تەقینەوەكەی كەنیسەی بوترس لە نێوان قاهیرە و دەوحەدا

بۆچوون / بیروڕا :: 21/12/2016

سەرچاوە: رەئیولیەوم
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید
لەكاتی هەوڵی كودەتا شكستخواردووەكەی ساڵی 1996 ەوە كە بۆ لەناوبردنی حەمەد بن خەلیفە ئال سانی میری پێشوی قەتەر ئەنجامدرا، پەیوەندیەكانی نێوان میسر و قەتەر تێكچووە. هەوڵە كودەتاكە چەند وڵاتێكی تێوەگلابوون كە یەكێكیان میسر بوو، ئامانجەكەیشی سەرلەنوێ‌ گێڕانەوەی شێخ خەلیفە بن حەمەد-ی باوكی بوو بۆ عەرشی دەسەڵات.
میری پێشووی قەتەر، حوسنی موبارەك-ی سەرۆكی پێشووی میسر-ی نەبەخشی لە تێوەگلانی لەو كودەتایە و (وەك قەتەر دەڵێت) ناردنی ئەفسەرانی سوپای میسر بۆ بەشداربوونیان لە كودەتاكەدا هەروەها تەنانەت فەرماندەیی هێزە كودەتاچییەكە كە لە خاكی سعودیەوە دەرچوو و پلانی ئەوەی هەبووە هەڵكوتێتەسەر دیوانی ئەمیری و ئەمیر بكوژێت، بەڵام هەوڵەكە لەباربرا. دەگوترێت ویلایەتە یەكگرتووەكان لەم بارەیەوە رۆڵی هەبووە، بەڵام بەڵگەیەكی رەسمی بۆ ئەم راستییە نییە.
تەلەفزیۆنی (ئەلجەزیرە) كە وەك تۆپی قورس لە دژی میسر و بۆ سازدانی ئۆپۆزیسیۆن لە دژی میسر بەكارهێنرا و راپۆرتگەلێكی زۆری میدیایی بڵاوكردەوە، رۆڵێكی گەورەی گێڕا لە تێكدانی باری ئارامیی لەو وڵاتەدا. سەركەوتنە گەورەكەیش ئەوكاتەبوو كە پشتگیریی شۆڕشی میسری كرد بۆ لەناوبردنی دەسەڵاتی سەرۆك موبارەك و پشتیوانیكردنی لە بزووتنەوەی (ئیخوان موسلیمین). ئیتر پەیوەندیەكانی نێوان ئەم دوو وڵاتە، واتە میسر و قەتەر، باشبوونی بەخۆیانەوە نەبینی، تەنیا بۆ ماوەیەكی كەم نەبێت كە نزیكەی ساڵێكی خایاند، ئەویش لە كاتی دەسەڵاتەكەی سەرۆك محەمەد مورسی-دا. بەڵام دوای لابردنی ئەو، پەیوەندیەكانی نێوانیان بەشێوەیەكی مەترسیدارتر و تووندتر تێكچوونەوە، چونكە قەتەر هەموو توانا قەبە دارایی و میدیاییەكانی خستە دژایەتیكردنی سەرۆك سیسی-یەوە. 
تۆمەتباركردنی قەتەر لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی میسرەوە لەو بەیاننامەیەدا كە دوای تەقینەوەكەی كەنیسەی بوترسی-ی ناوەڕاستی قاهیرە دەریكرد و بووە هۆی كوژرانی 23 كەس و برینداربوونی دەیانی دیكە، بەوەی كە دەستی قەتەری تێدایە و جەختكردنەوە لەوەی كە مهاب مستەفا ئەلسەید قاسم، ئەو خۆكوژەی تەقینەوەكەی ئەنجامدا، لە ساڵی 2015 دا سەردانی دەوحەی كردووە و پەیوەندیی بە ئیخوان موسلیمینەكانی ئەوێوە هەیە و دواتر گەڕاوەتەوە بۆ سینا بۆ ئەوەی تێدا بجەنگێت، ئەم تۆمەتباركردنە پەیوەندیەكانی نێوان هەردوو وڵاتەكەی گەیاندە قۆناغێكی تازەی هێندە خراپ كە پێشتر لەوجۆرە نەبووە.
بەستەوەی دەوڵەتی قەتەر بە تیرۆرەوە و دەستبوونی بە جۆرێك لە جۆرەكان لەپشت تەقینەوەكەی كەنیسەكەوە، تۆمەتێكی ترسناكە و رەنگە دەرەنجامی خراپی لێ‌ بكەوێتەوە و بگاتە سزدان و دادگاییكردنی نێودەڵەتی ئەگەر بە شێوەیەكی فەرمی و بە بەڵگەوە بسەلمێنرێت. ئەمە جگە لەوەی كە لەوانەیشە ئاییندارانی مەسیحی لەدژی هانبدات، نەك هەر لە میسر بەتەنیا بەڵكو لە هەندێك وڵاتی خۆرئاوایش. بەتایبەت لەكاتێكدا كە قەتەر بەوە تۆمەتبار دەكرێت پشتیوانی گروپە (تیرۆریستەكان)ی سوریایە، ئەمە ئەو پرسیارەبوو كە فرانك گاردنەر نووسەری ئەمنیی تۆڕی بی بی سی لە كاتی سەردانێكی ساڵێك لەمەوبەری ئەمیر تەمیم بن حەمەد سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی قەتەر بۆ بریتانیا، ئاراستەی كرد و ئەویش بەتەواوی رەتیكردەوە.
بەرپرسەكانی قەتەر هەستیان بەم مەترسییەكرد و پەنایان بردە بەر ئەنجومەنی هاریكاریی كەنداو و داوای پشتگیرییان لێكرد، ئەمەیش وایكرد بەڕێز عەبدولـلەتیف ئەلزیانی ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنەكە بەیاننامەیەكی رەسمی دەربكات و تێیدا تۆمەتەكانی سەر قەتەر پرۆتستۆ بكات و بێزاری خۆی لەوە دەرببڕێت كە ناوی قەتەر لە تاوانی تەقاندنەوەی كەنیسەكەدا هاتووە بەبێ‌ هیچ زانیاری و بەڵگەیەكی سەلمێنراو. بەڵام وەزارەتی دەرەوەی میسر خێرا كەوتە خۆی و بەیاننامەیەكی فەرمیی دەركرد و تێدا دەڵێت"میسر خوازیاری ئەوەبوو كە هەڵوێستی ئەنجومەنی هاریكاریی كەنداو رەنگدانەوەی خوێندنەوەیەكی وردی هەڵوێستی میسر بوایە" و "زانیارییەكانی میسر لەسەر ئەوەی كە تۆمەتباری سەرەكیی تەقینەوەكە پەیوەندیی بە كەسانێكی ناو قەتەرەوە هەیە سەلمێنراون و لایەنی ئەمنیی پەیوەندیدار بەردەوامە لە كۆكردنەوەی هەموو سەرەداوەكانی ئەم تاوانە و ئەوەیش كە پارەی داونەتێ‌ و پیلانی بۆ كێشاون و بەشداربووە لە جێبەجێكردنیدا و هەموو بەڵگەكانیش لە دوای لێكۆڵینەوەكان ئاشكرا دەبن". 
بەیاننامەكەی میسر رەنگدانەوەی جۆرێك لە متمانەی تێدایە وەك چۆن رەنگدانەوەی پەرەسەندنیشە لە دژی دەوڵەتی قەتەر و نییەتی جۆرە تۆڵەكردنەوەیەك دەردەخات. هەندێك لە چاودێرانیش وای بۆدەچن كە میسر پەلەی كردووە لە ئاراستەكردنی تۆمەتەكان بۆ دەوحە پێش ئەوەی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان دەركەون و بەڵگە سەلمێنراوەكان كۆبكرێنەوە.
پەیوەندیی دەوڵەتی قەتەر بە بزووتنەوەی ئیخوان موسلمینەوە ئاشكرایە و پێویستی بە سەلماندن و بەڵگە نییە، هەروەها بوونی ئەندامانی ئەو گروپە لە دەوحەیش هەر مەسەلەیەكی ئاشكرایە و ناتوانرێت بشاردرێتەوە. بەڵام لێرەدا پرسیارەكە لەسەر ئەوەیە كە ئاخۆ گروپی ئیخوانی تا چەند دەستی لەو هێرشەدا هەیە كە بە رەسمی ئیدانەی كرد؟ وەك چۆن دەوڵەتی قەتەر-یش و هەروەها ئەنجومەنی هاریكاریی كەنداویش ئیدانەیان كرد.
تۆمەتباركردنی قەتەر لەلایەن میسر-ەوە مەترسیدارە، هەروەها مایەی نیگەرانییشە، ئەم نیگەرانییە زیاتر دەبێت ئەگەر میسر بەڵگەی ورد و قەناعەتپێكراو بخاتەڕوو، چونكە ناكۆكیی سیاسی و شەڕی راگەیاندنی نێوانیان كە لەدوای گەیشتنی سەرۆك عەبدولفەتاح سیسی بە كورسیی دەسەڵات توندتر بووەتەوە، لە كارە پەیڕەوكراوەكانی نێوان وڵاتە دژەكانە لە ناوچەی عەرەبیدا، بەڵام تێوەگلان لە تەقینەوەی كەنیسەكەدا كارێكی تاوانكارییە و هێڵە سوورەكان دەبەزێنێت، بەهەموو رەنگەكانیەوە.
سەردانی گەنجێكی میسری بۆ قەتەر كارێكی ئاساییە، چونكە هەزاران میسری لەو وڵاتەدا كاردەكەن و تەنانەت لە كەناڵی ئەلجەزیرە-یشدا دوای ئەوەی فراوانكرایەوە و لە (قاوغە شقارتە)یەكەوە بووە بینایەكی گەورە و رازاوە. بەڵام ئەگەر ئەوە سەلمێنرا كە پەیوەندیی گەنجەكە و ئەندامانی ئیخوان لە دەوحە (چەكداری كردبێت) بۆ ئەوەی ئەم تاوانە بكات، ئەوكاتە ئەم مەسەلەیە پێویستی بە بەڵگەی ورد و بەهێز و سەلمێنراو هەیە، چونكە دەرهاویشتەی زیاتری لێدەكەوێتەوە.
پەلە ناكەین لە حوكمدان بەسەر ئەم مەسەلەیەدا و وای بەباش دەزانین كە چاوەڕێی بەڵگە یەكلاییكەرەوەكانی میسر بین. بەڵام ئەوەیش یەكلابووتەوە كە ئاڵۆزیی پەیوەندییەكانی میسر و قەتەر لە پەرەسەندنی زیاتردا دەبن، ئیتر ئەنجامەكان هەرچییەك بن، چونكە ئەم پەیوەندییانە بەدرێژایی دوو گرێ‌ بۆخۆیان خراپ و ئاڵۆز بوون، بێگجە لە مانگە هەنگوینیەك كە ئەویش كورت بوو و تەنیا ساڵێكی خایاند.







created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure