كورتیله‌ چیرۆك ‌

بۆچوون / بیروڕا :: 21/12/2016


+ ئاغا هه‌ر چوار كوڕه‌كه‌ی پوور حه‌لیم ئه‌كوژێ‌. دوایی به‌سوڵحی عه‌شایه‌ری بڕێك پاره‌ی ئه‌داتێ‌ وه‌ك خوێنبایی.
+ پوور حه‌لیم به‌و پاره‌یه‌ مێكزه‌مینیه‌ك ئه‌كڕێت‌ و ئه‌یداته‌ ده‌ست ئه‌حمه‌د و مه‌حمود كه‌سابه‌تی پێوه‌ بكه‌ن.
+ ئه‌حمه‌د و مه‌حمود سیاقه‌تیان زۆر خراپه‌. مێكزه‌مینیه‌كه‌ ئه‌ده‌ن به‌ داروبه‌ردا. رۆژی دووسێ‌ جار وه‌ری ئه‌گێڕن. پاش ماوه‌یه‌ك مێكزه‌مینیه‌كه‌ به‌قه‌د عه‌ره‌بانه‌یه‌كی تریشقه‌ قوه‌تی نامێنێ‌. به‌ڵام هه‌ر وازی لێ‌ ناهێنن.
+ رۆژێك بارێك بار ئه‌كه‌ن بۆ لوتكه‌ی شاخه‌كه‌. هه‌ر كه‌ له‌ قیره‌كه‌ دوور ئه‌كه‌ونه‌وه‌ مێكزه‌مینی ئه‌كه‌وێته‌ ناڵه‌ناڵ.
+ له‌ یه‌كه‌مین هه‌ورازدا مه‌حمود دائه‌به‌زێ‌. هه‌ر له‌وێدا دوكانێك دائه‌نێ‌. دوكانه‌كه‌ له‌ پێشه‌وه‌ مشته‌ریی زۆری لێ‌ كۆئه‌بێته‌وه‌. دوایی ئیفلاس ئه‌كات به‌ڵام دایناخات.
+ ئه‌حمه‌د له‌ سێیه‌م هه‌ورازدا عه‌لی ئه‌بینێ‌. ئه‌ڵێ‌ سه‌ركه‌وه‌ به‌نۆره‌ لێی ئه‌خوڕین.
+ عه‌لی سه‌رئه‌كه‌وێ‌‌ و ئه‌حمه‌د ئه‌چێته‌ ئه‌ولاوه‌ ئه‌خه‌وێ‌. له‌ خه‌ویدا ئه‌بێ‌ به‌شه‌ریكی ئاغا. خه‌به‌ری ئه‌بێته‌وه‌ ته‌ماشا ئه‌كات هه‌ر له‌ناو مێكزه‌مینییه‌ شڕه‌كه‌دایه‌، دوو حه‌پی ڤالیۆم ئه‌خوات‌ و ئه‌خه‌وێته‌وه‌.
+ عه‌لی بیر ئه‌كاته‌وه‌ ئه‌ڵێ‌ خۆ ئه‌مه‌ مێكزه‌مینیی باوكم نییه‌ بۆ مه‌كینه‌كه‌ی هه‌ڵنه‌سێنم؟. به‌ڵام نازانێ‌ چۆن. ئه‌میش له‌داخا خه‌و ئه‌یباته‌وه‌.
+ له‌ خه‌ویدا عه‌لی ئه‌بینێ‌ له‌گه‌ڵ ئاغادا به‌نزینخانه‌یه‌كیان داناوه‌. ئه‌ڵێ‌ له‌سه‌ر منیش بكه‌ن.
+ ئاغا ئه‌ڵێ‌ به‌شه‌رتێ‌ له‌ سه‌رت ئه‌كه‌ین بچیت دوكانه‌كه‌ی مه‌حمود بسوتێنی. عه‌لی ئه‌ڵێ‌ به‌سه‌رچاو. به‌گ دائه‌نێ‌‌ و ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ یه‌كه‌مین هه‌وراز. شاپڵیته‌یه‌ك دروست ئه‌كات دوكانه‌كه‌ی مه‌حمود بسوتێنێ‌. مه‌حمود لێی رائه‌په‌ڕێ‌ ئه‌ڵێ‌ چی ئه‌سوتێنی نه‌گبه‌ت؟ دوكانه‌كه‌ هیچی تیا نییه‌، ئه‌ڵێی بۆ هه‌لاج پاككراوه‌ته‌وه‌.
+ عه‌لی ئه‌ڵێ‌ ئاخر من وه‌عدم داوه‌ به‌ ئاغا هه‌رئه‌بێ‌ بیسوتێنم.
+ مه‌حمود ئه‌ڵێ‌ باشه‌ تۆ دوكانه‌كه‌ بسوتێته‌ و منیش مێكزه‌مینیه‌كه‌ ئه‌سوتێنم.
+ ئه‌حمه‌د به‌ده‌م خه‌وه‌وه‌ هاوار ئه‌كات: هه‌ق به‌ هه‌ق.. نانی ره‌ق.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure