووبەری پارتی ئەگەر کەمیش بێ، ڕەخنە و ناڕەزایی دژی ئەو لێدوانەی نێچیروان دەبیسترێ. ئایا مەسعود بارزانی-یش وەک نێچیری برازای لایەنگری بەکارهێنانی هێزە لە دژی پکک لە شەنگال کە لە کۆتاییدا نەوەک بەتەنیا شەڕی براکوژی، بەڵکو ئەگەری ئەوەی لێ ئەکەوێتەوە سوپای تورکیا بێتە ناو باشور و عێراق لە لایەک و ملیشیاکانی حەشدی شەعبیش بێنە ناو یارییەکە لەلایەكی دیكەوە.
کێشەکان هەرچییەک دەبن گرنگ نییە. کێ لەسەر حەقە و کێ ناحەقە بەلایەکەوە، بەڵام بە بڕوای من باشترین و ئاقڵترین ڕێگا کە ئەو دوو لایەنە هەڵیبژێرن ڕێککەوتنی سیاسی و چارەسەری دیپلۆماسییە. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure