فیلمی درێژی هیندی: شیكاگۆی بیستەكان

بۆچوون / بیروڕا :: 28/12/2016

سەرچاوە: شەرقولئەوسەت
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

دوای ماوەیەك لەوە تێگەیشتین سینەما ژیانی هیندیەكانە و ئەو جیهانەیە كە رووی تێدەكەن بۆ ئەوەی خۆیان دەرباز بكەن لەو واقیعەی كە زۆرجار ناگاتە ئاستی ژیانی مرۆڤ. كام ژیانی مرۆڤ؟ هەموو رۆژێك 14 ملیۆن هیندی دەچنە سینەماكانەوە بۆ ئەوەی لە بولێڵدا ئەوەیان لەبیربچێتەوە كە لە دەرەوەی سینەماكان روودەدات. زۆربەی فیلمەكانیش شانۆیی گۆرانیئامێزن چونكە گۆرانییە خۆشەكان هیندیەكان ئاسوودە دەكەن و گۆرانییە خەمبارەكانیش دەیانگریەنێت و بەمەیش خەم و خەفەت بە با دەدەن.
لە شانۆ گۆرانیئامێزە ئەمریكیەكاندا، هەردەبێت گۆرانییەكە پەیوەست بێت بە دیمەنێكەوە، بەڵام لە هیندیەكاندا لەناكاو ئەوە بەبیری پاڵەوانی فیلمەكەدا دێت تێیچریكێنێتە گۆرانییەك، كەچی چیرۆكی فیلمەكە باس لە خۆربردە دەكات یان چیرۆكی خۆشەویستیەك لە بیاباندا دەگێڕێتەوە. (بۆلیوود) سەدان فیلم دەربارەی مانگالا بەرهەمدێنێت و هەر یەكەیان لانیكەم 15 گۆرانییان تێدایە، سێیەكی بۆ پاڵەوانەكە و سێیەكی تری بۆ كچە پاڵەوانەكە و سێیەكیێكی دیكەیشی بۆ تیپێكی تۆپی پێ‌ یان بۆ پۆلیسی هاتوچۆ. بەشی هیند لە بەرهەمهێنانی هونەریدا ساڵانە نزیكەی 3.5 ملیار دۆلارە زۆربەیشی لە شاری دایك شاری هۆڵیوود-ە.
فیلمەكانیشی جەماوەری خۆیان هەیە لە روسیا و ئاسیا و هەروەها لەناو ئەو خێزانانەیشدا كە وای دادەنێن فیلمە ئەمریكیەكان پێوەرەكانی پەسەندكردنیان تێدا نەماوە. تا رادەیەكی زۆریش فیلمەكانی (بۆلیوود) دیمەنەكانی هەژاری  و ئازاربەخشیی لابردووە بۆ ئەوەی شتێكی دیكە پێشكەش بەو ملیۆنەها (هیندیە) بكات كە شانازیی بە پێشكەوتنیەوە دەكەن. هەروەها ئەو شوێنانەیش كە كوخی بەتەنەكە دروستكراویان تێدایە, كە ژیانی رۆژانەی هیندییەكانی تێدایە لە هەموو شوێنێكدا، سەرەڕای ئەو هەموو پێشكەوتنەی بەدیهاتوون.
سینەمای هیندی ناونراوە (بۆلیوود) چونكە لە بۆمبای بەرهەمدەهێنرێت كە زەویەكانی ئەو شارە گرانترین نرخیان هەیە. هەروەها بە 200 روپییە زەلامێك دەكوژن. شارێكە لە قەرەباڵغیدا خنكاوە. بەرلین بە قەرەباڵغترین شاری ئەوروپا دادەنرێت لە رووی دانیشتوانەوە كە 2900 كەس لە كیلۆمەترێكی چوارگۆشەدان. ئەم رێژەیە لە سەنگاپورە دەگاتە 6 هەزار، بەڵام لە بۆمبای 45 هەزار كەس لە تەنیا یەك كیلۆمەتری چوارگۆشەدان. لە هەندێك شوێنی سەنتەری شارەكەیشدا ژمارەیان دەگاتە یەك ملیۆن مرۆڤ لە كیلۆمەترێكدا. ئەمەیش زۆرترین رێژەیە لە جیهاندا. هێشتایش خەڵك لە گوندەكانەوە بۆی دەچن (چونكە كەس لە بۆمبای لە برسا نامرێت)، كەچی لە هەموو لایەكی هیندستاندا كەسانێك هەن كە لە برسا دەمرن. ئیتر ئەوە گرنگ نییە كە رێژەی 40%ی ماڵەكانی ئاوی خواردنەوەی پێویستی نییە. بەڵام ژمارەی ئەوانەی كاردەكەن بۆ كەمكردنەوەی كێشیان زیاترە لەوانەی كە دەیانەوێت زیادی بكەن. ئەم شارە، بێ‌ هیچ گومانێك گەورەترین و دەوڵەمەندترین و خێراترین شاری هیندستانە.
سۆكیتۆ مەهتا-ی نووسەر دەڵێت بۆمبای شارێكی دێرینی هیند نییە بەڵكو شارێكە لاسایی خۆرئاوا دەكاتەوە. شارێكە لە شیكاگۆی بیستەكان دەچێت، پڕە لە باند و چەتە و جۆرەها تاوان، هەروەها جۆرەها گەشەیش.
 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure