خوێنی باڵیۆزەكەی روسیا بە ئەستۆی كێ‌؟

بۆچوون / بیروڕا :: 22/12/2016

سەرچاوە: ئەلمەدا
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید
زۆرینەی بیروڕاكان بۆ ئەوە دەچن كە ئەگەر رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا نەبوایە و  ئەگەر پارتەكەی، كە لقێكی رێكخراوی بزووتنەوەی ئیخوانی جیهانییە، دەسەڵاتی توركیای بەدەستەوەنەبوایە، رووداوی كوشتنەكەی ئەندرێ‌ كارلۆڤ باڵیۆز روسیا لە ئەنقەرە، رووینەدەدا كە ژمارەیەك خەڵكی دیكەیشی تێدا بریندار بوون و بكوژەكەیش كوژرا.

لەو كاتەوەی لە ئابی 2014 وە بووەتە سەركۆماری توركیا و پێش ئەوەیش كاتێك سەرەك وەزیران بوو، ئەم ئەردۆغانە وەك بیلدۆزەرێكی زۆر بەهێز كاردەكات بۆ جێقایمكردنی خۆی وەك سوڵتانێك و كردنی توركیا بە سەنتەرێك بۆ ئیمپراتۆریەتێكی تازەی عوسمانی. هەر لەم پێناوەیشدا سەرۆكی توركیا سنوورە وشكایی و دەریایی و ئاسمانیەكانی وڵاتەكەیی خستە سەرپشت لەبەردەم رێكخراوە ئیسلامیە سیاسییە زۆر توندڕەوەكاندا و لە پێش هەمووشیانەوە رێكخراوی داعش كە دەوڵەتی توركیا و پارتی داد و گەشەپێدان ئاسانكاریی ترسناكی لۆجستییان پێشكەش كرد، ئەمەیش تەنیا هەر بە كردنەوەی رێگە لەبەردەم ئەندامە (جیهادیەكان)یاندا نەبوو، بەڵكو كار گەیشتبووە گواستنەوەی چەك و تەقەمەنی و پارە، بۆیە توركیا بووە رێڕەو و هەروەها شوێنێك بۆ جێگیربوونی دەیان هەزار لە چەكدارانی رێكخراوەكە، ئەوانەی كە دڕندەترین تاوانی قڕكردنیان لە عێراق و سوریا ئەنجامدا.

 تەنیا ئەوكاتەی كە گوشاری توندی نێودەوڵەتی خرایە سەر، ئەردۆغان دەستی لە رێكخراوی داعش هەڵگرت، بەمەیش جادووەكە بەسەر جادووبازەكەدا هەڵگەڕایەوە و توركیا بووە گۆڕەپانێكی سەرەكیی كردەوە توندوتیژ و تیرۆریستیەكان كە رێكخراوە تیرۆریستیەكە لەپشت زۆبەی هەرە زۆریانەوەیە.
ئەو پۆلیسە توركەی كە جلوبەرگە فەرمییەكەی خۆیی داكەندووە و دەمانچەكەی هێشتووەتەوە بۆ ئەوەی تاوانێكی بەرامبەر باڵیۆزەكەی روسیا لەناو پێشانگەیەكی هونەریدا پێ‌ بكات، لەو دۆخەدا نەدەبوو كە پاڵی پێوەناوە تا بە خوێنساردییەوە ئەو تاوانە بكات و دیاریشە كە لەوپەڕی پەرۆشیدا بووە بۆ كردەوە قێزەونەكەی و سووربوون لەسەری و شانازیی پێوەكردنی, ئەوە دۆخی شەڕی سوریا و عێراقە، كە ئێستایشی پێوە بێت توركیا لایەنێكی سەرەكییە لە بڵاوكردنەوە و پەرەپێدانی، كە وایكردووە پۆلیسەكە هیچ دوودڵ نەبێت لە كوشتنی نوێنەری دەوڵەتێكی گەورە كە ئەویش بۆخۆی گلاوەتە شەڕی ناوخۆی سوریاوە.

بەدرێژایی ئەم چل ساڵەی دوایی، باوباپیرانی ئەردۆغان هەوڵی ئەوەیان داوە كە ماوەیەكی گونجاو لە نێوان توركیا و ئەو ململانێ‌ ئیقلیمییانەدا بهێڵنەوە كە حكومەتەكانی پێشوو تێوەی گلاون و دواترینیان قەیرانەكەی قوبرس بوو كە ئەنقەرە ویستی لەڕێی هێزی چەكەوە یەكلایی بكاتەوە و داگیری بكات، بەڵام تێیدا سەرنەكەوت. ئەو هەوڵەیش بە خێر بۆ ئابوریی توركیا گەڕایەوە و بووە یەكێك لە گرنگترین ئابورییەكانی ناوچەكە و لە هەموویان گەشەكردووتر بوو. كەچی ئێستا ئەردۆغان دەستكەوتەكانی باوباپیرانی لەناودەبات، تەنانەت لە بواری ئازادییە گشتیەكان و تایبەتیەكانیش لە ناوخۆدا، بەجۆرێك پێشتر جەنگی لەمجۆرەی بەخۆوە نەبینیووە كە ئەردۆغان دەستی داوەتێ‌ لەوكاتەوەی پۆستی سەرۆكایەتی وەرگرتووە و لەم چەند مانگەی دواییشدا گەیشتە ئەوپەڕی، بەتایبەت دوای راگەیاندنی هەوڵە كودەتا سەربازییە شكستخواردووەكە بۆ لەناوبردنی.

بەدڵنیاییەوە كەس لە ئەردۆغان زیاتر، بەرپرسیارێتیی كوشتنی باڵیۆزەكەی روسیا هەڵناگرێت، چونكە ئەم رووداوە هیچ نییە جگە لە شتێكی زۆر كەم لە ئەنجامگەلێكی بەدەستهاتووی تائێستای سیاسەتەكانی سوڵتانی تازەی توركیا و هەروەها ئەو ئەنجامانەیش كە لە داهاتوودا چاوەڕوان دەكرێن. ئەمەیش رەنگە قورسترین كاریگەریی لەسەر توركیا و دەورووبەرەكەی و هەموو جیهانیش هەبێت.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە