كێشەی پەچە لە خۆرئاوا

بۆچوون / بیروڕا :: 27/12/2016

سەرچاوە: ئەلسەباح
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید


ئێستا لە هەموو وڵاتانی خۆرئاوادا، بەتایبەت ئەوانەیان كە دەروازەكانیان واڵاكردووە لەبەردەم گەشت و گەشتیاری و ئەوانەیشیان كە سنوورەكانیان كردووەتەوە بەمەبەستی وەرگرتنی پەنابەر، قسەوباسێكی زۆر لەسەر پەچە دەكرێت. وایلێهاتووە تەنانەت ئەو دەوڵەتانەیش كە بەجۆرێك لە ئازادیی كەسەكانیان دەزانی ئێستا بەرەو ئەوە دەڕۆن كە تێڕوانینەكانی خۆیان بگۆڕن و وەك مەسەلەیەكی ئەمنی تەماشای بكەن بۆ قەدەغەكردنی. لە ناو ئەو وڵاتانەدا ئەڵمانیایش هەیە كە لەسەر زاری حزبەكەی مێركڵ-ەوە دەڵێت هەوڵ دەدات بۆ سنوورداركردنی ئەو جۆرە پۆشاكە لە هەموو لایەكی وڵاتەكەیدا.
ئەو وڵاتانەی كە بەرەو یەكلاكردنەوەی بابەتی پەچە رۆیشتوون و قەدەغەیان كرد، دەرگاكانی گفتوگۆی ئەم بابەتەیان بۆ خستینە سەرپشت. وەك هەموو جارێك دابەشبووین بۆ یار و نەیاری ئەمەیش. هەندێك لەگەڵین و هەندێك دژن. لە رووە شەرعیەكەوە (دینیەكەوە) توێژەرە بە ویژدانەكانی ئەم بوارە هیچ دەقێكی روون و ئاشكرای دینییان نەدۆزیوەتەوە كە ژنانی موسڵمان پابەند بكات بە پەچەوە و تەنانەت كەوتوونەتە گومانكردن لەو دەقانەیش كە باسیان لە پەچەكردووە. خۆ ئەگەر مەسەلەكە لەڕووە دەروونی و ئەمنیەكەیەوە بگرین ئەوا رەهەندگەلێك وەردەگرێت بۆ كردنەوەی زیهن و بیركردنەوەكان بۆ ئەوەی ئەو بیروڕایانە پەسەند بكات كە لە دژین بەبێ‌ ئەوەی دوژمنایەتیی بكرێت.
شاردنەوە و داپۆشینی دەموچاوی ژن و جەستەی بە جلوبەرگێكی فش و پانوپۆڕ-پێچەوانەی ئەوەی كە باوە بۆ بینینی و سەیركردنی ئەو بۆ كەسانی دیكە- وەك كۆتێكی دەروونی هەژمار دەكرێت كە دەیخاتە بارێكی وەك دابڕان و گۆشەگیربوونەوە لە دۆخێكدا كە پێویست دەكات ئەو تێكەڵاوی كەسانی دیكەببێت. بۆ زانیارییش، كۆت و بەند هەر بەسروشتی خۆی، پەستان و گوشارێك دروست دەكات كە ئەگەر هەستپێكردنێكی خێرا و هەنووكەییشی نەبێت بەڵام وردە وردە كەڵەكە دەبێت و كۆدەبێتەوە و هەڵچوونێكی نەرێنی خەفەدەكات كە كاریگەری و كاردانەوەی دەبێت لەسەر باری دەروونیی هەندێك، ئیتر با لەكاتێكی دوورتر و دواتریشدا بێت.
جگە لەمەیش شاردنەوەی سیما و رووخسار وایلێهاتووە كە لە هەموو وڵاتاندا لە بارودۆخی پەشێوی و نائارامیدا، هەڵاوێردەكرێت و جیادەكرێتەوە. پەڕینەوە لە فڕۆكەخانەكان پێویستی بە OK ی و پەسەندكردنە، پەڕینەوە لە بەربەست یاخود خاڵێكی ئەمنی پێویستیەتی، مامەڵە و هەڵسووكەوتكردن لەگەڵ دۆخێكی شڵەژاوی بازاڕێكدا یان شەقامێك پێویستی بەو پەسەندكردنەیە، هەموو ئەمانە پێویستیەكی ئەمنییە و پۆلیس یاخود كارمەندی ئاساییش وا لێدەكەن كە ژنی پەچەدار ناچاربكەن بۆ ئەوەی پەچەكەی لابەرێت و جاری وایش هەیە پۆلیسەكە یان كابرای ئاساییش پەچەكەی لە روو داماڵێت، ئەمەیش بۆخۆی برینداركردنی هەست و ئیهانەكردنی كەرامەتی ژنەكەیە. پێویستە لێرەدا ئەوەیش لەبەرچاوبگرین كە هەندێك كەس و لەناویشیاندا سەركردە تیرۆریستەكان، خۆیان لە جلوبەرگی ژنانەدا شاردووەتەوە و پەچەیان كردووە، ئەمەیش پاساوی ئەوە دەداتە پیاوانی ئاساییش كە لەكاتی پێویستدا پەچە بە ژنان لابەرن. 
كارمەندانی ئاساییش مافی ئەو داواكاریەیان هەیە و دەتوانن داوای لابردنی پەچە بكەن و ئەگەر ژنەكە خۆی لاینەبرد ئەوا ئەوان دەتوانن لێیبكەنەوە، بەمەیش ژنە پەچەدارەكە تووشی جۆرێك لە شەرمەزاریی دەبێت و دەكەوێتە ژێر گوشارێكی توندی دەروونیی بێ‌ پاساوەوە. 
لەژێر رۆشنایی ئەوانەی لە سەرەوە باسكران و لەبەر ئەم بارودۆخە كە تیرۆر بەربڵاوە و ناجێگیریی لە هەموو لایەكدا هەیە، دەتوانین بڵێین كە دەسەڵات و ناوەندە ئەمنیەكان لەوەدا لەسەر حەقن كە پەچە قەدەغە بكەن و هەروەها ئەو وڵاتانەیش كە بە ئاراستەی قەدەغەكردنی پەچە دەڕۆن، ئەوانیش مافی خۆیانە. كێیش پێچەوانەی ئەمە بیردەكاتەوە و سوورە لەسەر ئەوەی كە پەچە پێویستیەكە و دەبێت هەبێت، تەنیا هەر بژاردەی ئەوەی لەبەردەمدا دەمێنێتەوە كە بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەكەی خۆی، ئەو وڵاتەی لەبەر چەوساندنەوەی لێوەی هەڵاتووە. هەروەها پێویستە ئەوە بزانێت كە خۆرئاواییەكان بیروباوەڕ و خوو و نەریتی خۆیان هەیە و دەیانەوێت پارێزگاریی لێ‌ بكەن. ئیتر ئەوەی كە لە شوێنێكی دیكەوە دەچێتە ناویانەوە بۆ ئەوەی لەگەڵیاندا بژی، مافی ئەوەی نابێت بیروباوەڕی تایبەتی خۆی بەسەر ئەو كۆمەڵگە كراوانەدا بسەپێنێت.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure