پەیامی كوشتنی باڵیۆزەكەی روسیا لە ناودڵی پایتەختی توركیادا

بۆچوون / بیروڕا :: 20/12/2016

سەرچاوە: رەئیولیەوم
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

 
تیرۆركردنی ئاندرێ‌ كارلۆڤ باڵیۆزی روسیا لە ئەنقەرە بە هەشت گولـلەی دەستی كارمەندێكی ئەمنیی تورك كە لەگەڵ دەرچوونی هەر گولـلەیەك لە چەكەكەیەوە بە دەنگێكی بەرز هاواری دەكرد (حەڵەب) و (تۆڵە) و (ئەڵـڵاهو ئەكبەر)، ئەم تیرۆركردنە و بەو رێگەیەی كە ئەنجامدرا، بەڵا و كارەساتی توركیا و هەموو ناوچەكە كورتدەكاتەوە، هەروەها ئەو رووداو و گۆڕانكارییانەیش كە رەنگە لە مانگ و ساڵانی داهاتوودا رووبەڕووی ناوچەكە ببنەوە.
ئەم گولـلانەی باڵیۆزەكەی روسیایان كوشت، پەیامێكی ناڕەزاییە لە بەشێكی كۆمەڵگەی توركییەوە كە بەوردی قەبارەكەی نازانین، دژی نزیكبوونەوەی زیاتری روسیا و توركیا كە بووەتە هۆی روودانێكی (نیمچە ریشەیی) لە هەڵوێستی توركیا لە بەرامبەر قەیرانی سوریادا، كە خۆی دەبینێتەوە لە دەستوەرنەدانی سەربازیی بۆ سەرخستنی ئۆپۆزیسیۆنی چەكدار لە حەڵەبی خۆرهەڵات و هەروەها بەشداربوونی زیاتری رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا و حكومەتەكەی و دەزگا ئەمنیەكانی لە جەنگی دژی گروپە ئیسلامییە توندڕەوەكان لە سوریا و عێراقدا.
كارلۆڤ باڵیۆزێكی ئاسایی نەبوو، رۆڵێكی گەورەی گێڕاوە لە نزیككردنەوەی توركیا و روسیا لە مانگەكانی رابردوودا، تەنانەت بە (ئەندازیار)ی ئەو رێككەوتنە ناودەبرێت كە بووە هۆی چوونەدەرەوەی چەكدارەكان لە حەڵەبی خۆرهەڵات و رێككخەری پەیوەندیی نێوان حكومەتەكەیی و هاوتا توركیەكەی بوو. خاوەنی ئەزموونێكی دیپلۆماتی بووە كە زیاتر لە سی ساڵ كۆیكردووەتەوە. بۆیە زیانەكانی توركیا لە كوژرانیدا و بەتایبەت لەم كاتەیشدا، گەورە و كاریگەردەبن.
كارمەنێكی ئاسایشی توركی لە بیستەكانی تەمەنیدا ئەم كاری كوشتنە ئەنجامبدات و لایەنگریی (جیهادی) و توندڕەوێتیی ئیسلامییانەی خۆی ئاشكرا بكات، ئەمە مانای وایە كە گروپە توندڕەوەكان بە ئاستێكی بەرز هەردوو دامەزراوەی سەربازی و ئەمنیی توركیایان بەزاندووە و لەوانەیە شانەی نوستوویشیان لە ناویاندا هەبێت و ئامادەبێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا تەقینەوە و كوشتن ئەنجانمبدات. ئەمەیش خۆی لەخۆیدا نیگەرانی و دڵەڕاوكێیەكی زۆر لای حكومەتی توركیا دروست دەكات، بەتایبەت لە كاتێكدا كە لە چەندین لاوە رووبەڕووی تەقینەوە و پەلاماردان بووەتەوە، هەندێكیان ئیسلامیی توندڕەو و هەندێكیشیان كوردیین.
بە دڵنیاییەوە ئەو گولـلانەی كە باڵیۆزەكەی روسیای كوشت كاریگەریی خراپی سنوورداری دەبێت لە سەر پەیوەندییەكانی روسیا و توركیا، بەڵام بەدوور نازانرێت كە ئاستی نزیكبوونەوەی نێوان هەردوو وڵاتەكە زیاتر بكات، بەتایبەت لە دۆسیەی سوریادا.
رەنگە ئەوە روون بێت كە توندڕەوە سوریەكان تەقینەوە و كوشتن لە قوڵایی توركیادا ئەنجامبدەن وەك ناڕەزاییەك لەسەر بێبەڵێنیەكانی سەرۆكی توركیا و بادانەوەی بەلای چەكدارە گەمارۆدراوەكانی ناو حەڵەبی خۆرهەڵات، بەڵام ئەنجامدانی ئەم كوشتنە لەلایەن كارمەندێكی ئەمنیی توركەوە كە لە سەرەتای بیستەكانی تەمەنیدایە، ئەمەیان دیاردەیەكی هەتا بڵێت جێی نیگەرانیی توركیا دەبێت، بەتایبەت كە بڕیاربوو ئێوارەی رۆژی ئەم دوو شەممەیە بەڕێز مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا بەرەو مۆسكۆ بفڕێت بۆ بەشداربوونی لە كۆبوونەوەیەكی سێ‌ قۆڵیی لەگەڵ هاوتا روسی و ئێرانیەكانیدا بەمەبەستی دانانی پلانێك بۆ لەناوبردنی گروپە (جیهادییەكان)ی ناو سوریا و رێكخستنی دانوستانێك لەژێر چەتری هەرسێ‌ وڵاتەكەدا لەنێوان حكومەتی سوریا و ئۆپۆزیسیۆنی میانڕەودا بۆ ئەوەی بگەنە چارەسەرێكی سیاسیانەی وا كە حكومەتێكی یەكێتیی نیشتمانیی تێدا پێكبهێنرێت و چارەسەرێكی سیاسیانەی هەمیشەی بێتەدی بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ مەرجەعە ئەمریكی و ئەوروپی و عەرەبییەكان.
ترسناكیی ئەم كردەوەی كوشتنە كە لەناو دڵی ئەنقەرەی پایتەختدا ئەنجامدراوە و باڵیۆزی وڵاتێكی مەزنی كردووەتە ئامانج، گورزێكی بەهێزە ئاراستەی وێنەی توركیا و هەیبەتە ئەمنییەكەی كرداوە، ئەمەیش كاردانەوەی خراپی دەبێت لەسەر ئابوریی ئەم وڵاتە كە بۆخۆی لە شۆڕبوونەوە و دابەزینی تێكڕای بەرهەمی نەتەوەییدایە بۆ ئاستێكی بێوێنەی لە ماوەی بیست ساڵیدا، ئەمە بێجگە لە زیادبوونی بێكاری و نزمبوونەوەی بەهای دراوی نیشتمانی بۆ نزیكەی نیوەی بەهای پێشووی ئەگەر نزمتریش نەبێت.
لەوباوەڕەدا نیین ئەم كوشتنە ببێتەهۆی كشانەوەی سەرۆكی توركیا لە نزیكبوونەوەی لە روسیا و رەنگە تەواو پێچەوانەی ئەمە رووبدات، واتا پاڵنەرێك بێت بۆ ئەوەی زیاتر بەرەو مۆسكۆ بڕوات و پەیوەندییەكان زیاتر بكات و تەنانەت هاوئاهەنگیەكانیشیان لەگەڵ حكومەتی سوریا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو تیرۆرەی كە وردەوردە دەبێتە دوژمنی هاوبەشی هەردوو وڵاتەكە.
پێش سێ‌ ساڵ لەمەوبەر بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا لە دیدارێكی لەگەڵ رۆژنامەیەكی خۆرئاوایی وتی  "ئەوەی كە دووپشكێك بخاتە گیرفانی خۆیەوە دەبێت پێشبینیی ئەوەیش بكات كە رۆژێك دێت بەخۆیشیەوە دەدات"... لەوەدەچێت گیرفانەكانی سەرۆك ئەردۆغان پڕ بن لە دووپشك و مار و جاڵجاڵۆكەی ژەهراوی، چەندین پسپۆری كاروباری ناوچەكە وایدەبینن، هەربۆیە پێوەدانەكان و  سەرچاوەكانیشیان زۆر و زیاتر بوون.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure