ئه‌ردۆغان باجى سیاسه‌ته‌كانى سوریاى ده‌دات

بۆچوون / بیروڕا :: 27/12/2016

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
له‌ هه‌ر گۆڕانكاریه‌كى گوماناویى سیاسه‌تى ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان-دا به‌رامبه‌ر سوریا، سه‌رۆكى توركیا رووبه‌ڕووى ئاسته‌نگ و ته‌نگژه‌یه‌كى تازه‌ ده‌بێته‌وه‌ كه‌له‌ باڵانسى ئیقلیمى و نێوده‌وڵه‌تیى ئه‌نقه‌ره‌ كه‌مده‌كاته‌وه‌. ئه‌وه‌بوو كاتێك خۆى كرده‌ شه‌ریكێكى شۆڕشى سوریا و هه‌وڵیدا ئه‌جێنده‌ ئیسلامیه‌كه‌ى خۆى به‌سه‌ردا بسه‌پێنێت به‌ كردنه‌وه‌ى ده‌روازه‌كانى توركیا له‌به‌رده‌م توندڕه‌وه‌كان له‌هه‌ر چوارلاى  جیهانه‌وه‌، ئه‌وانه‌ى كه‌ سوریایان كرده‌ مۆڵگه‌ى جیهاد، وڵاته‌كه‌ى تووشى مه‌ترسى زۆر و گه‌وره‌ كرد، به‌خێرایى دوژمنكاریه‌كان به‌ڕوویدا ته‌قینه‌وه‌ و هێرشى خۆكوژیى ئه‌نجامدران كه‌ زیانى زۆرى مرۆیى و مادییان به‌ ئه‌نقه‌ره‌ گه‌یاند.

 

كاتێكیش پلانه‌كه‌ى سوریاى ده‌ستكاریكرد و كورتیكرده‌وه‌ له‌وه‌دا كه‌ ته‌نیا رێگریى بكات له‌ دامه‌زراندنى قه‌واره‌یه‌كى سه‌ربه‌خۆى كوردى له‌ سه‌ر سنوورى توركیا و داواى لێبووردنى له‌ روسیا كرد و ئاسانكاریى راده‌ستكردنى حه‌ڵه‌بى كرد بۆ رژێم، جارێكى تر دۆخه‌كه‌ به‌ڕوویدا ته‌قییه‌وه‌ و یه‌كه‌م باڵیۆزى روسیى له‌ناو خاكى توركیادا كوژرا، ئه‌مه‌یش ئه‌وه‌بوو كه‌ شرۆڤه‌كاره‌ توركه‌كان به‌ شه‌رمه‌زارییه‌ك وه‌سفیان كرد كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شانى گه‌لى توركیا.

هێرشه‌كه‌ توركه‌كانى وڕوكاس كردووه‌، له‌كاتێكدا هێشتا كاریگه‌ریى هێرشه‌ یه‌ك له‌دواى یه‌كه‌كانى سه‌ر شار و شارۆچكه‌كانیان به‌رینه‌داون. هه‌روه‌ك ئه‌وه‌یش ئه‌وه‌نده‌ دڵنیایى پێنه‌به‌خشین كه‌ حكومه‌ت به‌ په‌له‌ به‌رپرسیارێتیى تاوانه‌كه‌ى خسته‌ مل بزووتنه‌وه‌كه‌ى فه‌تحوڵـڵا گوله‌ن. خۆ ئه‌گه‌ر بكوژه‌كه‌ سه‌ر به‌ بزووتنه‌وه‌كه‌ى ئه‌و بانگخوازه‌ ئیسلامیه‌ بێت یان نا، كه‌ به‌رده‌وام ئه‌ردۆغان ئۆباڵى هه‌موو ئه‌و شتانه‌ى ده‌خاته‌ ئه‌ستۆ كه‌ رووبوڕووى وڵاته‌كه‌ى ده‌بێته‌وه‌ هه‌تا كاتێكى نادیار، هیچ گومانێك له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ هوتافكێشانه‌كه‌ى (حه‌ڵه‌ب-تان له‌بیرنه‌چێ.. سوریا له‌بیرنه‌كه‌ن) بۆ ماوه‌یه‌كى دورودرێژ له‌ شه‌قامى توركیدا ده‌وترێته‌وه‌ و ده‌نگدانه‌وه‌ى ده‌بێت لاى زۆر كه‌سى تر كه‌ په‌رۆشى حه‌ڵه‌ب و شاره‌كانى دیكه‌ى سوریان.

له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌دا، ئه‌ردۆغان ئاماده‌ نییه‌، لانیكه‌م تا كاتێكى نزیك، وازبێنێت و پاشه‌كشه‌ بكات، ره‌نگه‌ له‌مه‌دا كاردانه‌وه‌كه‌ى روسیایش یارمه‌تیده‌رى بێت. ئه‌گه‌رچى كوشتنى دیپلۆماتكاره‌كه‌ى كوشنده‌ترین لێدانه‌ كه‌ ئاراسته‌ى ده‌كرێت له‌ كاتى ده‌ستوه‌ردانه‌ راسته‌وخۆ سه‌رازیه‌كه‌یه‌وه‌ له‌ سوریا، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك كه‌س تاوانه‌كه‌یان چوواندووه‌ به‌ كوشتنى ئه‌رشیدۆقى نه‌مسایى زانتس فردیناند كه‌ بڵێسه‌ى جه‌نگى یه‌كه‌مى جیهانى لێوه‌ هه‌ڵگیرسا، به‌په‌له‌ كرملین رووداوه‌كه‌ى وا دانا كه‌ هه‌وڵێكه‌ بۆ تێكدانى په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره‌دا.

دیاره‌ ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ى كه‌ كرانه‌وه‌ى روسیا-توركیا به‌ده‌ستیهێناون زۆر گه‌وره‌ن، به‌تایبه‌ت بۆ روسیا له‌وه‌ گرنگتره‌ كه‌ سه‌ركێشیى پێوه‌ بكات له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى كوژرانى دیپلۆماتكاره‌ به‌ ئه‌زموونه‌كه‌یدا. چونكه‌ له‌ كاتێكدا ده‌ستكه‌وته‌ سنوورداره‌كانى (قه‌ڵغانى فورات) له‌لایه‌ن روسیاوه‌ په‌سه‌ندكرابێت، ئه‌وا پوتین توانى به‌ رێككه‌وتنێكى ژێربه‌ژێرى توركى، حه‌ڵه‌ب راده‌ستى رژێم بكاته‌وه‌.

بێگومان وه‌ك پیشه‌ى خۆى، ئه‌ردۆغان كاردانه‌وه‌ى ئه‌م زلـله‌یه‌یش كه‌ به‌هۆى په‌رتوبڵاویى سیاسه‌ته‌ سكشتخواردووه‌كانى له‌ سوریادا، له‌ وڵاته‌كه‌ى سره‌وێنرا، به‌ سیناریۆى پیلانى نێوده‌وڵه‌تى دژى وڵاته‌كه‌ى ناوده‌بات كه‌ جارێك له‌لایه‌ن گوله‌ن و جارێكیش له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ له‌دژى ئه‌نجامده‌درێت و له‌ولایشه‌وه‌ توركیا زیاتر له‌ باڵانسى ئابوریى و پێگه‌ ئیقلیمى و نێوده‌وڵه‌تیه‌كه‌ى داده‌به‌زێت.

سه‌رچاوه‌: ئه‌لنه‌هار

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure